وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو رۆژی 06-06-2020 قەدەخەی هاتووچۆ بەشێوەیەکی تەواو لەنێوان گشت پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و یەکە کارگێڕییەکان و شار و شارۆچکەکانیان راگەیێندرا و هەر کەسێک سەرپێچی بکات سزادەدرێت.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی 14 خاڵیدا بڵاویکردووەتەوە، لە یەکێک لە خاڵەکاندا لەبارەی راگرتنی هاتووچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل دەڵێت " راگرتنی هاتووچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی تەواو لەناو گشت پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و گشت یەکە کارگێڕییەکان و شار و شارۆچکەکانیان لە کاژێر 6:00ی ئێوارەی رۆژی 01-06-2020 تاوەکو کاژێر 12:00ی شەوی 06-06-2020 دەبێت. هەر شوفێرێک سەرپێچی بکات بەپێی بەیانی ژمارە 19ی ساڵی 2020 سزادەدرێت".
لە خاڵێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا لەبارەی دەوامی فەرمانگەکان هاتووە، راگرتنی دەوامی فەرمی لە گشت فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ماوەیە دەبێت کە لە بڕگەی 1ی سەرەوە دیاریکراوە، بەڵام بڕیارەکە وەزیرەکان و ستافی نووسینگەکانیان ناگرێتەوە.
دەقی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان
یەکەم: راگرتنی هاتووچۆ بەشێوەیەکی تەواو لەنێوان گشت پارێزگانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و یەکە کارگێڕییەکان و شار و شارۆچکەکانیان لە 31-05-2020 کاتژمێر 12ی شەو تاوەکو کاژێر 12ی شەوی 06-06-2020 . هەر کەسێک سەرپێچی بکات بەپێی بەیانی ژمارە 19ی ساڵی 2020 سزا دەدرێت.
دووەم: راگرتنی هاتووچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی تەواو لەناو گشت پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و گشت یەکە کارگێڕییەکان و شار و شارۆچکەکانیان لە کاژێر 6:00ی رۆژی 01-06-2020 تاوەکو کاژێر 12:00ی شەوی 06-06-2020 و هەر شوفێرێک سەرپێچی بکات بەپێی بەیانی ژمارە 19ی ساڵی 2020 سزادەدرێت. هەر پیادەیەک سەرپێچی بکات بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ی ساڵی 1969 رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
سێیەم: راگرتنی دەوامی فەرمی لە گشت فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ماوەی کە لە بڕگەی 1ی سەرەوە دیاری کراوە جگە لە وەزیرەکان و ستافی نووسینگەکان.
چوارەم: گشت ئەو شوێنانەی کە پێشتر بۆ خزمەتی هاووڵاتیان رێگەپێدراون بۆ ئەو ماوەی کە لە بڕگەی 2ی سەرەوە دیاری کراوە دادەخرێن جگە لە دەرمانخانە و ئێشکگر کراوە دەبێت و نانەواخانەکان تەنیا لە کاتژمێر 06:00ی بەیانی تا 12:00ی نیوەڕۆ دەکرێنەوە و پێویستە نان بە دیلیڤەری بگەیێندرێتەوە هاووڵاتیان و نابێت لە نانەواخانەکان نان بە هاووڵاتیان بفرۆشێت و هەر نانەواخانەیەک سەرپێچی بکات لە رێگای ژووری ئۆپەراسیۆنەکان رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
پێنجەم: رێگە دەدرێت بە هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان و ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس ئەوانەی لە ئەرکی فەرمیدان و ئەو فەرمانگانەی لە ئەرکدان.
شەشەم: رێگا دەدرێت بە کارمەندانی دەزگاکانی راگەیاندن لەو ماوەی کە لە بڕگەی 1ی سەرەوە دیاریکراوە کاری راگەیاندنی خۆیان ئەنجام بدەن، بەمەرجێک پشتگیری ئەو رۆژەیان پێبێت لەو دەزگایانە کە کاری لێدەکەن.
حەوتەم: عەلوەکان دەکرێنەوە بۆ ساخکردنەوەی بەروبومی کشتوکاڵی و رێگادەدرێت بە فرۆشتنی سەوزە و میوە بە ئۆتۆتۆمبێل لەناو گەڕەکەکان بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.
هەشتەم: راگرتنی سیستەمی رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی لە کاژێر 08:00ی رۆژی 01-06-2020 تاوەکو 07-06-2020 .
نۆیەم: دەروازە سنوورییەکان (پەروێزخان، باشماخ، حاجی ئۆمەران، ئیبراهیم خەلیل، سەرزێری، سەیران بەن، کێلێ، تەوێڵە و پشتە و شوشمێ) و هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بەڕووی گەشتیاران دادەخرێت تاوەکو کاژێر 12:00ی رۆژی 06-06-2020.
دەیەم: ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەام دەبێت بەپێی ئەو رێنماییانەی کە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە. جگە لە دەروازەی سنووریی باشماخ کە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر دادەخرێت بە مەبەستی رێکخستنەوەی رێکارەکانی خۆپاراستن لەو دەروازە سنوورییە.
یازدەیەم: گشت شوێنە ئایینییەکان و پەرستگاکان دادەخرێن و لایەنی پەیوەندیدار بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیە و هەر کەسێک سەرپێچی بکات رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دوازدەیەم: هەر کەس و لایەنێک لە رێگای سۆشیالمیدیا و دەزگاکانی راگەیاندن لێدوان دژی رێکارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بدات لە رێگای داواکاری گشتیی رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
سیانزەیەم: ژوووری ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان لە قەزا و ناحییەکان رێکاری پێویست دەگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەیانە و هەر کەمتەرخەمییەک بنوێنرێت لەجێبەجێکردنی ئەم بەیانە رێکاری یاسایی بەرامبەر کەمتەرخەم دەگیرێتەبەر.
چواردەیەم: ئەم بەیانە لە کاژێر 12:00ی شەوی 31-05-2020 جێبەجێدەکرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق