ئەدەبی توندوتیژیی و شەقامە خوێناییەکانی ئەمەریکا

ليست هناك تعليقات

ماجد خلیل
-
دوو ژن (ئەجاسا کریستی) ئینگلیز و (مارگرێت دۆراس)ی فەڕەنسا بەنموونە

مرۆڤی ئەم سەردەمە، هەمیشە مرۆڤێکی نائارامەو پەلەیەتی. مرۆڤی ئەم سەردەمە مرۆڤێکی گینسییە، دەیەوێ درێژترین نینۆکی هەبێ و گەرەکییەتی بەبەرزترین لوتکەی شاخا هەڵزنێ و حەزدەکا لیترێ ویسکی بنێ بە سەرییەوەو چۆڕەی لێبڕێ و پێیخۆشە لە قاوەخانە قەرەباڵخەکاندا خۆی بتەقێنێتەوە.

مرۆڤی ئەم سەردەمە پەلەیەتی، بۆی بکرێ هەرچی ترافیکی شارە دەیکات بەسەوز و بۆی بلوێ هەینییەکان لە هەفتەیەکەوە دەکاتە رۆژێ ناڕۆژێ و دەرەقەتی بێت، ئەو شۆفێرە پیرە کەوڵدەکات، کە چاوەڕێیە ئۆتۆبوسەکەی پڕبێت جا بڕوات!

هەمیشە ئەدیب و ئەندێشمەندەکانی مەزنەکانی مرۆڤ، نەقیزەیەک بوون بەدووی ئەسپەسەرشێتەکانی ژینگەی ئەوڕۆوە.

بەدرێژایی سەدەی رابردوو، هەموو ئەدیب و ئەندێشمەندەکانی خۆرئاوا، چاوێکیان لەسەر رێگەی لەشکرو پۆلیس و هەواڵگریی و داگیرکاریی و جەنگ بووە.

لێرەوە لاموجیمی ناوێ کە ئێمە پێشینانمان پەروەردەی رق و رۆحی تۆڵەو بەهانەی بێمانای شەڕۆشۆڕ بوون.

بەڵێ ئاشتی لەهیچ کونجێکی ئەم هەسارەیەدا بستێ زەوی و کونجی کولبەیەکی نەبووەو نابێ.

ئەوەتا یەکێ لە نەرمونیانترین خانمە خۆشمەشرەبەکانی بەریتانیا و دیارترینی دنیای ئەدەب، بە رۆمانە بێڕەحمەکانی جیلە جەوانەکانی سەدەی بیستەمی خۆرئاوای فێرکرد، چۆن گەمەی لەشجوانی بکەن بۆ ئەوەی بۆگز بوەشێنن!

فێریکردن چۆن لەکاتی سەرمەستیدا خۆیان رووتکەنەوەو دەستدرێژی بکەنە سەر یەکتریی.

ئەجاثا كريستی Agatha Christie کە بەپاشای تاوان ناوی دەرکردبوو، لە نوسینە بەناوبانگەکانی (بەفری سەر سارا، رۆمانی تاوانەکان، نهێنی تاوان، لوغزی شەمەندەفەرە شینەکە..هتد) کە لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم لە ئەوروپا باوبوون، بازووی بەهێزی بێڕەحمییەکانی جەنگە جیهانییەکان بوون. رۆمانی هەیە بۆ سەد زمان وەرگێڕاوەو ملیارێ نوسخەی لێوەشانکراوە.

ئەم خانمە راستە ژنانی هۆشیارکردەوە، وەلێ هەمیشە لەقەی دەدا لەو شیرەی کە ژنبوون شانازی پێوەدەکرد، بۆنموونە دەیگوت: سوپاس بۆخوا کە ژنم، ئەگینا دەبوو هاوسەرگیریی لەتەک ژنێکدا بکەم و بەناچاری لەژێر سەقفێکدا لەگەڵ ژندا بژیم. یاخود دەیگوت، تا زاڕۆن هاوسەرگیریی بکەن، چون کە بوونە خودانی عەقڵ و ئاوەز، ئیدی هاوسەرگیریی لە عەقڵمەند ناوەشێتەوە. ئیدی لەسەر ئەم ریتمە رێگایەکی پڕ سەرکێشی و قەیرانی قیرتاوکرد بۆ نەوەیەکی خۆرئاوایی.

بەدڵنیاییەوە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەوڕۆ لە تیکتۆکەوە تا ئینستای سەرزاری جاهێڵەکان، هێندەی ئەوکات سیحری بڵاوبوونەوەیان نەبەخشیوەتە دەربڕین و وێنەو چاولێگەرییەکانی.

بەڵێ ئەوکات رۆمانەکانی خاتو کریستی رێک سناپی سیاسەتی ئێستا بوون.

ئەو خاتونە لەسەروەختی ماندێتی عێراق و سوریادا ئێرەی بینیوەو ماوەتەوە، چون هاوسەرەکەی یەکێ لە مەزنە شوێنەوارناسەکانی سەدەبوو.


کارەکانی رۆمانی دادگایی و کۆشکی فرانس کافکا با بووەستێ، چلۆن زاڕۆی خۆرئاوا لە بری داری دوو داری دی، لەیەکەم هەنگاوی پاش بێشکەوە، ئیدی چاوی بەڕووی زەردی کافکاو نەریتە نائومێدەکەی ئەدەبیاتی ئەودا دەکرایەوە. ئەو پیاوەی نوسخەیەکی خۆی لە شکڵی سادقی هیدایەتدا ناردبووە ئێران و لەوێیش کەلتوری خۆکوژی خێراکردبوو.

مارگرێت دوراس Marguerite Duras کە خانمێکی فەڕەنسی بوو، لە رۆمانی (هێرۆشیما لەگەڵ خۆشەویستی)دا دیسانەوە لاوانی فەڕەنسای تێگەیاند چۆن لە شۆڕشی خوێندکارانی شەستەکاندا ئاگر لە پارک و باخچەکانی پاریس بەربدەن.

ئەدەب بەگشتی و فلم و سینەما بەتایبەتی، هەمیشە سێبەری سیاسەتی خۆرئاوا بوون. ئەوەتا دەبینین سینەمای ئەمەریکی وەکو دەڕاسەیەک بەرهەمی سەدەیەک لە پەیامی فلمە ئەکشنەکانی خۆی دەدورێتەوە.

ئەوەتا دەبینین هۆڵیۆد لە چیقەڵدانی چینەکانی ئەمەریکادا دەڕشێتەوەو یەکپارچە کەلەپچەو زنجیرو کەللەی سەرو جنێوی لێدێتە دەرێ. ئەوەتا یانە شەوانەکانی نیویۆرک و تەکساس و شیکاگۆ کە لەکاتی ژواندا، لەبری مۆسیقای رۆمانسی، رامپ و موسارەعەیان نومایاندەکرد، دەبینین چۆن بوونەتە کەشێکی بەهاری بۆ سەوزبوونی عەسابەو عیفریت و عەنتەری سەر شەقامەکان.

ئەمڕۆ جیهان لەلایەن نەوەیەکەوە خاوەندارییەتی دەکرێ کە سکی قۆڕەی دێ لە مرۆڤایەتی و وەفاو ئەمەکداریی.

ئەمڕۆ سوچی قەیرانەکان لەدەستی چنگێکی برسی وەک کۆرۆنا نییە، بەڵکو چنگی رەگەزپەرستی، بەخۆی و هەموو نینۆکە خوێناوییەکانییەوە تاوێ لە ئاوازێکی دڵهەژێنی کوردەواری دەچەقێ، چون چەمەکە چەقەڵ داگیریکردووەو قەڕنی قولەقولی ئەوانەو گۆرانی وەک چەکوشکاریی دێتە بیستن. تاوێکیش دووا هەناسەی رەشپێستێک، کە لەسێبەری کۆشکی سپیدا گەرەکیەتی حەوێتەوە دەخنکێنرێ.

ئەمڕۆ جیهان لەسەر ئاگرێکی ناگەهاندایە، ئاگرێک بە فووی ئەدیب و نوسەرو سیاسی و هونەری قێزەونی سەدەی بیستەم هەڵگیرساوە، ئاگرێک بە فوی حاخام و قەشەو مەلاو دەلەیلاماکان کڵپەی سەندووە، ئاگرێک بە فووی فەرهەنگی مرۆڤ، مێژووی دەگەشێنێتەوە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif