لە هەڵەکانی (بیڵ گەیتس)ەوە فێربە..

ليست هناك تعليقات


لە هەڵەکانی (بیڵ گەیتس)ەوە فێربە.. خەوتن یەکێکە لە بنەما زێڕینەکانی سەرکەوتن

چەند مانگێک لەمەوبەر بیڵ گەیتس خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و ملیاردێری ئەمریکی گەڕایەوە بۆ قوتابخانەی لیکساید لە شاری سیاتل، بۆ پێشکەشکردنی وانەیەک، بە بۆنەی ساڵیادی دەرچوونی لەو قوتابخانەیە، کە پۆل ئالینی هاوڕێی لێ ناسی و دواتر پێکەوە کۆمپانیای مایکرۆسۆفتیان دامەزراند.

لە هۆڵەکەدا هەزار و500 کەسی ئامادەبوون خۆیان بۆ ئەوە ئامادەکردبوو کە گوێیان لە چەندین دەستەواژەی قورس و ئاڵۆزبێت یان تاقیکردنەوە خەیاڵاوییەکانی بن کە وەک موعجیزە وان.

بەڵام بەڕێز گەیتس پێی وتن با بایەخی یەکەمتان (خەوتن) بێت، پێی وابوو ئەوەی نەوەی ئێستا پێویستییەتی لەم سەردەمی تەکنەلۆژیا و هۆشمەندی پیشەسازییەدا نوستنی پێویستە.

بەگوێرەی ماڵپەری فۆرچن Fortune)) گەیتس وتوویەتی کاریگەریی کتێبێکی زۆر لەسەر بووە بە ناوی (بۆچی ناخەوین) کە لە لایەن ماسیۆ وۆکەر زانای بەریتانییەوە نوسراوە.

پاشان قسەی لەسەر سێ تایبەتمەندی و زیرەکی کرد، کە پێویستن بۆ سەرکەوتن، وەک:

(خۆشەویستی بۆ خوێندنەوە) و (حەزی فێربوون) ، لەو ڕووەوە وتی ڕەنگە پێویست بێت شەش کتێب بخوێنیتەوە ئەگەر بتەوێت بیرۆکەیەک لەسەر شتێکی دیایکراو پێکەوە بنێیت.

کەواتە ئەگەر دەتەوێت وەک بیڵ گەیتس بیت ئەوا بخوێنەرەوە، بەشی پێویست بخەوە، لەسەرپشککردنەوە بوێری فێربە، واز لە هەندێک ئەرک بێنە بۆ شارەزایی نوێ، لە کاتی شکستدا گەشبینبە، پێداچوونەوە بکە بە تۆماری سەرکەوتنەکانی پێشووتدا.

بیڵ گەیتس چوار ئامۆژگاری ئاڵتونیمان پێشکەش دەکات.

یەکەم: باش بخەوە
بیڵ گەیتس تا تەمەنی 30ساڵی هیچ بایەخێکی نەداوە بە وەرگرتنی پشووەکانی، تا تەمەنی 64 ساڵیش لە بایەخی خەوتن تێنەگەیشتووە، ئەویش لەو کاتەی کتێبی (بۆچی ناخەوین)ی ماسیۆ وۆکەر، مامۆستایی زانستی مێشکی زانکۆی کالیفۆڕنیا خوێندەوە.

دانەری کتێبەکە نهێنی خەوتنی لە یەک دێڕدا جێکردووەتەوە و کاتێک دەڵێت "هیچ کردارێک لە لاشەی مرۆڤدا ڕوونادات ئەگەر بێتوو خەوتنی باش نەبێت"، گوێ پێنەدانی نوستن دەبێت هۆی چەندی کێشەی باو، وەک نەخۆشی دڵ و شەکرە و قەڵەوی و زیادبوونی نەزۆکی و لاوازی دەزگای بەرگری.

بەو هۆیەشەوە وۆکەر لە کتێبەکەیدا جەختیکردووەتەوە لە پابەندبوون بە نوستن و هەستان لە خەو لە کاتێکی دیاریکراودا، تەنانەت لە کاتەکانی پشووشدا، دیارە لە پاڵ ئەوەشدا ئەنجامدانی وەرزش و خۆدانە بەرخۆر بۆ ماوەی 30 خولەک لە زۆربەی ڕۆژەکاندا، هەروەها دوورکەوتنەوە لە کافایین و نیکۆتین و ژەمەقورسەکانی خواردن و زۆر خواردنەوەی شلەمەنییەکان بەر لە خەوتن.

هەروەها ئامۆژگاری دەکات بە خۆشۆردن و تاریککردنی ژوور و فێنککردنەوەی و دوورکەوتنەوە لەو تیشکە شینەی کە لە مۆبایلەکان و ئامێری کۆمپیوتەری لاپتۆتەوە دەردەچن، ئەویش لە پێناو پارێزگاریکردن لە مادەی میلاتونین کە هاوکاری دەکات بۆ زوو خەولێکەوتن.

هۆشداریشیداوە لەوەی 20 خولەک زیاتر لە جێگەکەتدا بمێنیتەوە و هێشتا خەوت لێنەکەوتووە، ئامۆژگاری دەکات بە جێهێشتنی جێگاکەت و خۆ خەریککردن بە شتێکی ترەوە تا ئەو کاتەی خەودەتباتەوە.

دووەم: حەزێکی زۆر بۆ خوێندنەوە
بیڵ گەیتس ئەوەندە حەزی بۆ خوێندنەوە زۆر بووە، هەرکاتێک گەشت بکات جانتایەکی پڕ لە کتێب لەگەڵ خۆی دەبات، ئەگەریش بیەوێت شتێک فێربێت، ئەوا کتێب و سەرچاوەی زۆری لەسەر دەخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی هەمیشە لەو کەسە زیاتر بزانێت کە قسەی لەگەڵدا دەکات، پێدەچێت هەستیاری تایبەتی بۆ پرسیارکردن، پاڵی پێوەنابێت بۆ ئەوەی خۆشەویستی بۆ خوێندنەوە هەبێت، بۆیە پێی باشە دوورەپەرێز بیت و زۆر پەیوەندیت لەگەڵ کەسانی دیکەدا نەبێت.

بۆیە هەمیشە ئامۆژگاری ئەوە دەکات کە ڕاهێنان بکەن لەسەر خۆتێرکردن لەسەر خوێندنەوەی کتێب و گوێگرتن لە وانەی تایبەت لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە.

هەروەها جەختدەکاتەوە لەوەی دەیەکانی داهاتوو هۆشمەندی تەکنیکی دەچێتە سنوری ئەوتۆوە کە چاوەڕوانناکرێت، وادەکات گرنگی بەو کەسانە بدرێت کە زۆر متمانەی بەخۆی هەیە وەک خوێنەر و فێرخوازێک و خواستی ئەوەشی هەیە کە بەردەوام بێت لە خوێندنەوە و فێربوون.

بەوتەی ڕۆبن شارما نوسەری کتێبی (ئەو قەشەیەی کە ئوتۆمبێلە فیراریەکەی فرۆشت)، خوێندنەوە وەک خۆ بارگاویکردنەوە وایە و هیوا و گەشبینیت پێ دەدات، کاتەکانت بۆ کورتدەکاتەوە بۆ ئەوەی فێربیت و زۆرێک لە کارەکانت بە توانایەکی کەم و لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجام بدەیت.

هەروەها تایبەتمەتدی گفتوگۆی ڕاستەوخۆت لەگەڵ دانەرەکەدا پێدەبەخشێت، کە سەرتاپای ژیانت دەگۆڕێت، ئەویش لە ڕێگەی سوود وەرگرتن لە تاقیکردنەوەی بیرمەندە مەزنەکان، کە دیارە ئەوەش بابەتێکە بەهاکەی بە هیچ شتێک دیاری ناکرێت، ئا لێرەشەوە بایەخ و گرنگی کتێبی دەنگی دەردەکەوێت، کە یارمەتیت دەدات بۆ فێربوون لە هەر کات و شوێنێکدا بێت.

سێیەم: بە بڕوا بەخۆبوونەوە کەسانی تر ڕاسپێرە
لەبەر ئەوەی زۆرێک لە دامەزرێنەرانی پرۆژەکان کارەکانی خۆیان خۆشدەوێت، بۆیە دوودڵن لە ڕاسپاردنی کەسانی تر بۆ ئەوەی بەو کارە هەستێت، بیڵ گەیتس بەو شێوەیە بووە، کاری پرۆگرامسازی زۆر خۆشویستووە و شارەزا بووە تیایدا و بیری لەوە نەکردووەتەوە بە کەسانی دیکەی بسپێردرێت.
کاتێکیش کۆمپانیاکەی دەستی بە فراوانبوون کرد، گەیتس بەلایەوە قورس بوو دەستبەکاری ئەرک و کارەکانی ببێت، چونکە لەوبڕوایەدا بوو ئەو بابەتە زیان بە کارەکەی دەگەیەنێت.

بەڵام لە ڕاستیدا هەموو شتێک گەشەیکرد و پێشکەوت بێ ئەوەی خۆی سەرپەرشتی و وردبینی تیا بکات، بە تایبەت دوای ئەوەی هونەری ڕاسپاردنی کەسانی تر فێربوو، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی پسپۆڕی ڕاسپارد، لەکاتێکدا خۆی بووە کەسێکی پسپۆڕ، ئاراستەی سەرنج و بیرکردنەوەکانی بۆ ناوچەکانی تر گۆڕی، شتی نوێ فێربوو.

گەیتس لەوبڕوایەدا بوو، ڕاسپاردنی کاریگەر هەڵقوڵاوی خاڵە بەهێز و لاوازەکانتە، کە وا دەکات سوود لە شارەزایی و پسپۆڕی کەسانی دیکە وەربگریت.

کاتێک دەستبەرداری بەشێک لە کارەکەت دەبیت یان دەیسپێریت بە کەسانی تر، ئەوا تۆ کات بۆخۆت گلدەدەیتەوە و بەرهەمهێنان بەهێزتر دەکەیت لەڕێگەی پشتبەستن بە کۆمەڵێک شارەزایی و پسپۆڕی، هەروەها ڕێگەدان بە گەشەپێدانی شارەزایی و توانا نوێیەکان بۆ ئەوەی هەموو ڕۆڵە گرنگەکان بگێڕن لە کاتی پێویستدا.

بە کرداریش کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە مانگی ئازاری ڕابردوودا ڕایگەیاند، بیڵ گەیتس پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە جێدەهێڵێت و خۆی یەکلایی دەکاتەوە بۆ کارەخێرخوازییەکانی لە بواری تەندروستی و فێرکردن و گەشەپێدان.

چوارەم: گەشبینی لە کاتی شکستدا
بیڵ گەیتس ئاراستەی کاری خۆی بەوە دەناسێنێت کە پاڵنەرەکەی بیرکردنەوەی زۆر "گەشبینانەیە" چونکە وەک خۆی دەڵێت زۆر چاوەڕێی کردووە تا بەسەر بەربەست و ڕێگرییەکانیدا سەرکەوتووبووە، چونکە هەستی بە گەشبینی و متمانەبەخۆبوون کردووە کە کارەکانی سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، ئەو جۆرەش لە بیرکردنەوە بنەمایەکی سەرەکی دیکەی سەرکەوتنە.

لەو بڕوایەدا بووە، باشتر وایە هەمیشە خەم و لێکدانەوەت هەبێت، بەڵام دەبێت ئەوەشت لە بیر بێت ئەو سەرکەوتنانەی کە چەند جارێک بە دەستیان دەهێنێت، دەکرێت باری شکستە کاتییەکان سوک بکەن بۆ ئەوەی بەردەوام بیت لە چوونە پێشەوە و پێشڕەویکردن.

دانیشی بەوەدا ناوە کە "لە ناو خودی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتیش هەموو جۆرەکانی شکست بوونی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەندەش سەرکەوتنی پێویست هەبوون بەشێوەیەک کە بتوانین بەرگەی بەهای ئەو مەترسیانە بگرین، پێویستە لە کاتی شکستەکاندا چێژ لە سەرکەوتنەکانی پێشوو وەربگریت وەک رێگە و ڕێچکەیەک بۆ سەرکەوتنەکانی داهاتوو.

مارتن سلیگمان پسپۆڕی دەروونزانی لە زانکۆی پەنسلڤانیا و دامەزێنەری زانستی دەروونزانی پۆزەتیڤ دەڵێت، هەستی پۆزەتیڤانە وا دەکات ژیان بە بە خۆشی و هیوای بەرزەوە بەسەر بەریت، چونکە کەسانی گەشبین بەلای هەموانەوە خۆشەویسترن و لە هەموو بوارەکاندا سەرکەوتن بەدەست دەهێنن ، سیستمی بەرگریشیان باشترە و کەمتر توشی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان دەبنەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif