كورد وگفتوگۆ (مفاوەزات)..؟

ليست هناك تعليقات


بێرون عمر فتاح
سەرۆكی بزووتنەوەی چاكسازی نیشتمانی
-
گفتوگۆ كردن پرۆسێسێكە لە نێوان هێز و لایەنە ناكۆكەكان ئەنجام دەدرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری ناكۆكیەكان بە شێوازێكی دور لە شەڕ و بەكارهێنانی هێزی سەربازی،نكۆڵی لەوە ناكرێت گفتوگۆش شێوازێكی خەباتە ،كەمجار ڕویداوە لە ئەنجامی شەڕی دولایەنی دژ بەیەكدا یەكێكیان ئەوی تریانی لەناوبردێت ,بەڵكو ناكۆكی و گرفتەكان لە ئەنجامی گفتوگۆ و دانوستان چارەسەر كراون .گەلی كورد شانبەشانی خەباتی چەكداری گفتوگۆ و دانوستانی ئەنجامداوە ,بەڵام داگیركەرانی كوردستان هەمیشە فاكتەری گفتوگۆیان بۆ تێكشكاندنی ڕاپەڕین و شۆڕشەكانی كورد سود لێوەرگرتووە , بەڵام گەلی كورد ڕەوتی مێژوویی گفتوگۆ و دانوستانەكانی وەك بەشێك لە خەباتی ڕزگاری نیشتمانی پەرە پێداوە و ویستویەتی لەو ڕێگایەوە بەبێ خەباتی چەكداری مافەكانی وەدەستبهێنێت

لەهەندێك قۆناغ و سەردەمیشدا ئاستی زۆر بڵند و پێشكەوتوی بە خۆیەوە بینیوە ,بەڵام ئەوە دوژمنانی كورد بوون ڕۆحی ئاشتیانە و خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی كوردیان قبوڵ نەبوە و سودیان لە دەرفەتی گفتوگۆ وەرگرتوە بۆ خۆسازدان و پیلانگێران و هێرشی سەربازی . قۆناغەكانی گفتوگۆ و مفاوەزاتی گەلی كورد بەردەوام بووە و پێش شۆڕش و خەباتی چەكداری بە گرنگیەوە لە خەباتی سیاسی و دبلۆماسی ڕوانیوە ،لە سەردەمی مەلیك مەحمودی كوردستان و پێشەوا قازی و شوڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێ گرنگی بەگفتوگۆو خەباتی سیاسی دراوە ،لەگەڵ دروستبونی دەوڵەتی مەلیكیەت لەعێراقداو پاشان كۆماری و هاتنەسەر كاری بە قۆناغی بەعسیەكان ,هەمیشە كورد (دەستپێشخەر یان قبوڵكەری) گفتوگۆ و مفاوەزات بووە ,بە ئاراستەی چارەسەر كردنی كێشەكان و وەدەستهێنانی مافەكانی بەبێ شەڕو خوێنڕشتن ،بەڵام لایەنی بەرامبەر هەمیشە گفتوگۆی بۆ پیلانگێڕان بەكارهێناوە ,هەر ئەو هۆكارانە وای كردووە كە دەڵێن (كورد ئەوەی لەشەڕ بەدەستی دێنێت بە گفتوگۆ و مفاوەزات لەدەستی دەدات) دەسەڵاتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق هەمیشە لەكاتی گرتنە دەستی دەسەڵاتدا و بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیان داوای وتوێژ و مفاوەزاتیان لە گەلی كود كردوە,وەك گەلی براو هاوبەش و شەریكی ڕاستەقینە لە دەستوردا ناویان هێناوە بەڵێنی گەورە و گرنگیان پێداوە بۆ سەلماندنی مافەكانی,

بەڵام پاشان كەوتونەتە بیانوو پیلان دانان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ و پەلاماردانی گەلی كورد ,شۆڕشی ئەیلول لە ژێر پەردەی مفاوەزات و ڕاگەیاندنی بەیاننامەی (11) ئازاردا و سەرقاڵكردنیان بەو پرسە بەپیلانی نەگریسی (پەیماننامەی جەزائیر )شۆڕشەكەیان لەناوبرد و كۆتاییان پێهێنا ،پاشان لە دەستپێكی شۆڕشی نوێدا چەندین جار هەوڵی وتوێژ دراوە و هیچ ئەنجامێكی نەبووە .لەدوای ڕاپەڕین و لە ساڵی (1991)گفتوگۆ و وتوێژی ڕاستەوخۆ لە نێوان ڕژێمی سەدام و گەلی كورد ئەنجامدرا هیچ ئەنجامێكی نەبوو ،سەرەڕای ئەوەی ڕژێمی ئەوكاتەی بەعس لە قۆناغێكی زۆر لاواز و نالەباردا بوو بەڵام نەچووە ژێر بار و داخوازیەكانی گەلی كورد . گفتوگۆ یان (مفاوەزات ) لە دنیای سیاسەتدا لەڕوانگەی ( زەمین و زەمانێكی ) بەهێزەوە حسابی بۆ دەكرێت، هێز بەواتای یەكگرتووبێت و یەكیەتیت هەبێت ,پاشان خۆت بناسیت ،وە دوژمن و نەیارەكە شت بناسیت ، لە هەمانكاتدا دۆستەكانیشت بناسیت ,پاشان ستراتیژ و تاكتیك و بەرنامەت ڕون و دیاربێت .ئەمانە هەموو بنەمان بۆ سەپاندنی هێزلە گفتوگۆدا .گەلی كورد دەیان ساڵە شۆڕش و خەبات دەكات ڕۆڵەكانی دەكاتە قوربانی كەچی هەمیشە لە پای مفاوەزاتەكاندا بەرەو دواوە دێت و دەگەڕێتەوە چوارگۆشەی یەكەم

ئەو ئەزمونەی كورد دەیان ساڵە هەیەتی و ئەزموونی كردووە لە قۆناغەكانی خەباتی گفتوگۆدا هیچ سودوو پەندێكی لەو مێژووە وەرنەگرتووە ,بڕینی دەیان قۆناغ و ئەزمونكردن لەگەڵ دەسەڵاتدارێتیە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لەڕوی خەباتی چەكداری و پاشان خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی كەلە چەند بارەبونەوەی وتووێژدا ،داواكانیشی چەند بارەیە ، ئەم دۆخەی ئێستای گەلی كوردستان ئەزمونێكی تاڵی ترە لەگەڵ (دەسەڵاتی نوێی عێراقی )بەشێوازو فۆرمی ترەوە ، بەوپێیەبێت چەند شۆڕشی تر بكرێت و هەزاران شەهید و قوربانی تر بدرێت ڕۆژمان لە ئێستا باشتر نابێت .كورد دەبێت یەقینی هەبێت یەكگرتوو بێت ویەكتر قبوڵبكەن و هاوكاری و پشتیوانی یەكبن ،چونكە بە پێی ئەزمونی ڕابردوو هیچ ڕێگەیەكی تر لە بەردەمیدا نیە ,نە لەڕوی گۆڕانكاری لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و زلهێزەكاندا و نە گۆڕانكاری لە عەقڵیەت و سایكۆلۆژیای دەسەڵاتدارێتی عێراقدا .بۆیە پێویستە لەبەرامبەر وەها بارێكدا یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستی و ئاشتكردنەوەی جەماوەر و هاوڵاتیان و یەكخستنەوەی ماڵی كورد بكرێتە بنەمای بەهێز و كاریگەری پرۆسەی وتوێژو و مفاوەزات لەبەرامبەر دەسەڵاتدارێتی عێراق لەلایەك و وتوێژ لەگەڵ دۆستەكان وزلهێزو بەرژەوەندخوازەكانی دنیا لەلایەكی تر ,چونكە وتوێژەكانی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی عێراقی گۆڕانكاریەكی جەوهەری بە خۆیەوە نەدیوە بەرامبەر بە ڕابردوو، جگە لەوەی چەند قۆناغ و هەل و مەرجێك لەدەستچوو یان لەدەستدرا بەڵام عەقڵیەت و بیركردنەوەی دەسەڵاتدارێتی عەرەبی عێراقی هەمان بیركردنەوە و تێڕوانینی دەیان ساڵی ڕابردووە بەرامبەر بەمافەكانی گەلی كورد، لەسادەترین وێنەدا بەم شێوەیە دەبینرێت ،لەكاتی لاوازی و ناسەقامگیریدا گەلی كورد برا و هاوبەش و خاوەنی عێراقە ،بەڵام لە كاتی بەهێزیدا ,كورد دەبێت ملكەچ و وابەستە و زوڵمڵكراو بێت لە ماوەی ڕابردودا كورد بە شۆڕش و خەباتی چەكداری دۆخەكەی چۆتە پێش و بە گفتوگۆ و مفاوەزات گەڕاوەتەوە چوارگۆشەی یەكەم ,دانوستان و گفتوگۆكانی ئێستای حكومەتی هەرێم و عێراق هەمان شێوازی وتوێژ و مفاوەزاتی دەسەڵاتدارانی پێشوە بەڵام لە فۆڕمی جیاوازدا ,كەلەهیچ بارێكی دەستوریدا نایەنە ژێر بار بۆ سەلماندنی مافەكانی گەلی كورد ،كۆتایی هێنان بەو كێشەیەی كە سەد ساڵە گەلی كورد و عێراق و ناوچەكەش پێوەی دەناڵێنێت كە ئێستا زۆر خاڵی چارەسەری كێشەكان لەنێو دەستوری عێراقدا چەسپێنراوە بۆ چارەسەر كردن بەڵام بە بیانوی جیاواز و برسیكردن و وەخت بەڕێكردن درێژەی هەیە لەم قۆناغەوە بۆ قۆناغێكی تر .بەهیوای ئەوەی كورد ئەزموون وەربگرێت و یەكگرتوو یەكدەنگ بێت بۆ دابینكردنی ماف وبەدەستهێنانەوەی خاك و ژیانی خەڵكی كوردستــان .

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif