ئێمە و کەرەنتینە دوانەیەکی دانەبڕاوین!!

ليست هناك تعليقات


رەزوان یاڵانپێی
خوێندکاری دکتۆرای مێژوو.
-
کەرەنتینە بۆ هاوڵاتی باشور شتێکی تازە و نوێ نیە، بەڵکو سەرتاپای ژیانی لە گەڵ کەرەنتینەدا بوە، بە واتایەکی دی خەڵکی لێرە هێشتا نەگەشتۆتە قۆناغی ژیانی سەرەتایی و ئاسایی کە بزانێت ژیان چۆنە و مامەڵەی دروست و تەندروست لە گەڵ کات و ژیاندا بکات.

لێره ژیانی کەرەنتینەیی زاڵترە به سەر ژیانی ئاساییدا، ئەو ناڕەحەتی و کۆسپانەی کە ڕوبەڕوی هاوڵاتی بونەتەوە، وای کردوە سەرتاپای ژیانی، تەواوی کاتەکانی، تێکەڵ بن بە خەم و دشواری، سروشتی ژیانەکەی کارلێکی کردوە لە گەڵ ژیانێکی کولەمەرگی و داماوی و گۆشەگیری.

وا سی ساڵە ڕەبەقە ڕۆژ و سات و کات و ڕۆژێک نەبوە لە گەڵ کەرەنتینە تێکەڵ نەبوبێت، بۆ نمونە بە درێژایی ساڵانی نەوەدەکان شەڕی براکان دەردێکی بێ دەرمان بوو، کوشندەتر لە نەخۆشیە خراپ و گوازراوەکان، بە ئازارتر لە شێرپەنجە و شەکرە و سیل و تاعون و کۆرۆنا، هەر ڕۆژێک شارێک و گوندێک شەڕێ تێدا ئەنجام دەدرا، خەڵک بە ناچاری لە مەرجەکان و ژێر زەوی و خانوەکاندا نەدەهاتە دەرێ و ترسی لە گولەتۆپێک و هاوەنێک بوو بیکاتە قوربانی شەڕێکی نەگریس، ناچار ژیان لە ماڵەوە بەڕێکات.

بارودۆخی هەرێم لە عێراقی دوای بەعیسشدا، لە قۆناغی شەڕی ناوخۆوە پێی نایە قۆناغێکی مەترسیدار، قۆناغی ئابوری و پارە کۆکردنەوە و بەهەدەر دانی سەروەت و سامانی گشتی، قۆناغی گەندەڵی و ئیفلیجی دەزگاکانی حکومی، شەڕی پۆست و پلەو پایەی ئیداری، مانەوەی حزب و لاواز کردنی حکومەت، دەوڵەمەند کردنی حزب و هەژار خستنی شەقام.

کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیانتوانی لەهەمبەر زاڵبونی نفوزی حزبی خۆ ڕابگرن لە ئەنجامدانی چاکسازی و فەراهەم کردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتی، تا ئێستاش کێشە یەک لە دوای یەکەکانی وەک کێشەی کەمی کارەبا، کێشەی سوتەمەنی، کێشەی ڕێگاوبان، کێشەی ئاو، کێشەی موچە و بودجەی هاوڵاتیان، لە هەمبەر ئەم بێ متمانەییەی حکومەت، ڕۆژێک ڕێگایان بە خەڵک و هاوڵاتی نەداوە بە ڕێگای مەدەنی داوای حەق و مافی خۆی وەک هاوڵاتی بکات، ڕۆژێک روخسەتیان بە خەڵک نەداوە بڕژێتە سەر جادەکان و داوکانی خۆی پێشکەش بکات، هەمیشە بە ڕێکارێکی پۆپۆلیستی ترسناک خەڵکیان کوشتوە و چەوساندۆتەوە و ناچار خەڵک لە ماڵەوە کەرەنتینە بکەن.

دەیبینین چۆن قەڵەمی ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنکار و نوسەران کەرەنتینە دەکرێن، قەڵەمی کام ڕۆژنامەنوس بە ئازادانە نوسیویەتی و بە یەکجاری کەرەنتینە نەکرابێت؟ قەڵەمەکانی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی ..... بە ڕاستیەکی زۆرەوە مەرەکبیان دەڕژاند و نەیانهێشت بگەنە ڕستەی کۆتایی قەڵەمەکانیان شکاند، قەڵەمەکانی دیکەی ئێستا کەرەنتینە کراون و لە چوارچێوەی پیاهەڵدان و پاڵپشتی دەسەڵات و حکومەت وشە ڕیز دەکەن و دەنوسن.

تەنانەت دەنگی خەڵکیش کەرەنتین دەکرێت، داوای ڕەوای خەڵک لە قوڕگ دەنوسرێن، دەنگ بەرز کردنەوە لە ئاست نادادی، لە ئاست دزی و جەردەیی کەرەنتینی بەدوادا دێت، نمونەی زیندو هەڵگرتنی پارێزبەندی ئەندام پەرلەمانەکەی کوردستان لەسەر ئەوەی ڕایگەیاندبوو سەرۆکی حکومەت خاوەن بانکە، بازرگانه، بەبەرچاوی هەموانەوە دەزانرێت کە قسەکانی ڕاست و دروست بون، هاتن دەنگیان کپ کرد و دەیانەوێ دەنگە ئازادەکان بەرتەسک بکەن و کەرەنتین بکرێن.

مەگەر بەرهەمی جوتیاریش کەرەنتین ناکرێت، جوتیارێکی ماندو و ڕەنجکێش بە درێژایی ساڵ بە زستان و بە هاوین، بە گەرما و بە سەرما خەریکی کاری جوتیاریە، ناتوانن بەرهەمەکەی لە ناوخۆدا ساغ بکەنەوە و بەرهەمەکەی یا لەماڵەوە خراپ دەبێت و کەرەنتین دەکرێت، یا بە پارەیەکی زۆر کەم و بە زەرەرێکی زۆرەوە لە بازاڕ ساغ دەکرێتەوە، تەنها لەبەر ئەوەی بەرهەمێکی دەرەکی زۆر دێتە ناوەوە و کەسێکی بەرپرس و دەسەڵاتداری لە پشتە لە بازاڕەکانی کوردستان ساغی دەکەنەوە، بەرهەمی جوتیاری ناوخۆش با لە ماڵەوە کەرەنتین بێت و بگەنێت تا بۆن بکات.

ئێمە فێرین بە کەرەنتین، چینێک لە چینەکانی خەڵکی کوردستان بهێنن کە بەدەست نایەکسانی دەستەڵاتدارانەوە کەرەنتین نەکرابێت، مەگەر کەرەنتین لەمە زیاتر هەیە ڕۆژانە خەڵکی ئێمە بەهەزارەها دەرد لەنەبونی و نەداریدا دەمرێت و زیندو دەبێتەوە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif