گرێ ی حەفتەر

ليست هناك تعليقات


پەیكار عوسمان
-
ئایدۆلۆژیا وەکو مەکینە گەورەکەی گەمژەکردن، لەڕاستیدا بۆ گەمژەکردنەکە کارێکی ئەوتۆ ناکات. تەنیا ڕقت بۆ ئەخاتە جێگای بیرکردنەوە. ئیتر تۆش لە عەقڵەوە سەیری دنیا ناکەیت و شتەکان ناهێنیتە ناو بیرکردنەوە، بۆ هەڵهێنجانی ئەنجامێکی دواتر. بەڵکو لە ڕقەوە سەیری دنیا ئەکەیت و هەر لە سەرەتاوە بە بڕیارێکی پێشوەخت مەسەلەکان ئەبڕێنیتەوە.

تەبعەن ئایدۆلۆژیا لەکارەکەیدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە. چونکە لەسەر جووتپەتی (تەمەڵی و عاتیفە) یاریی ئەکات، کە هەردوکیان زۆر کاریگەرن و مرۆڤ ئەگەر بە ئاگا نەبێت، بە سروشت و نائاگایی خۆی، مەیلێ بۆیان هەیەو لەڕاستیشدا جگە لە کاتی هۆشیاریی، کاتەکانی تر، ئەو دووانەو چەن غەریزەیەك ئاشی مرۆڤ ئەگێڕن!

مەسەلەن ئایدۆلۆژیا حەزی تەمەڵیی مرۆڤ تێرئەکاو ئێ مرۆڤیش پێ ی خۆشە، بێ عەزێت و بیرکردنەوەکەی ئەمسەر، نەتیجەکەی ئەوسەری بدەیتێ!

مەسەلەن ئایدۆلۆژیا لایەنی عاتفی مرۆڤ کۆنترۆڵ ئەکاو سەریشی ئەخا بەسەر لایەنەکانی تریداو ئیتر مرۆڤێکی تاکڕەهەند ئەمێنێتەوە کە تەنیا ڕەهەندی عاتیفەی ئیش ئەکا. تاکڕەهەندێتی عاتفیش ڕێك یەکسانە بە دەمارگیریی و ئا لێرەوەیە کە ئایدۆلۆژیستەکان دەمارگیریشن!

عاتیفەکەش هەر ئەوەیە کە ئایدۆلۆژیا دنیات بۆ ڕەش و سپی ئەکاو فریشتەیەك و شەیتانێکت بۆ ئەهێڵێتەوە. دەی ئەمەش عەقڵی ناوێ و تۆ کە بکەویتە ئەو دوڕیانەوە، ئاسایی هەر بە حەزو عاتیفە سپی هەڵئەبژێریت و ڕەش ڕەتئەکەیتەوە. ئەو دۆخەش کە عەقڵی ناوێ، ئایدۆلۆژیا بۆیە ئەیخولقێنێ، بۆ ئەوەی تۆ هەر کۆیلەو ڕۆبۆت و چەپڵەکوتی ئەوبیت. ئاخر تۆ تەنیا لە غیابی عەقڵدا ئەتوانی وابیت!

(ڕەنگاوڕەنگیی و عەقڵ) پاکێجێکەو (ئایدۆلۆژیاو ڕەش و سپی) پاکێجێك. ئایدۆلۆژیا کە لە ڕەنگاوڕەنگیی ئەدا، لەوێوە لە عەقڵ ئەداو ڕێك ئەتخاتە ئەو دۆخەی کە عەقڵ پێوست نیە. لەوێدا تۆ ئازادی و ئیختیاریشت نامێنێ، چونکە هەڵبژرادن لەنێوان ڕەش و سپی، لەڕاستیدا هەڵبژاردن نیەو خودی ناچارکردنە. چونکە کە لایەك ڕەشبوو، ئیتر تۆ ناچاریت سپی هەڵبژێریت!

یەعنی ئەوەی کە ئەتباتە دوڕیانی ڕەش و سپی، تەنیا عەقڵت لێناسەنێتەوە، بەڵکو ئازادیش! دەی عەقڵ و ئازادیش پاکێجێکەو تۆ ئیرادەو کەرامەت و تەواوی بوونی مەعنەویت لەوێوە ئەهنێت. کە ئەوێت نەما، ئیتر ئیرادەشت نەماوەو کەرامەتیشت پێشێلکراوەو لە بوونیش تەنیا مادەو بۆدییەکەت ماوە، کە ئەوانیتر هەڵیئەسوڕێنن.

هەموو ئەمانەو بەخۆشت نازانیت! چونکە ئایدۆلۆژیا خۆی یەکسان ئەکا بە عەقڵ و ئازادی و ئا لێرەوەیە کە ئایدۆلۆژیست سەرەڕای نەمانی عەقڵ و ئازادی، کەچی هەمیشە خۆی پێ عاقڵ و ئازادە. ئەسڵەن لەوێدا خۆتت ئەونە پێ عاقڵە کە نەسیحەتی ئەوانیتر بکەیت و خۆتت ئەونە لا ئازادە، کە خەبات بۆ ئازادی ئەوانی کۆیلە بکەیت!

ئاخر ئەگەر گەمژەیی ئایدۆلۆژیی نەبێت، تۆ بۆ لەو دوورەوە خۆتت قانیاوە بە ڕقی حەفتەر؟ ئاخر دنیاکەی خۆت ڕقی کەم تیایە تا لە دەرەوە ڕقی بۆ هاوردە بکەیت؟ 

بە دیوەکەی تردا، ئەگەر گەمژەیی ئایدۆلۆژیی نەبێت، بۆ لەو دوورەوە حەفتەرت لێبووە بە پاڵەوانی ئازادی؟ ئاخر دنیاکەی خۆت لە فشەپاڵەوانی کەم نیە، چیت داوە لە فشەپاڵەوانی دنیای دوور؟

پێش هەرشتێ هەموومان مرۆڤین و پێش هەر شوێنێکیش، خەڵکی ئەم هەسارەیەین. یەعنی ئاساییە هەر شتێکی هەر شوێنێکی گۆی زەوی، بۆمان گرنگبێ و بیهێنینە ناو "بیرکردنەوە". بەڵام ئاسایی نیەو گەمژەییە هەرشتێکی هەر شوێنێك بهێنینە ناو "ڕق". چونکە بیرکردنەوە خۆی چاکەو چاكئەکەین کە شتەکان بەرینە ناوی. بەڵام ڕق خۆی خراپەو خراپ ئەکەین کە شتەکان ببەینە ئەوێ! 

یەعنی ئاساییەو چاکە، بە هەرشتێك بیرکردنەوە زیاد بکەین. بەڵام ئاسایی نیەو خراپە، بە هەر شتێك ڕق زیادو ئیزافە بکەین.

لە بەرژەوەندی و ململانێ و هاوکێشەکان تێئەگەم و لەوە تێئەگەم کە وەکو کوردێك حەزئەکەی ئەردۆگان بدۆڕێ. بەڵام لەوەیان تێناگەم کە بە شان و باڵی حەفتەرو سیسیدا هەڵئەدەیت!

لەوە تێئەگەم وەکو ئیخوانێك، حەزبکەی ویفاق سەرکەوێ. بەڵام لەوە تێناگەم کە شتەکەت کردوە بە عوقدەی شەخسی و ئەڵێ ی حەفتەر باوکتی کوشتووەو دایکتی لاقەکردوە؟!

بۆ تێناگەم؟ وەڵا تێگەم لەوەی کە ئایدۆلۆژیا هیچی وەکو خۆی بۆ گرنگ نیە. هەموو شتێکی لەوەدا بۆ گرنگە کە چەنێك لەگەڵ شەڕەکانی ئەودا یەتەوەو نایەتەوە. لێرەشدا تەنیا ڕاستی ئەبێتە قوربانیی. ئاخر ڕاستی شتێك جیایە لەوەی کە ئەو شتە بۆ تۆ باشە یان خراپ.

مەسەلەن لە ئایدۆلۆژیادا، ستەمکاریی وەکو خۆی کێشەکەو مەوزوع نیە. لەوێدا کێشەیە، کە ستەمکارەکە لەگەڵتا نەبێ و دژتبێت! 

ئاخر ئەگەر حەقیقەتی سیسی ستەمکارییە، حەقیقەتی ئەردۆگانیش هەمان شتە. ئەگەر حەقیقەتی ئیمارات و سعودیە فەسادەو ئەوەیە کە نیوەی تێچووی کاولکاری ناوچەکە ئەدەن. حەقیقەتی قەتەریش هەمان شتەو ئەویش نیوەکەی تری تێچووی کاولکردنی ناوچەکە دابین ئەکات. بەڵام حەقیقەت و ئایدۆلۆژیا کوجا مەرحەبا؟

لە ئایدۆلۆژیادا ستەمکاری و فەسادو کۆی شتەکان، بە حەقیقەت و بە خودی شتەکە ناپێورێن. بە (لەگەڵ و دژ) ئەپێورێن. کە ئەمەش پێوەرێکی نائەخلاقییەو لێرەوەیە کە ئایدۆلۆژیا کێشەی ئەخلاقیی هەیە!

یەعنی ئەو فەسادەی کە لەگەڵمە فەساد نیەو ئەو ستەمەی کە لەگەڵمە ستەم نیە. تەنیا ئەوە ستەم و فەسادە کە دژمە. 

لە ئایدۆلۆژیادا ستەمکاریی ئەوەنیە کە ستەمکارییە، ئەوەیە کە دژە. عەدالەت ئەوەنیە کە عەدالەتە، ئەوەیە کە لەگەڵە. 

یەعنی ستەمکاری و عەدالەت خۆیان نین و شتێکی ترن. دەی کێشەی دنیاش هەرئەوەیە کە شتەکان خۆیان نەبن و شتێکی تربن!

دەی کاری ئایدۆلۆژیاش هەر ئەوەیە کە شتەکانت لێبکات بە شتێکی ترو کاری عەقڵیش هەر ئەوەیە کە شتەکانت بۆ بکاتەوە بە خۆیان.

ئایدۆلۆژیا بۆ بنیاتنانی وەهمەکەی، پێویستی بە ڕقەو ڕقیش بکوژو پێچەوانەی بیرکردنەوەیە. تۆش بۆ گەڕان بۆ ڕاستی پێویستت بە بیرکردنەوەیەو بیرکردنەوەش بکوژو پێچەوانەی ڕقە. 

یەعنی بەکورتی، کاری عەقڵ ئەوەیە وەهمەکەی ئایدۆلۆژیا بکاتەوە بە ڕاستی و کاری ئایدۆلۆژیا ئەوەیە کە ڕاستییەکان بکات بە وەهمەکەی خۆی. لەو نێوانەشدا هەڵبژاردن بۆ تۆیە. بەڵام ئەو هەڵبژاردنە هەرگیز ئاسان نیە. چونکە ئایدۆلۆژیا هەمیشە ئەتخاتە ئەو دۆخەی، کە ئەگەر وەهمەکەی ئەو هەڵنەبژێریت، ئیتر خائین و کافریت. هەمیشە سایکۆلۆژیای زۆرینەیەکیش ئامادەیە بۆ ئەو تەکفیرو تەخوینە. ئا لێرەوەیە کە باجی عەقڵ و ئازادی و ڕاستی هەمیشە قورسە!

ئینجا ڕق و پیاهەڵدانی حەفتەر، لە هەردوکیان گەڕێ، هەی حەفتەر بە کونی عەقڵت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif