بەهۆی پەتای کۆرۆنا، مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار بۆ ماوەی دوو مانگ دواخرا و، بڕیاردرا لە کۆتایی مانگی نیسانی 2020 سازبکرێت.
بڕیاربوو لە 28-2-2020 مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار بەڕێوەبچێت، بەڵام پەتای جیهانیی کۆرۆنا بووە هۆی داخستنی سینەماکان و راگرتنی کاری سینەماکاران لە سەرانسەری جیهان.
رۆژی دووشەممە، ئەکادیمیای هونەر و زانستەکانی سینەما کە ساڵانە مەراسیمی ئۆسکار سازدەکات، بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی ماوەی پاڵاوتنی فیلمەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکار و، هیوای خواست بەو هەنگاوە کاتێکی زیاتر بە فیلمسازان بدات بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی فیلمەکانیان کۆتایی پێبهێنن و بڵاوی بکەنەوە.
بڕیاری سازکردنی مەراسیمەکە لە 25-4-2020 لەکاتێکدایە هێشتا زۆربەی سینەماکانی ئەمەریکا بەهۆی پەتای کۆرۆنا داخراون و، لە لۆسئەنجلس و زۆربەی شوێنەکانی دیکەی جیهان، کاری وێنەگرتنی فیلم وەستێنراوە.
بڕیارەکە وەکو وەڵامدانەوەیەکیشە بۆ ئەوانەی ترسیان هەبوو لەوەی بەهۆی کەمیی فیلمە بەرهەمهێنراوەکانی ئەمساڵ، رەنگە کێبڕکێی بەهێز نەبێت.
پێشتر مەراسیمی ئۆسکار سێجار لە ساڵانی 1938 بەهۆی هەڵسانی لافاو لە لۆسئەنجلس، 1968 دوای کوشتنی مارتن لوسەر کینگ و لە ساڵی 1981ـیش بەهۆی هەوڵی کوشتنی سەرۆکی ئەمەریکا رۆناڵد ریگان، دواخراوە بەڵام هەرگیز دواخستنەکە لە یەک هەفتە زیاتر نەبووە و ئەم دواخستنەوەی ئەمساڵ بێ پێشینەیە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق