كاتێك باس لە سیستەمی كۆیلایەتی دەكرێت مرۆڤ هزری بۆ لای كۆمەڵێك ڕەش پێست دەچێت كە تەنها شۆرتێكیان لە پێدا بێت و بە بازۆڵەی ئەستوورەوە خرابنە سەر بەرزایەك و جاڕچییەك جاڕی فرۆشتنیان بدات و هەر یەكێكیش بیەوێت بە پێی گیرفانی خۆی نرخیان لەسەر دابنێت، یان ئەو كەشتییانە وەبیر بێتەوە كە لە باشووری ئەفەریقاوە پڕدەكران لە مرۆڤی ڕەش پێست و بەرەو كیشوەر ئەمەریكا ڕاپێچ دەكران و لەنیوەی ڕێگاشدا بەشێك لەو كەشتییانە نوقم دەبوون، خاوەنی كەشتییەكە هێندەی لە خەمی دەربازبوونی داروپەردووی كەشتیەكەیدا بوو هێندە بیری لەوە نەدەكردەوە كە ژمارەیەك مرۆڤ گیان لەدەست دەدەن، بەڵگەشیان ئەوەبوو ئەوانە كۆیلەن،كۆیلەبوون بەشێك بووە لەوەی كە مرۆڤ دڵی بۆیان دانەچەڵەكێت و بە لایانەوە ئاسایی بێت بمرن.
مرۆڤی ئەم سەردەمەش پێی وایە كۆیلایەتی سەردەمێك بووە و كۆتایی هاتووە، بەڵام لە ڕاستیدا وانیە، كۆیلایەتی بەردەوامی هەیەو تەنها ئەوەی جیاواز بێت گۆڕینی فۆڕمەكەیەتی ئەگینا ناوەڕۆكی كۆیلایەتی بەردەوامە، نەك هەرگۆڕانكاریی ڕیشەیی بەسەردا نەهاتووە، بەڵكو هونەری كۆیلایەتی شكڵ و شێوەی نوێی بە خۆیەوە گرتووەو دەكرێت بگوترێت هەندێكجار
بەپێی راپۆرتەرۆژنامەوانیەكان ئێستا زیاتر لە 45 هەزار مرۆڤ لەسەرانسەری جیهاندا بە فەرمی بەندەن و دوو لەسەر سێی ئەو ژمارەیەش لە كیشوەری ئاسیادان، بە پێی سەرژمێرییەك كەلەساڵی 2016 دا ئەنجام دراوە بەندایەتی ئەم سەردەمە بەهۆی توندوتیژیی، هەڕەشە، ناچاریی، خراپ بەكار هێنان، سوودوەرگرتن لە دەسەلات و درۆو خەڵەتاندن كارەكانیان پێدەكەن.
ئەو بوارانەی كە بەندەكانی تێدا كۆبوونەتەوە پێنج سێكتەرن و لە هەریەكێك لەو سێكتەرانەشدا ژمارەیەك بەندە كاری تێداد دەكەن بەم شێویەی خوارەوە:
پیشەسازیی ماسی:
ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەكەن كە لەنێو كشتی و بەلەمەكانی ماسیگرتن دا بە قاچاخ ژمارەیەك لەو بەندانە بەناچاریی كاریان پێدەكرێت، ئەو كەسانەش بە جۆرێك بەكار هێنراون كە بە هیچ شێوەیەك دەستیان بە وشكانی ناگات بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت خۆیان دەربازبكەن. ئەمە جگە لەوەی هەركەس بیرلەوە بكاتەوە هەڵێت یان خۆی بدات بەدەم ئاوەوە بۆ ئەوەی خۆی دەربازبكات، یەكسەر دەكوژرێت.
تایلەند بە سێیەم وڵات دێت بۆ هەناردەی بەرهەمە دەریاییەكان لەسەر ئاستی جیهان، ئەوان تاوانبارن بە ڕاگرتن و بەردەوامی پیدانی كۆیلایەتی ئەو پیاوانەی كە بە زۆر ڕایانگرتوون وكاری ماسی گرتنیان پێدەكەن، لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە كە لە بۆرماو كامبوجەوە كڕین و فرۆشیان پێدەكرێت هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە لە هەوڵی ئەوەشدان كەئەو جۆرە كڕین و فرۆشتنەی كۆیلەكان كۆتایی پێبهێنن بەڵام سەركەوتوو نەبوون.
ژمارەیەكی زۆر لە قوربانییەكان باس لەو دەكەن كەسانێك هەن كاری دەڵاڵی و كارئاسانی بۆ كۆیلایەتی دەكەن و بەپێی هەندێك لەسەرچاوەكان ئەوان لەسەرەتاوە دەخەڵەتێنن و بەناوی مووچەو ژیانی باشەوە دەبرێنە ناوكارەكەو بەڵام دواجار سەری لە شتێكی دیكەوە دەردەچێت كە كۆیلایەتییە. بە پێێ وتەی یەكێك لەو پیاوانەی كە لە میانمار لە دەستی ماسیگرەكان دەربازیی بووە باس لەوە دەكات ئەویان ناچاركردووە ك رۆژانە 20 كاتژمێر كاری بەردەوامی ماسیگرتن بكەن، بە پێیی وتەكانی ئەو هەركەس لەو كەسانە بیەوێت خۆی دەربازبكات و پێی بزانن دەست وقاچی دەشكێنن بۆ ئەوەی توانای هەڵاتنی نەبێت، خۆ ئەگەر بزانن هەر سوورە لەسەر ڕاكردن یان بۆ جارێكی دیكە بیەوێت ئەو كارە بكاتەوە دەیكوژن !
كیڵگە كشتووكاڵی مادەی هۆشبەر
بە پێی ئامارەكان ۱۰،۰۰۰ تا ۱۳،۰۰۰ هەزاركەس لەنێو وڵاتانی بەریتانیا دا هەیەو لە بنەڕەتدا خەڵكی وڵاتانی ئەلباینا، نەیجیریا، ڤێتنام و رۆمانیان وبەشێوەی نایاسایی قاچاخ براونەتە ئەو وڵاتە، بە پێی سەرچاوەكان لە نێو كیڵگە كانی كشتوكاڵی –مادەی هۆشبەر- و نایاسایی و سەنتەرەكانی دا كاریان پێدەكرێت ، بە پێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەكان بەو مێرمنداڵانە گوتراوە ئەگەر بیانەوێت واز لەو كارە بهێنن ئەوا كەس و كارەكەیان ئازاردەدرێن و تووشی كێشەیان دەكەن.
یەكێك لەو كەسانە كاتێك چووتە بەریتانیا تەمەنی تەنها 16 ساڵ بووە، ئەو بەو ئومێدەوە رۆشتووە كە پارەیەك پەیدا بكات و بینێرێتەوە بۆ كەس و كارەكەی، بەڵام ڕێی لەو كیڵگەیە كەوتووە، ئەو دەڵێت بیرمە یەكەمجار چوومە ناوكارەكە بەدڵم نەبوو، بە كەسێكم گوت كە لەوێ كاری دەكرد، ئایا دەتوانم ئەم كارە وازلێبێهنم لەبەرئەوەی حەزم لەكارەكە نییە؟ ئەو گوتی ناتوانیت، لێت دەدەن، برسیت دەكەن، زیندانیت دەكەن و لێت دەگەڕێن تا لەبرسانا بمریت. بەڵام كاتێك پۆلیس هێرشی كردە سەر ناوچەكە، دەستگیركرا، ئەویان بە تۆمەتی بەرهەم هێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیركرد، بەڵام لەبەر ئەوەی تەمەنی منداڵ بووە ڕادەستی ئەنجومەنێك كراوە كە تایبەتە بە هاوكاریی كردنی منداڵانی قوربانی و كاریان ڕێگریی كردنە لە توندوتوتیژیی بەرامبەر منداڵان و لەو ڕێگەیەوە توانیویەتی ئازادیی خۆی بەدەست بهێنێت.
كۆیلەی سێكسی
رێكخراوی كاری نێو دەوڵەتی باس لەوە دەكات كە نزیكەی 405 ملیۆن قوربانی كاری وەبەرهێنان دەكەن لە بواری سێكس دا، ساندرا ورینتو كە چالاكوانێكی بواری نەهێشتنی قاچاخچێتی مرۆڤە، لە ساڵی 2001 دا بە زۆر خراوەتە بوارەكەوە، ساندرا باس لەوە دەكات كاتێك لە ئەندەنوسیاوە چووەتە ئەمەریكا، لەناو فڕۆكەخانەدا كەوتووەتە بەر هەڕەشەی گروپێكی چەكدارو ناچاریان كردووە لە بواری لەشفرۆشیدا كار بكات. ئەو دەڵێت: من 30 هەزار قەرزاریی ئەو گروپەم، بۆ ئەوەی بتوانم قەرزەكانم بدەمەوە ناچارم هەموو جارێك جەستەی خۆم بفرۆشم لەبەرامبەر تەنها 100 دۆلاردا. دواجار ساندرا توانی سەركەوتوو بێت و پەیوەندیی بە دەزگای –ئێف بی ئای-یەوە بكات و ئەو گروپە دەستگیر بكات و ئەویش دەربازیی ببێت لەو باندەی قاچاخچێتی بە مرۆڤەكانەوە دەكەن. بە پێیی سەرچاوەكان بوونی ئەو جۆرە گرووپانەو بە كۆیلەكردنی سێسكسی مرۆڤ لە زۆر شوێن و وڵات بوونی هەیە.
سواڵكردنی ناچاریی:
بە پێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەكان تاوانبارانی گەورە هەن كە منداڵان و هەندێك لە ژنان لە ئەوروپا ناچار دەكەن بە سواڵكردن، لە كیشوەركانی ئاسیا، ئەفەریقا، ئەمەریكای باشوور و بەشێكی زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن و ئەو كەسانە بە شێوەیەكی ڕێكخراو كارەكانیان پێدەكرێت و دواتر پارەكانیان لێوەردەگیرێت ، یەكێك لە قوربانییەكان گوتوویەتی هەرچەندە من سواڵ دەكەم و پارە پەیدا دەكەم بەڵام هیچی بۆخۆم نیەو ئەوەی پەیدای دەكەم دەبێت ڕادەستی بەرپرسەكەمی بكەم، تەنانەت شوێنی خەوو خواردنی پێویستیشمان نادرێتێ.
یەكێكی دیكەشیان باس لەوە دەكات كە ئەو ناتونێت هیچ زانیارییەك بدركێنێت لەو بارەیەوە لەبەر ئەوەی لەژێرچاودێری بەرپرس و گەورەكانیدایەوە زۆریش لە داهاتووی خۆی دەترسێت، بەڵام تەنها ئەوەندە هەیە كە لە دۆخێكی خراپدایە.
لە پشتی دەرگای ماڵەكانیش هەن
یەكێك لە جباوازییەكانی كۆیلایەتی ئەم سەردەمە لە گەڵ كۆیلایەتی سەردەمی كۆن ئەوەیە كۆیلەكان دەشاردرێنەوە، ناهێڵن كەس پێیان بزانێت و بەجۆرێك ڕەفتاریان لەگەڵ دەكەن كە بەشاراوەیی بمێننەوە، لەم دواییانەدا سێ خێزان ئاشكرا بوون لە بەریتانیا كە لەنێو ماڵەكان و لە نێو حەوشەی ماڵەكاندا كاری قورسیان پێكراوەو لەبرامبەریشدا پارەیەكی زۆر كەم و كمێك خواردنیان پێدراوە.
مایكڵ هاگز 46 ساڵ باس لەوە دەكات ماوەی 20 ساڵە بۆ بنەماڵەیەك كاری بیناسازیی و چاككردنی ڕێگە دەكات، ئەو دەڵێت ناچاریان كردووم لەنێو گەنجینەیەكی باخێكدا بمێنمەوەو بخەوم كە پانییەكەی كەمتر بووە لە مەترونێوێك، بە بێ ئەوەی هیچ گەرم كەرەوەو فێنك كەرەوەیەكم بۆ دابین كرابێت و تەنانەت ئاوی بۆریشی تێ نەبراوە. لە هەمان كاتدا پیاوێكی بەریتانیش دەستگیركراوە لەبەر ئەوەی خێزانەكەی خۆی ناچاربە مانەوە و كاركردن بە زۆر كردووە لە ماڵەوە.
بە پێی وتەی لێكۆڵەرانی ئەو دۆسیەیە، ژنەكە ئازاری جەستەی و دەروونی دراوە، هاوسەرەكەی ناچاری كرووە كە كاری قورس ئەنجام بدات و بۆیشی نەبووە بە هیچ شێوەیەك بچێتە دەرەوە.
نەك تەنها ئەو چەند نموونەیە، ئەگەر لە بنەڕەتدا بیرۆكەی كۆیلایەتی لەوەوە هاتبێت كە چینێك لە مرۆڤەكان بۆ ئەوە دروستكراون لە خواریی ئەوانی ترەوەبن، یان ژمارەیەك تەنها بۆ خزمەتكردن ئافەرێندرابن و ژماریەكی دیكەش بۆ ئەوەی خزمەت بكرێن، ئیتر ئەو مانا فەلسەفی و قووڵەكەی كۆیلایەتی یەوە بەردەوامی هەیە، ئەگەر بۆ ئەو مەبەستە تەنها یەك نموونەش دەستبكەوێت، ئەوەی لەونموونانەی پێشوودا باس كران بۆ ئەوە بوو لە ڕووی پراكتیكییەوە بڵێین كۆیلایەتی بەردەوامی هەیەو دیاردەیەكی مێژوویی نیەو كۆتایی هاتبێت.
لە پەیسەرپرێس بڵاوكراوەتەوە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق