ئێران هێزێکی زۆری هێناوەتەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران دەڵێت، ئامانجیان لێدانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە خاکی باشووری کوردستان. هەروەها هۆشداریی دەدات لەئەگەری هەر جموجۆڵیک هێرشیاندەکرێتەسەر.
محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی پیادەی سوپای پاسداران لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە شوێنی مانۆڕی سەربازی سوپا لە سنوورەکانی مەریوان بەڕێوەچوو گوتی، هاوشێوەی ساڵانی رابردوودا کە بنکە و بارەگای هێزە دژبەرەکانیان لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، لە داهاتووشدا ئەو کارە دەکەن.
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران بە ئاماژەدان بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رۆژانی رابردوو گوتی، ئەمساڵ ئامادەییان هەیە بنکەکانی ئەو هێزانە لە نزیک سنوور و شوێنەکانی دیکەش بکەنە ئامانج.
فەرماندەی هێزی پیادەی سوپای پاسداران دەڵێت، هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێ چاودێری زیاتری سنوورەکان بکەن و ئەو شوێنانە نەهێڵن کە دژبەرانی ئەوان بەکاریان دێنن. هەروەها هۆشداریی دەدات کە خەڵک لە نزیک بنکەکانی ئەو لایەنانە دوور بکەونەوە.
سوپای پاسداران چەند رۆژێکە دەستیکردووە بە گواستنەوەی هێزێکی زۆر بە چەکی قورسەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی نێوان مەریوان و پێنجوێن لەسنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان. خەڵکیشیان ئاگادارکردووەتەوە کە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە سەردانی ناوچەی چل چەمە و بەرزاییەکانی نەکەن.
سوپای پاسداران ئەمڕۆ رایگەیاند، لە سنوورەکانی مەریوان مانۆڕێکی گەورەی سەربازی بەڕێوەدەبات و لە مانۆڕەکەدا یەکەکانی هێزی وشکانی، ئاسمانی، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و تیمە تایبەتەکانیان بەشدارن.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان، یەرەکە، کە باڵی سەربازی پژاکە رایگەیاند، ئێران هێزێکی زۆری لە گوندە سنوورییەکانی شاری مەریوان کۆکردووەتەوە و چەندین بنکەی سەربازی گەورەی لەو ناوچەیە دامەزراندووە.
لە راگەیێندراوی یەرەکەدا هەروەها هاتووە، هێزەکانی ئێران لە ناوچەکانی چل چەمە، دووبرا و سوڵتان، مەڕدارەکانیان دەرکردووە و لە شەوی رابردووەوە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەسەر ئەو ناوچانەدا دەسووڕێنەوە. بەیانی ئەمڕۆش بۆ ماوەی زیاتر لە 2 کاژێر، سنوورەکانیان تۆپباران کردووە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانیش رایگەیاند، سوپای پاسداران لە گوندەکانی سەردەشت دەستیکردووە بە دانانی بنکەی سەربازی و هانی خەڵک دەدات چەکدار بن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق