" وەیل بۆ ئەو کەسەی مرۆڤ دەدات بە دەستەوە، ئەو هەر لە دایک نەبوایە باشتر بوو " عیسای مەسیح
لە مێژوی مرۆڤایەتیدا بە بەردەوامی خیانەت ڕویداوە بە فۆڕم و شێوازی جیا جیا، بەڵام بە ناوبانگترین و بە ئازارترین خیانەت ماچکردنی
مەسیح بوو لەلایەن "یەهوزا" وە هەروەها خەنجەرەکەی "برۆتۆس " بوو لە یۆلیۆس قەیسەر. "یەهوزا" یەکێک بوو لە دوانزدە هاوەڵەکەی مەسیح بەڵام ئەو لەگەڵ یەهودەکاندا ڕێککەوت کە مەسیح بدات بەدەستەوە لەو دارستانەی کە تیایدا کۆبونەوە بۆ ناسینەوەی مەسیحیش "یەهوزا" بڕیاریدا کە ماچێکی بکات بەمەش یەهودەکان دەیناسنەوە کە ئەوەیان مەسیحە، هەر چی "برۆتۆس" ە لە شەڕێکدا دژ بە قەیسەر وەستایەوە بەڵام شکا لەگەڵ ئەوەشدا قەیسەر لێی خۆش بوو وە کردی بە " ئەندام پەڕلەمان " ! دواتر پلانیان داڕشت بۆ کوشتنی قەیسەر و
"برۆتۆس" لە پشتەوە خەنجەری لە قەیسەردا ،قەیسەر لێرەدا قسە هەرە بەناوبانگەکەی کرد کە بە برۆتۆسی وت بە زمانی لاتینی"Et tu Brute! " واتا " تەنانەت تۆش برۆتۆس" کە ئەمەیان خەنجەرە کوشندەکە بوو.
لە شانۆگەری "یۆلیۆس قەیسەر" ی شکسپیردا کاتێک دەگاتە سەر دیمەنی کوشتنی قەیسەر بۆ یەکەم جار و دوا جار لەو شانۆیەدا کارەکتەری قەیسەر بە لاتینی دەڵێت "Et tu Brute! " لێرەدا شکسپیر بەربەستی کات و شوین دەبڕێت و دەمان باتەوە ساتە وەختی ڕاستەقینەی خیانەتەکە و دەیەوێت بڵێت ئەمە چرکاساتێکی گەردونیە و هەزاران جار خۆی دوبارە دەکاتەوەو وەک حەقیقەتێک خۆی بەیان دەکات.
لە ڕاستیا بە هۆی بوونی فۆڕمی جیاوازەوە، خیانەت پێناسەیەکی دیاریکراوی نیە، بەڵام یەکیک لە فۆڕمەکانی خیانەت بریتیە لە خیانەتی گەورە (High treason الخيانة العظمى ) کە ڕاستەوخۆ لە دەستوری وڵاتەکاندا هێمای بۆ کراوەو لە زۆرێکیاندا تەنها تاوانە کە پێناسەی بۆ کراوە بەڵام هەمویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەو فۆڕمەی خیانەتە کە لە نیشتمان دەکرێت، چونکە نیشتمان هەموو شتێکت پێ دەبەخشێت لەبەر ئەوە هیج بەهانەو پاساویک نیە بۆ خیانەت لێکردنی.
لە کوردستاندا دوو کەس ناکۆک نین لەسەر ئەوەی کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان – تەنانەت ئەوەش کە خۆی ناوناوە ئۆپۆزسیۆن – گەندەڵ و خراپە کارن و شایەنی دادگایی کردن و ڕیسوا کردنن ، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەو حیزبانە یەکسان نین بە کوردستان، کوردستان موڵکی ئەوان نیە، ڕۆژێک دێت ئەوان هەر دەبێت بڕۆن – درەنگ یان زوو – بەڵام کوردستان هەر دەمێنێتەوە.
بۆیە خیانەت کردن بەبیانوی ئەوەی کە ئەوان گەندەڵن پاساویکی بێ بنەمایەو جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵک – کە لە ئێستادا خەڵک لە حاڵەتێکی دەرونی خراپدایە – هیچی تر نیە.
کەس لە ئیوە بە دراوسێکەی ئەڵێت وەرە ماڵەکەم بۆ تۆ چونکە منداڵەکانم خراپن؟! کەس ماڵی خۆی دەسوتێنێت لەبەر ئەوەی منداڵەکانی باش نین؟! کەس دایکی خۆی دەکوژیت لەبەر ئەوەی براکانی خائینن؟! ئاخر بە کوستنی دایکت تۆش نابیتە خائین و گەمژەش؟!!!!
پێمان ناڵێن ئەگەر قەوارەی کوردستان نەبێت ئێوە چۆن دەبنە ئەندام پەرلەمان؟!
هەموو بانگەشەیەک – بە هەر بیانوویەک – بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بانگەشەی خیانەتی گەورەیە.
تۆ کێیت تاوەکو خوێن و فیداکاری ئەو هەموو شەهیدو ئەنفال و کیمیابارانە نادیدە بگریت؟ تۆ کێیت تاوەکو ئەو هەموو جوامێرییەی شەهیدەکان بخەیتە ژێر پێت ؟ کێ تۆی کردوە بە نوێنەری پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە تا وەکو بڵێیت گەردنی سەددام حسێن ئازاد بیت؟!
نەک تۆ بەڵکو هەموو کورد ناتوانێت لە سەدام خۆش بیت چونکە ئەوە پەیوەندی بە ویژدانی مرۆڤایەتیەوە هەیە، هەر چۆن جوولەکەکان مافی ئەوەیان نیە لە هیتلەر خۆش بن .
کاکی ڕەحمەتیم دەیگێڕایەوە " کاتیک لە دادگای شۆڕش (محكمة الثورة) ی ڕژێمی بەعس دادگایی دەکران لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕیێی ڕێکخستنەکانی ناو شار، کاتێک دادوەر " بەندەر عەواد" حوکمی لە سێدارەدانی " مامۆستا عبداللە " ی خوێندەوە مامۆستا نە بەچۆکدا هات و نە گریاو نە وتی من دەبمە نۆکەرتان بەس مەمکوژن ، بەڵکو پێڵاوەکەی دادەکەنێت و دەیگرێتە دادوەرو پڕبە دەنگ هاوار دەکات " ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زبان ... " ئەو کات مامۆستا " عبداللە " تازە منداڵێکیان بوو بوو ، ئاخر ئێوە بە خیانەت دەبنە ڕووڕەشی بەردەم هەزارەها منداڵ کە باوکیان قارەمانانە گیانیان فیدای کوردستان کردووە.
لە هیتلەریان پرسی ناشرینترین کەس کێیە بەلاتەوە وتی " ئەوانەی دێن بۆ لام خیانەت لە نیشتیمانەکەیان دەکەن "
تەنانەت ئەوەی خیانەتی بۆ دەکەیت بە چاوی نزم و سوک سەیرت دەکات ،ئێوە نەک لەبەر دەم هاونیشتمانیەکانتان دەبنە خائن بەڵکو لەبەر دەم دوژمنەکانیش دەبنە قێزەونترین مرۆڤ.
ئێوە دانی ڕۆکراوی بەردەم تەڵەیەکی نەتەقیون کە درەنگ یان زوو گسکتان لێدەدرێت و دانی تر دەخەنە جێگەتان.
ئێوە سەربازی بێ ناونیشنی شەترنجێکن کە دەکرێنە قوربانی مەلیک، ئێوە کەوی ناو قەفەسن و لە دارستانێکدا ڕاوتان پێدەکەن.
هێشتا درەنگ نیە، من بم لە بری ئێوە دەچمە بەردەم پەیکەرەکەی " عمری خاوەر" یان دەچمە سەر گڵکۆی "منداڵە ئەنفال" کراوێک و داوای لێبووردن دەکەم، بەڵام ئەگەر نەتانکرد ئەوا دڵنیام ڕۆژێک لە رۆژان – ئەگەر بۆتان هەڵبکەوێت – بە ماچێک کوردستان دەدەنەوە دەست دوژمن و دوا خەنجەری خیانەت لە پشتی دەدەن بەڵام ئەو کات بۆ هەتا هەتایە ئێوە دەبنە " یەهوزا و برۆتۆس " ی کوردستان.
"مەرگی ئاواناگۆڕمەوە بە سەد ژین، ژینێ سەرم بۆ دوژمن بێ بە پەرژین
سەربەرزیە کە پیڵاوم ئەبینم بەسەرسەری دوژمنەوە لە بەرزین " شەهید مەلا عەلی
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق