گفتوگۆی ستراتیژی ئەمریكا و عێراق دەستپێدەكات

ليست هناك تعليقات


وا چاوەڕواندەکرێ دانوستاندنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا کۆتایی ئەم هەفتەیە دەستپێبکات و بۆ یەکەمجاریش نوێنەری هەرێمی کوردستان لەو گفتوگۆیانەدا بەشدار دەبێت، کە ئامانج لێی یەکلاییکردنەوەی شێوازی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتنە لە ئایندەدا.

پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی شیعە لە سەرەتای ئەمساڵدا داوای لە حکومەت کرد کار بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراق بکات. بۆیە دانوستاندنی ئەمجارە لەژێر رۆشنایی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان هەردوولا دەبێ، کە بە سۆفا ناسراوە و لە ساڵی 2008 واژۆیان کردووە.

لە گفتوگۆی بەغدا و واشنتن، کورد چاودێر نییە، بەڵکو نوێنەری لە دانوستاندنەکەدا دەبێ، کە ئەویش فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە.

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەی دانوستاندنکاری عێراق رۆژی هەینی رابردوو یەکەم کۆبوونەوەی سەرەتایی خۆی ئەنجامدا. لەبارەی کاتی یەکەم کۆبوونەوەی شاندەکانی بەغدا و واشنتن گوتی "بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو 11ی ئەم مانگە بێت".

هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری ئەمنی عێراقی لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاندووە، شاندی دانوستاندنکاری عێراق لەگەڵ ئەمریکا لە 21 ئەندام پێکهاتوون. 

پێنج لە ئەندامانی شاندەکەی عێراق بریتین لە:

-عەبدولکەریم هاشم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق

-حارس حەسەن، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان

-لوقمان فەیلی، باڵیۆز و سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق

- فەرید یاسین، باڵیۆزی عێراق لە واشنتن

- حامید خەڵەف، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردەمی نووری مالیکی

شاندی دانوستاندکاری ئەمریکاش پێکهاتوون لە: 

-دەیڤید هێل، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

- دەیڤید شنکەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک

- فرانسیس فانوون، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری وزە

- جوی هوود، جێگری یەکەمی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

- دەیڤید کۆپلی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

- ماسیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا

هەفتەی رابردوو، دەیڤید شنکەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، لە سەمینارێکی پەیمانگەی واشنتن رایگەیاند "بژاردەیەکی سەخت دەخەینە بەردەم سەرکردە عێراقییەکان، کە دەبێ تەنیا ئەمریکا هاوپەیمانی ستراتیژیی سیاسی، ئابووری و ئەمنی عێراق بێت".

لە ساڵی 2008ـەوە رێککەوتنێکی ئەمنیی ستراتیژی لەنێوان ئەمریکا و عێراق هەیە، کە بە رێککەوتنی سۆفا ناسراوە، لە رێگەی ئەو رێککەوتنەوە جێگیربوونی هێزە سەربازییە ئەمریکییەکان لەسەر خاکی عێراق رێکخراوە، بەڵام رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2020 پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی دا.

سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق، چارەنووسی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ستراتیژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سێ ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەمریکی راپۆرتی تێروتەسەلیان بڵاوکردەوە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی رەند، سەنتەری ستراتیژی بۆ لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و پەیمانگەی واشنتن لە دووتوێی زیاتر لە 200 لاپەڕە تاوتوێی ئایندەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق و ستراتیژییەتی هێزەکانی ئەمریکایان لە عێراق کردووە، بۆ نموونە ناوەندی رەند پێشنیازی بۆ ئەمریکا کردووە هاوکاری هێزە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری بکات، چونکە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی عێراق و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی میلیشیاکان.

لە راپۆرتەکەی رەنددا هاتووە، بەبێ پلانی کشانەوە و هاوکاریکردن و راهێنان بە هێزە سەربازییەکانی عێراق، کارەساتێكی هاوشێوەی ساڵی 2014 دووبارە دەبێتەوە، ئەمەش وادەکات ئەمریکا بە خەرجییەکی زیاتر و قوربانییەکی زۆرتر بگەڕێتەوە بۆ عێراق.

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مانگی رابردوو رایگەیاند، بۆ تاوتوێکردنی هەموو ئەو پرسانەی کە پەیوەندیدارن بە پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا لەنێویشیاندا پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەو دانوستاندنەدا یەکلایی دەکرێتەوە.

ئەو گفتوگۆ ستراتیژییەی کە بڕیارە 11ی حوزەیران دەستپێبکات ، شارەزایان وەک دوایین دەرفەت بۆ بەهێزکردنەوەی پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا دەیبینن، بەتایبەت کە ئێستا بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا زیانی بە ئابووری ئەمریکا گەیاندووە و ئەوەش جارێکی دیکە سەرنجی بەرپرسانی ئەمریکا بەلای بودجەی ئەمریکا و بەرنامەی هاوکاری دەرەکی رادەکێشێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif