ئینستتیوتی پەی: ناكرێ پەرلەمان كەرەنتینەی سیاسی بكرێت

ليست هناك تعليقات

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو تیایدا هاتوە: كۆمەلێك كاری نایاساییش بەناوی یاساو پەرلەمانەوە لەپێناو جێبەجێكردنی ئەجێندا سیاسیەكانیان ئەنجامدەدەن.

دەقی ڕاگەیەنراوەكەی پەی

ناكرێ پەرلەمان كەرەنتینەی سیاسی بكرێت

ململانێ سیاسییەكان خەریكە پەكی پەرلەمانی كوردستان دەخەن و ئەم دامەزراوە گرنگە لەسەر رێڕەوی خۆی لادەدەن، ئەركە سەرەكییەكانی پشتگوێ دەخەن. تەنانەت كۆمەلێك كاری نایاساییش بەناوی یاساو پەرلەمانەوە لەپێناو جێبەجێكردنی ئەجێندا سیاسیەكانیان ئەنجامدەدەن.
دوابەدوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی رۆژی (7-5-2020) پەرلەمان بە بڕیاری ژمارە (4) پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر هەڵگرت، وێڕای ئەوەی ناڕەزایی بەشێك لەپەرلەمانتاران و لایەنە سیاسیەكانی لێكەوتەوە، رێكارەكانی دەركردنی بڕیارەكەش بەڕێڕەوی یاساییدا تێنەپەڕی بوو و كۆمەڵێك خاڵی ناپەیڕەوی لەدەركردنیدا بەدی دەكرا، بۆ ئەم مەبەستە هەم سۆران عومەر یاداشتێكی ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمان كردبوو و هەم ئێمەش وەك ئینستتیوتی پەی لە (23-5-2020) لە یاداشتێكدا خاڵە نایاساییەكانی بڕیارەكەمان دەستنیشانكردبوو و بە ئەركی سەرۆكی پەرلەمانمان زانی وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرد گوایە ناڕازی بووەو ئاگاداری ئەو كارە نایاساییانە نەبووە، پێویست بوو هەڵی بوەشێنێتەوە.
لەئەنجامدا ئەمڕۆ (15-6-2020) دەنگۆی ئەوە بلاوكرایەوە گوایە بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بڕیارەكەی هەڵوەشاندۆتەوە، ئەگەر ئەم دەنگۆیە راست بێت هەنگاوێكی بوێرانەیە و دەبێت هەنگاوەكانی تریشی بەدوادابێت، چونكە تا ئێستا نەكەس ئەو بڕیارەی بینیوەو نە لە هیچ شوێنێكیش بڵاوكراوەتەوە، هەربۆیە لەسەر بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان پێویستە بۆ رەواندنەوەی ئەوگومانانەی ئاماژە بە تێوەگلان و ئاگاداری بەڕێزیان دەكەن لە دەركردنی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندییەكەدا، ئەم هەنگاوانەش بنێت:
1-بڕیارەكە لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی كوردستاندا بڵاو بكرێتەوە، چونكە ئەوەی تا ئێستا باس دەكرێت فەرمی نیە.
2-بڕیارەكە لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی كوردستان بلاوبكرێتەوە، چونكە تا ئێستا كەس نەیبینیوە.
3-وەك فەرمانێك هاوشێوەی بڕیاری ژمارە (4) كە بۆ دادگاكان ناردراوە، بەفەرمی بنێردرێت بۆ دادگا بەمەبەستی راگرتنی بڕیاری پێشوو، چونكە بەپێی بڕیارەكە پارێزبەندییەكە بۆ ناوبراو دەگەڕێتەوە.
ئەگەر ئەم هەنگاوانە بنرێن، راستگۆیی سەرۆكی پەرلەمان و متمانەی بەڕێزیان و ئەو هێزە سیاسییانە دەگەیەنێت كە پاڵپشت و بانگەشەكاری پەیامەكە بوون، بەپێچەوانەوە جگە لەكارتێكی سوتاو كەتەنها بۆ خۆبەپاڵەوانكردن و چاوبەستەكی خەڵكی و بەلاڕێدابردن زیاتر هیچی تر ناگەیەنێت.
كوردستان بە قۆناغێكی سەختدا تێدەپەڕێت، برسێتی و نەبوونی موچەو خراپی گوزەران بڕستی لە هاولاتیان بڕیوە، تارمایی پەتای كۆرۆنا باڵی بەسەر هەرێمدا كێشاوەو رۆژانە زیاد لە سەد كەس توشی پەتاكەدەبن و چەندان كەس گیان لەدەستدەدەن، بە سیستەمێكی تەندروستی خراپ و بایكۆت و مانگرتنی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی مەترسی گەورەتر لەبەردەمدایە، سەرباری لوتبەرزی و لەخۆبایی بوونی بەرپرسانی بەغدا (بەكورد و عەرەبەوە) و عینادی بەرپرسانی هەرێم تەنگژەكان قوڵتر دەكاتەوە، ئەمانەو سەرباری مەترسی بۆردومان و لەشكركێشی توركیاش بۆسەر هەرێم. لەبارودۆخێكی دژواری لەم جۆرەدا، پێویستە پەرلەمانی كوردستان وەك باڵاترین دامەزراوەی سیاسی و یاسایی و شەرعیی هەرێم، كۆكەرەوەی هێز و لایەنە سیاسیە جیاجیان بێت و تەعبیر لە خواست و داواكاری و ئازارەكانی خەڵكی كوردستان بكات و لەئاست بەرپرسیارێتی سەردەمەكەدابێت، یاسای باش دابڕێژێت و چاودێریی وردی دەسەلاتی جێبەجێكردن بكات، نەك خۆی بە بابەتی لاوەكییەوە سەرقاڵ بكات و بكرێت بە ئامرازێك بۆ بەجێگەیاندنی ئەجێندا كاتییەكانی هێزە سیاسییەكان لەسەر حیسابی پێشێلی یاساو پیرۆزییەكانی خەلكی كوردستان و لەئەنجامی بەیەك نەگەیشتنیان دامەزراوەكە كەرەنتینەی سیاسی بكەن و پەكی بخەن.
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
15/6/2020

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif