فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی ڕاگەیانراوێكی سەبارەت بە بڕینی بەشێكی موچەی خەڵك و دەڵێ: ئێوە ئەهلی چاكسازی نین، چاکسازی بڕینی دەستی دزە نەک موچەی خەڵک
دەقی ڕاگەیەنراوی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
جارێکی دیکە و وەک چاوەڕێمان دەکرد، حكومهت دەستیکردەوە بە بڕینی قوتی خەڵک و دزینی بەشێک لە موچەکانیان لەژێر ناوی چاکسازییدا .
بە بیر هەموو خەڵکی کوردستان و موچەخوراوانی دەهێنینەوە، بەرپرسیارێتی ئەو ستەمکارییەی بەناو حکومەت لە دژتان ئەنجامیدەدات، دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی دەنگیان بە یاسای چاکسازیدا و لە ڕێگەی یاساوە بوونە بەشێک لەو ستەم و تاڵانییەی کە خۆی لە بڕینی موچەی خەڵکدا دەبینێتەوە !
بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان ڕۆڵی خۆی بگێڕێ و بەبێدەنگبوونی نەبێتە بەشێک لەو ستەمکارییەی بەرامبەر خەڵک دەکرێت، موچە بە یاسا ڕێکخراوە حکومەت ناتوانێ لەژێر هیچ ناو و پاساوێکدا دەست بۆ بڕینی ببات!
ئێمە ساڵانێکی زۆرە هاوار دەکەین کە چاکسازیی بە کەس و دەسەڵاتی چاک و پاک دەکرێت، ئەوانەی ٢٩ ساڵە خەڵک هەژار و خۆیان و خزم و کەس و بنەماڵەکانیان دەوڵەمەند دەکەن، نە ئەهلی چاکسازیین نە بۆ ئەوە دەشێن کە حوکمڕانیی بکەن .
چاکسازیی دەبێت لە پرۆسەی نەوت و گێڕانەوەی داهاتەکەی بێت بۆ خەڵک و خەزێنەی گشتی، و كۆنتڕۆڵكردنی خاڵه سنووریهكان و دهرهێنانیان له چنگ حزب و بنهماڵه و كۆمپانیاكانیان ,لە بڕینی ئەو سەدان هەزار بندیوارەی حزبەکانی دەسەڵات دەبێت کە بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی گەندەڵیان ئەوانەیان کردۆتە بار بەسەر خەڵک و هەر موچەخۆرێکی ڕاستەقینە باجی بندیواری یەکێک لەو حزباتە دەدات !
ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی پشتگیری تەواوی کەمکردنەوەی موچەی پلە باڵاکان و بڕینی ئیمتیازاتە ناشەرعییەکانیان دەکەین، بە توندیش دژی بڕین و کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی ڕاستەقینەین و ئەو دەسەڵاتەی هەرێمیش مافی ئەوەی نیە دەست بۆ ئەو بابەتە بەرێت .
هەروەک پشتگیریی سەرجەم موچەخۆران و فەرمانبەران دەکەین و نابێ ڕێگە بدەن ئەم هەوڵەشیان وەک هەموو گەندەڵییەکانی ٢٩ ساڵی ڕابردوویان بۆ بچێتەسەر .
فراکسیۆنی کۆمەڵ
لە پەرلەمانی کوردستان
٢٢ ی حوزەیرانی ٢٠٢٠
هەولێر
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق