ھەولێر و بەغدا گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانیان بێ ئەنجام بەڕێکرد و بەھۆی مەرجەکانی حکومەتی عێراق نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. بەغدا لەبری رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت، داوای رادەستکردنی داهاتی نەوتەکەی کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی عێراق دەیەوێت لە بەرامبەر سەرجەم داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان، تەنیا 453 ملیار دینار بە ھەرێمی کوردستان بدات. بەغدا داوایکردووە لەپاڵ دەروازەی سنووریی ئیبراھیم خەلیل، دەروازەیەکی نوێ بکاتەوە کە راستەوخۆ لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەو داواکارییانە، گوتوویەتی، دەستوور رێگەی بە ھەرێمەکان داوە خۆیان سیاسەتی دارایی خۆیان داڕێژنەوە، نەک ناوەند، ئەوەی ئێوە (بەغدا) داوای دەکات پێشێلی روونی دەستوورە.
ھیشام ئەلداود، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت "ھەمووان دەزانن سرووشتی ئەو کێشانە چییە، بەڵام ئەوەی کە نوێیە و جۆرێک لە راستگۆیی ھەیە، ئەویش ئەوەیە ھەردوو لایەن ھەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن، خاڵی دووەم ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادی ھەست بەوە دەکەن کە لەنێو یەک وڵاتدان، ئەو کێشە داراییانەی ناوەند ھەیەتی پەیوەندیی بە کوردستانیشەوە ھەیە".
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاماژە بەوە دەکات "ئێمە وەکو حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەکو چۆن سەرۆکی حکومەت و شاندە جیاجیاکان کە ھاتوونەتە بەغدا، بۆ لایەنی عێراقیمان دیاریکردووە کە ئێمە ئامادەین بە ھەموو شێوەیەک ھاوکاربین لە چوارچێوە و بنەمای دەستوور و بە رێگەی دانوستاندن، ھەموو بابەتەکان بخەینە نێو گفتوگۆ و دانوستاندنەوە تا بەرەو چارەسەری کۆتایی ببرێت".
لەکاتێکدا کورد چاوی لە جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و چەسپاندنی فیدراڵیی راستەقینە و بەرجەستەکردنی بنەمای هاوبەش لە حوکمڕانیی عێراق بوو، لە ساڵی 2014وە تائێستا کێشەیەکی نوێی بەناوی بودجە و مووچە بۆ زیادبووە، کە بەپێی رەوتی رووداوەکان لە بڕین و نەمانەوە تا ناردنی مەرجدار و کەمکراوی تاقیکراوەتەوە.
Rudaw
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق