بەرمیلێک خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا، بە ٣٧ دۆلار و ٧٧ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی هەینی نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە ٣٥ دۆلار و ٣٧ سەنت و رۆژەکەشی بە ٣٥ دۆلار و ٣٣ سەنت تەواو کرد، بەڵام کاتژمێر ٢٣: ٠٩ی بەیانی ئەمڕۆ، نرخی نەوت لەسەدا ٦،٩ بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینی و گەیشتە ٣٧ دۆلار و ٧٧ سەنت.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٣٥ دۆلار و ٤٧ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لەئێستاشدا چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی نێوان رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت "OPEC" و وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکەن کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا ساز بکرێت.
پێشتریش وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە بڕیاریاندابوو رۆژانە ٩،٧ ملیۆن بەرمیل کەم بکەنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەشی کە کۆمپانیای خزمەتگوزاری کەرتی نەوت "Baker Hughes" بڵاوی کردونەتەوە لە هەفتەی رابردوودا، سەکۆکانی هەڵکەندنی بیرەنەوتی ئەمریکا بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی ١٥ سەکۆ کەمی کردووە و بووەتە ٢٢٢ سەکۆ، ئەمەش ١١ هەفتەی یەک لەدەوای یەکە سەکۆکانی هەڵکەندنی بیرە نەوتی ئەمریکا کەم دەکەن.
چاوەڕوان دەکرێت پێشهاتەکانی تایبەت بە گرژییەکانی نێوان چین و ئەمریکا کە خاوەنی گەورەترین ئابووری جیهانن کاریگەری لەسەر جێگیرکردنی نرخی نەوت هەبێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق