خامنەیی: ئەمریکا بەهەمان شێوەی فلۆید مامەڵە لەگەڵ جیهان دەکات

ليست هناك تعليقات



رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیێنێت، کوژرانی جۆرج فلۆید لەلایەن پۆلیسێک "زۆر بەبێ رەحمانە و خوێنساردانە"، شتێکی نوێ نییە، بەڵکو ئەوە سرووشتی ئەمریکایە و ئەو وڵاتە بەهەمان شێوەش مامەڵە لەگەڵ هەموو جیهان دەکات.

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە گوتارێکیدا بەبۆنەی ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی ئیمام خومەینی باسی خۆپێشاندانەکانی ئەمریکا بەهۆی کوژرانی جۆرج فلۆید کرد، رایگەیاند، ئێستا هەموو ئەمریکییەکان لە خۆپێشاندانەکانیاندا دەڵێن: رێگەمان بدەن هەناسە بدەین.

خامنەیی باس لەوەشدەکات، ئەو قسەیەی خۆپێشاندەران کە دەڵێن، رێگەمان بدەن هەناسە بدەین، قسەی دڵی خەڵکی هەموو ئەو گەلانەیە کە ئەمریکا بەشێوەکی ستەمکارانە چووەتە وڵاتەکەیانەوە.

ئەو خۆپێشاندانانەی ئێستا لە ئەمریکا دەکرێن کە بۆ رۆژی هەشتەمە بەردەوامن، بەتەنیا پەیوەندی بە کوژرانی ئەو رەشپێستەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە رەگەزپەرستی و ناکۆکیی نێوان سپیپێست و رەشپێستەکانی ئەو وڵاتەوە هەیە کە مێژووەکەی سەدان ساڵ دەبێت.

هەرچەندە ئەوەی لەسەر شەقامەکانی ئەمریکا دەبیندرێت و ناڕەزایی دەردەبڕێت، بەزۆری خەڵکانی رەشپێستن، بەڵام لەنێو خۆپێشاندەراندا سپیسپێستیش هەن و بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و نەهێشتنی رەگەزپەرستی دەنگی خۆیان خستووەتە پاڵ دەنگی رەشپێستەکان، بەڵام ژمارەیان زۆر کەمە و بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.

خامنەیی لە باسی کوشتنی فلۆید دەڵێت، "پۆلیسێک خوێنساردانە چۆکی لەسەر ملی پیاوێک داناوە و لاینەبردووە تاوەکو پیاوەکە مردووە، ئەو پیاوە لێی پاڕاواتەوە کەچی پۆلیسەکە بێڕەحمانە لەسەری دانیشتووە و گوشارەکەی تووندتر کردووە، لەهەمان کاتدا چەند پۆلیسێکی دیکە لەوێ بوون، هیچیان نەکردووە، بەتەنیا سەیریان کردووە".

ئێستا سپیپێستە بەشداربووەکانی خۆپێشاندانەکان لەدژی تووندوتیژییەکانی پۆلیسن بەرامبەر بە رەشپێستەکان، هاوکات داوا دەکەن کۆتایی بە تووندوتیژییەکان بهێندرێت و کۆمەڵگەکان بە ئاشتییانە بەیەکەوە بژین و جیاکاری رەگەزی نەکرێت.

رەشپێستەکانی ئەمریکا تووڕەن لە رەفتارەکانی پۆلیس و سپیپێستە رەگەزپەرستەکانی وڵاتەکەیان بەرامبەریان، داوادەکەن کۆتایی بەو جیاکارییە رەگەزییە بهێندرێت، چیدیکە رووداوی هاوشێوەی کوژرانی جۆرج فلۆید لە وڵاتەکەیاندا دووبارە نەبێتەوە و وەکو خەڵکی پلە دوو سەیریان نەکرێت.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif