دەقی ڕاگەیەنراو و بڕیاری نوێ لە پارێزگای هەولێر

ليست هناك تعليقات


دەقی راگەیەندراوەكە: 

ڕاگەیەندراوێک لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێرەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە 2020.6.2، بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیار و ڕاسپاردانەی خوارەوە:- 

یەکەم/ بەناوی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە پێویستی دەزانین سوپاس و ستایشی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر بکەین، کە بەهەق نموونەیەکی جوان و شارستانیان لە پابەندبوون بە بڕیار و ڕێنماییەکانی قەدەغەی هاتوو چۆ نیشاندا و ئێمەیان سەربەرز کرد. 

دووەم/ دوای ئەو کۆبوونەوەی کە ئەمرۆ لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێزان وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرجەم پارێزگارەکانی هەرێم و سەرپەرشتیارانی یەکە ئیدارییەکان و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاکان ئەنجامدرا، لەبەر بەرژەوەندی و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان بڕیاردرا لە سبەی 2020.6.3 کاتژمێر (6)ی ئێوارە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لەناو شارەکان کۆتایی پێبهێنرێت. 

سێیەم/ سەرجەم دوکان و بازاڕ و ئەو شوێنانەی کە پێشتر بۆ خزمەتی هاوڵاتییان کرابوونەوە دەکرێنەوە بە مەرجی جێ بەجێ کردنی ڕێنامایی خۆپارێزی تەندروستی وورد کە بۆ هەر سێکتەرێک کۆمیتە و لێژنەی تایبەتمەند لەلایەن فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ بەدوا داچوون و چاودێریکردن و جێ بەجێ کردنی ئەو ڕێنماییانە پێکهێنراوە، بۆیە داواکارین هەموو هاوڵاتییان و ئەو شوێنانەشی کە کاردەکەن پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەر شوێنێک پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. 

چوراەم/ ڕاگرتنی هاتوو چۆ بەشێوەیەکی تەواو لە نێوان سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم و پارێزگاکانی تری عێراق، بەپێی خاڵی یەکەمی بەیانی ژمارە(38)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا کاتژمێر (12)ی شەوی 2020.6.6، بەداخراوی دەمێنێتەوە.

پێنجەم/ هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، هەموو توانای خۆمان لەپێناوی پاراستن و پارێزگاریکردنیان خستۆتەگەڕ، بەهەموو شێوەیەکیش لە هەوڵەکانمان بۆ خۆپارێزی و پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و بەدوورگرتنی هاوڵاتیانمان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامین، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو قۆناغەدا مەترسیدارە و لە تەشەنکردن دایە و سەرچاوەی تەشەنەکردنەکەشی نادیارە، تووشبوانی ئەم دوایەش بەم ڤایرۆسە حاڵەتەکانییان ناجێگیرە و سەرچاوەی توشبونییان نادیارە، بەداخەوەش لەشارەکەماندا بەو هۆیەوە دوو هاوڵاتی گیانییان لە دەستدا، بۆیە داواکارین و تکا لە هاوڵاتیانی شارەکەمان دەکەین پابەندی بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بن و زۆر هەستیارانە مامەڵە بکەن و خۆیان بەدووربگرن لە شوێنە قەرەباڵغەکان و دەستکێش و دەمامک ببەستن، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی شارەکەمان و سەلامەتی هاوڵاتییانی. 

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif