جارێكی تر لەشكركێشی توركیا

ليست هناك تعليقات


بورهان شێخ رەئوف
-
لە كاتێكدا ڤایرۆسی نەگریسی كۆرۆنا هەموو جیهان و تێكڕای مرۆڤایەتی كردۆتە ئامانج و ژیانی خەڵكی ئیفلیج كردووە، ئابووری جیهانی شەكەت و وێران كرد و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی قەتیس كردووە، مەراسیم و سروتە ئاینییەكانی وەستاندووە ‌و ئەگەر زۆرێك لە شەڕ و ململانێ ئیقلیمییەكانی نەوەستاندبێت، ئەوا خاویكردوونەتەوە.

لە ئاوا بارودۆخێكدا دەوڵەتی توركیا كە خۆشی یەكێكە لەو وڵاتانەی گیرۆدەی ڤایرۆسەكە بووە و قوربانی و توشبووی زۆریشی هەیە، كەچی لە چەند رۆژی رابردوودا لەشكركێشییەكی گەورە و رێكخراوی بە فەرماندەیی و سەرپەرشتی وەزیری بەرگری و فەرماندەی هەموو بەش و بەشە جیاجیاكانی سوپای توركیا هەر لە ئاسمانی و وشكانی دەستپێكردووە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و باكووری عیراق.

پاساوی لەشكركێشییەكە
ئەمە یەكەمجار و دواجاریش نابێت دەوڵەتی توركیا بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی ستراتیجی وڵاتەكەیەوە سەروەری خاكی عیراق پێشێل دەكات و خەڵكی سڤیل دەكاتە ئامانج. ئەمە ئەگەر لە رواڵەتدا وابێت، ئەوا ئەم پرسە مانا و مەدلولی مێژوویی و سیاسی و چاو چنۆكانەی قوڵی هەیە و لەلایەك باسی میساقی میللی دەكەن و لەلایەك ولایەتی موسڵ لە عیراق و حەلەب لە سوریا بە بەشێكی خاكی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەڵوەشاوە دەزانن.

جگە لەوانەش، ئێستا دەوڵەتی توركیا سوپاكەی لە نۆ وڵات بڵاوەپێكردووە، هەر لە قوبرس، لیبیا، قەتەر تاوەكو سوریا و عیراق ‌و شوێنی تریش، هەر هەمان مەبەستی زیندووكردنەوەی سەروەرییەكانی دەوڵەتی عوسمانییە و ئاكەپە بە هاوكاریی مەهەپەی نەژادپەرست كە بەگوێرەی دوا راپرسییەكان لە توركیا ئاستی جەماوەرییان زۆر دابەزیوە ‌و سەرەتاكەشی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی پێشووی شارەوانیی ئەستەنبوڵ و گەورە شارەكانی تری توركیا، دەركەوت كە شكستی گەورەی بە دەستهێنا و خودی ئەردۆغان دەیوت ئەوەی حوكمی ئەستەنبوڵ بكات ئەوا حوكمی هەموو توركیا دەكات، بۆیە ئێستا لە رێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنانەوە كە بە ناوی چنگی پڵنگی یەك و دوو و چنگی هەڵۆوە ناوزەد كراون، دەخوازن باڵانسی جەماوەرییان بەرزبكەنەوە و كێشە و قەیرانەكانی ناوخۆیان بۆ دەرەوە بنێرن.

لەلایەكی ترەوە، ناونانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە ناوی ئاژەڵی دڕندەوە، ئەوە بە گوێی سەرجەم جیهان و ناوچەكەدا دەدات كە سوڵتان یاسای دارستان پیادە دەكات و بەهێزەكان، بێهێزەكان لووش دەدەن.

كاردانەوەكان 
حكومەتی عیراق وەكو ئەركی سەرشانی خۆی و بەو پێیەی كە پاراستنی سەروەریی خاكی عیراق بە هەرێمیشەوە لە چوارچێوەی دەستەڵاتەكانیدایە، تا ئێستا وێڕای ئیدانە و ناڕەزایی توند دووجار باڵیۆزی توركیای لە بەغدا بانگهێشتكردووە، بۆ گەیاندنی نیگەرانییەكانی و سەرەڕای ئیدانە و نیگەرانیی فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران. هەرچەندە ئەو هەنگاوانە وەكو پێویست نین و دەخوازێت رێكاری توندتر و ئازایانەتر بگرنەبەر، بەڵام لێرەدا بۆ ئێمەی چاودێرانی سیاسی، بارودۆخی عیراق گومانێكی گەورە سەرهەڵدەدات لە سەردانی هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) دوو رۆژ پێش ئۆپەراسیۆنەكە بۆ بەغدای پایتەختی عیراق، بۆ بوونی جۆرێك لە هەماهەنگی لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا كە ئەمەش بە درێژایی مێژووی ئەم دوو وڵاتە بوونی هەبووە، كە دژ بە كورد و ئایندەی و مافەڕەوا و دەستوورییەكانی بوون.

هەروەها بوونی هێزی توركی لە هەرێمی كوردستاندا هەڕەشەی گەورە و جددییە بۆ سەر ئایندەی هەرێمی كوردستان و مانەوەی وەكو قەوارەیەكی فیدراڵی نیمچە سەربەخۆ، كە تاوەكو ئیستا هێزی چەكداری حكومەتی ناوەندی لێ نییە، دەكرێت ئەم بوونەی توركیا پاساو و رێخۆشكەر بێت بۆ هێنانی هێزی فیدراڵی عیراق لە ئایندەدا.

لە كۆتاییدا، باشترە بۆ دەوڵەتی توركیا پەنا بۆ دانوستان و رێكاری سیاسی ببات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نەوەك بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی و چنگی پڵنگ دەنووكی هەڵۆ و شێر و فیل و… تد.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif