پارێزگاری هەولێر: خۆمان نەپارێزین، مەترسییەکی گەورە دەبێت

ليست هناك تعليقات


رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا پێینایە قۆناخێکی نوێ؛ تیمێکی چاودێریی بازاڕ و چێشتخانەکان لە هەولێر، بە 14 خاڵی رێنماییەکانیان شوێنە گشتییەکان، بازاڕ، نانەواخانە، چێشتخانە، هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان بەسەردەکەنەوە و دوایین هۆشدارییان بۆ پابەندبوون پێدەدەن.

یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان بۆ خۆپاراستن بەستنی ماسک، لەدەستکردنی دەستکێش و دوورکەوتنەوەیە لە قەرەباڵخی. لە سنووری پارێزگای هەولێر هەڵمەتێک بۆ دابەشکردنی 150 هەزار دەمامک بە خۆڕایی دەستیپێکردووە.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر دەڵێ "لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کراوەن، ئەگەر هاونیشتمانییانی سنووری پارێزگای هەولێر خۆیان نەپارێزن، ماسک نەبەستن و لە شوێنی قەرەباڵخ دوورنەکەونەوە، مەترسییەکی گەورە دەبێت".

کۆمەڵگە دابەشی دوو بەرە بووە، بەشێکیان پابەند نین و بەشێکیان پابەندن بە بەستنی ماسک و رێنماییە تەندروستییەکان.

وریا محەممەد کاسبکارە و دەڵێ "هەوڵمداوە خۆم بپارێزم، چونکە رۆژانە کڕیارێکی زۆر دێنە لامان، پێویستە خۆمان بپارێزین بۆ پاراستنی کەسووکارمان و دەورووبەرمان".

لەنێو شاری هەولێر هێشتا ژمارەیەک لە بازگەکان ماون، بەڵام بۆ قەدەخەی هاتووچۆ نا.

لە دهۆک تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارەی رۆژی 4ی حوزەیران قەدەخەی هاتووچۆ بەردەوامبوو، لە سلێمانی و هەڵەبجەش کە کۆرۆنا تووندتر یەخەی خەڵکەکەی گرتووە، رێکارەکانی خۆپارێزی تووندترکراون، لیژنەکان بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بەسەردەکەنەوە، هەر کەس و لایەنێک پابەندنەبێت سزادەدرێت بە پێبژاردن یان داخستنی شوێنەکەی.

دکتۆر کامەران حەسەن، نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێ "دوای نەمانی قەدەخەی هاتووچۆ، ئێمە رێکارەکانمان تووندتر کردووە، هەر کەسێک پابەندنەبێت بە رێنماییەکان سزادەدرێت". 

دوای هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ، ئێستا ئەرکی سەرەکیی خۆپاراستن لە پەتا جیهانییەکە لەئەستۆی خودی خەڵک خۆیەتی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif