گوڵاڵە سدیق - شارەزای ئابووری و بانك
-
١ــحکومەتی عێراقی بەنیازە لەڕێی بانکی ناوەندی عێراقییەوە بەهای دراوی نیشتمانی نزم بکاتەوە بەرامبەر دراوی بیانی بە چەند یەکەیەک.
ئەم کردارەش بۆ زیاتر بەدەستهێنانی دراوی نیشتمانییە و دوبارە بەکارهێناتەوەی بۆ ئەو کورتهێنانەی بودجەیە کە بەرۆکی گرتوە.
ئەم کردارەش کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر دابەزینی نرخی دراوی نیشتمانی و لەدەستدانی متمانەی لەناو خەڵکدا، ئەمە جگە لە بەرزبونەوەی نرخی کاڵا و شتومەک بەتایبەت ئەوانەی هاوردە دەکرێن، وە دەبێتە هۆی پوکانەوە بەهۆی گرانبونی نرخی مادە سەرەتاییەکانی کاڵا هاوردەکانەوە دروست دەبێت.
لەبارودۆخێکی وەک عێراق کە دامودەزگاکانی دەوڵەت لە ئەداکردن لاوازن و بارودۆخی ناوخۆی وڵات سەقامگیر نیە، ئابورییەکی بەهێزی نیه، کەمکردنەوەی بەهای دراوی نیشتمانی لێکەوتە نەرێنییەکانی زیاترە.
پرسی کورتهێنانی بودجە پێویستە چارەسەر بکرێت لەڕێی چاکسازی هەیکەلی، کە ئامانج لێی زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و زاڵبون بەسەر خەرجییە بێ بەرهەمەکان و چارەسەری هەمو ئەو گرفتانەی کە لە سیاسەتی گشتی ( ئابوری و بازرگانی و دارایی و وەبەرهێنان) هەیە، پێش ئەوەی هانا بۆ کەمکردنەوەی بەهای دراوی نیشتمانی ببرێت.
بەڵام سەرەڕای هەبونی هەمو لێکەوتە نەرێنییەکان، حکومەتی عێراقی بە چارەسەرێکی هەنوکەیی دەزانێت بۆ زاڵبون بەسەر بەشێک لەو قەیرانەی کورتهێنانە کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە توشیهاتوە.
٢ــبەپێی یاسای بانکی ناوەندی عێراقی سەبارەت بە کڕین و فرۆشتنی دولار، بانکی ناوەندی عێراقی بەیاسا ڕێگەی داوە بە بانکە ئەهلییەیەکان لەکاتی فرۆشتنی دروای بیانی بە بازرگان و هاوردەکەرەکان دەتوانن بڕێک قازانج بخەنە سەر ئەو دولارەی کە لەبانکی ناوەندی کڕیویانە.
وە بەپێی یاسای باجی دەرامەتی عێراقی کە لەساڵی ١٩٨٢ دەرچوە و پاشان گۆڕانکاری تێداکراوە، حکومەت باج دەخاتە سەر ئەو قازانجە بەدەستهاتوەی کە بانکە ئەهلییەکان لەڕێگەی فرۆشتنی دولارەوە بەدەستیانهێناوە، بەجۆرێک بڕی باجەکە بەڕێژەی %١٥ ی کۆی قازانجی بەدەستهاتوە.
حکومەتی عێراق لەپاش روخانی سەدام حوسێنەوە لە ڕێگای بانکی ناوەندی عێراقییەوە هەستاوە بە فرۆشتنی دولار بەم شێوەیە:
یەکەم رۆژی دولار فرۆشتن لە بەرواری ٥/١/٢٠٠٤ بە گوژمەی ٢،٠١٠،٠٠٠ دولار دەستی پێکرد هەتا بەرواری ٢١/٥/٢٠٢٠
١٩٠،٤١١،٥٥٩ دولار فرۆشراوە
ئەگەر بانکە ئەهلییەکان بەڕێژەی قازانجی %٢ ئەم دولارانەیان فرۆشتبێت، ئەوا کۆی گشتی قازانج بۆ بانکەکان دەکاتە:
١٩٠،٤١١،٥٥٩ * %٢ = ٣،٨٠٨،٢٣١ دولار قازانج بۆ بانکەکان
بڕی باج بەیاسا دیاریکراوە %١٥
٣،٨٠٨،٢٣١ * %١٥ = ٥٧١،٢٣٤ دولار باج بۆ حکومەت
لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوو، حکومەت هیچ بڕە باجێکی وەرنەگرتوە، لەئێستادا بۆ وەرگرتنەوەی ئەم شایستە داراییە حکومەت بەنیازی کردنەوەی سندوقێکە بۆ وەرگرتنەوەی ئەم داهاتە کەڵەکەبوە و بەکارهێنانەوەی وەک نەختینەیەک بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە توشیهاتوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق