چاوپێكەوتن لەگەڵ باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق

ليست هناك تعليقات

چاوپێكەوتن
-
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە چاوپێكەوتنێكیدا باسی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت، کۆمپانیا بەریتانییەکان حەزدەکەن وەبەرهێنان لە کوردستان بکەن. ستیڤن هیکی هەروەها ئاواتەخوازە گەشتی راستەوخۆ لەنێوان لەندەن و هەولێر ببینێت.

ستیڤن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش دەڵێت، پێیانخۆشە رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا بەدیبێت و هاوئاهەنگی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە ببینن.

دەقی چاوپێكەوتنەكە

پرسیار: چەند رۆژێکە لەهەولێری، چاوت بە چەند بەرپرسێک کەوتووە، دەمەوێ بپرسم ئایا بۆ پرۆژەیەکی دیاریکراو لێرەن، یاخود سەردانێکی ئاساییە؟

ستیڤن هیکی : رۆژ باش، سوپاس بۆ بانگهێشتکردنی من بۆ ئەم بەرنامەیە. زۆر حەز دەکەم، لە چەند مانگی رابردوودا ئەمە سەردانی سێیەممە. چەند گفتوگۆیەکی باشم لەگەڵ سەرکردەکانی کوردستان هەبووە. ئێستا چەند ئاڵنگارییەک لەبەردەم عێراقن. بەهەمان شێوە کوردستانیش. گفتوگۆی بەرهەمدار و سوودبەخشمان لەگەڵ بەرپرسان کرد.

''پێمانخۆشە رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا بەدیبێت''

پرسیار: چاوت بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت کەوت، باسی چیتان کرد؟

ستیڤن هیکی : باسی ئەو ئاڵنگاریانەمان کرد کە ئێستا لەبەردەم عێراقن. بەتایبەت باسی رەوشی ئابووریمان کرد لە عێراق. کاتێکی زەحمەتە. دیارە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر ئابووری وڵاتەکە داناوە، سەرەڕای ئەوەی دابەزینی گەورەی نرخی نەوت داهات و بودجەی حکومەتی کەمکردووەتەوە. دەزانین دانوستاندن لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی هەیە بۆ گەیشتنە رێککەوتن. ئێمە وەک بەریتانیا پێمانخۆشە رێککەوتن بەدی بێت و چارەسەری دادپەروەرانە و درێژخایەن هەبێت.

''متمانەی زۆرمان بە توانای سەرکردایەتیکردنی مستەفا کازمی هەیە''

پرسیار: حکومەتی نوێی عێراق پشتگیری خۆجێی و نێودەوڵەتی هەیە، پێتوایە ئەم کابینەیەی حکومەت دەتوانێ کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات؟

ستیڤن هیکی : متمانەی زۆرمان بە توانای سەرکردایەتیکردنی مستەفا کازمی هەیە. پێموایە شتێکی باش بوو کە ئەو توانی ببێتە سەرۆکوەزیران. لەنێو فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان پشتگیری فراوانی هەیە. حکومەتەکەشی پشتگیری نێودەوڵەتی هەیە. وەکو پشتگیری بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوایی. هەروەها پشتگیری وڵاتانی ناوچەکەشی هەیە. ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بە خێرایی پەیوەندییان بە فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە کرد. بە کۆکردنەوەی ئەم پشتگیرییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە کازمی باشترین هەلی لەبەردەم دەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکانی ئێستادا.

پرسیار: ئێستا، هەموو جیهان بە رەوشێکی سەختدا تێپەڕدەبێت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا. بۆ کوردستان رەوشەکە کەمێک جیاوازە چونکە حکومەت ناتوانێ مووچەی فەرمانبەران بدات و لە عێراقیش بودجەی کوردستان بڕدراوە. ئەوەش وایکردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە کێشەی هەبێت. تۆ رەوشەکە چۆن دەبینی؟ باشترین شێوازی مامەڵەکردن چییە لەگەڵ ئەم بارودۆخە؟

ستیڤن هیکی : وەک تۆش ئاماژەت پێکرد، ئێستا ئاستەنگی زۆر هەن، بەهۆی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە. دەزانین کە داهاتی حکومەتی بەغدا کەمبووەتەوە. هەروەها ئەوەش دەزانین کە وەزیری نوێی دارایی و سەرۆکوەزیران بەسەختی کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی هەندێک چاکسازی ئابووری، بۆئەوەی بتوانن مووچەی فەرمانبەران بدەن. لە بەغدا کاری لەسەر دەکرێت. هەروەها گفتوگۆش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە. ئێمە بەراستی هیواخوازین چارەسەرێک بدۆزرێتەوە، چارەسەرێکی دادپەروەرانە و درێژخایەن. بەهۆی ئەو چارەسەرەوە بتوانرێت مووچەی فەرمانبەران بدرێت لە تەواوی عێراق. بەڵام کاتێکی سەختە و پێویستی بە هەندێک بڕیاری قورسە.

پرسیار: وەک باڵیۆزی بەریتانیا، هیچ بیرۆکەیەکت هەیە کە چۆن لەم بارودۆخەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا چارەسەری مووچە بکرێت؟

ستیڤن هیکی : لە بەریتانیا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی ئاڵنگاری ئابووری بووین. حکومەت پاڵپشتی دارایی ئەو کەسانەی کرد کە بەشێوەی کاتی کاریان لەدەستداوە. بەڵام ئێستا ئابووری بەریتانیا خەریکە دەبووژێتەوە. لەبارەی عێراق، بەڕاستی ئەمە دەکەوێتە سەر بڕیاری سەرکردەکانی ئەم وڵاتە، بەڵام خۆشحاڵم کە ئیرادەی سیاسی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. ئەوەش دەزانم کە هەم لە هەولێر و هەم لە بەغدا کەسانی بە توانا کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. دڵنیام لەوەی پێویستە هەندێک سازش بکرێت. بە پشتبەستنم بەو گفتوگۆیانەی لە هەولێر و بەغدا لەگەڵ بەرپرسان ئەنجاممداون، متمانەم هەیە کە دەکرێ چارەسەر بەدی بێت. گەشبینم کە بەمزووانە چارەسەر دەدۆزرێتەوە.

''بۆ چاکسازیی ئابووری کەسانی پسپۆڕمان بۆ عێراق ناردوون''

پرسیار: بەڕێز باڵێۆز، باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا و کونسوڵخانەکەتان لە هەولێر هەمیشە رۆڵێکی ئەرێنییان بینیوە بۆ هێنانەدی ئاشتەوایی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا. ئێستا کە ئەم کێشانە وەکو جاران هەر ماون، چۆن دەتوانن یارمەتیدەربن لەنێوان هەردوولادا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان؟

ستیڤن هیکی : لە بنەڕەتدا، ئەوە سەرکردە عێراقییەکانن، چ لە هەولێر و چ لە بەغدا، کە دەبێ کێشەکان چارەسەر بکەن. ئێمە وەک بەریتانیا، وەک دۆستی عێراق و دۆستی هەرێمی کوردستان لێرەین. بۆیە ئەگەر دۆخەکە وا بخوازێ پێویستیتان بە یارمەتی ئێمە بێت، ئێمە ئامادەین. پێشتر لەرووی تەکنیکییەوە یارمەتیمان داون.

پرسیار: مەبەستت لە یارمەتیدانی تەکنیکی چییە؟

ستیڤن هیکی : بۆ نموونە بۆ چاکسازی ئابووری کەسانی پسپۆڕمان بۆ ناردوون. بە هاوبەشی لەگەڵ بانکی جیهانی پتر لە سی ملیۆن دۆلارمان تەرخانکردووە بۆ ئەو بوارە تەکنیکیانە کە یارمەتیدەرن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ئابووری. هەروەها ئێمە لە ئامادەباشیداین بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی بە هەردوولا، ئەگەر پێویستیان بێت. نامانەوێ دەست لە دۆخەکە وەربدەین، بەڵکو دەمانەوێ پشتگیری سەرکردایەتی بەغدا و هەولێر بکەین.

''ئێمە هێشتا نیگەرانی هەڕەشەی داعشین''

پرسیار: بەمدواییانە چالاکییەکانی داعش زیادیان کردووە، بەتایبەتی لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، ئەوەش بەهۆی نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە. ئێوە رەوشەکە چۆن دەبینن؟ باشترین رێگە چییە بۆ پاراستنی خەڵک لەو ناوچانە بەتایبەتی کوردانی کاکەیی و ئێزدی؟

ستیڤن هیکی : ئێمە هێشتا نیگەرانی هەڕەشەی داعشین. بەتایبەتی لەو ناوچانە کە تۆ ئاماژەت بۆ کردن. من شانازی بەوەوە دەکەم کە بەریتانیا رۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە شکستهێنان بەداعش لەڕێی بەشداریمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کە وڵاتەکەمان هێزی دووەمی نێو هاوپەیمانییەکەیە. هاوئاهەنگی نایاب لەنێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەیە.

بەڵام، بەبۆچوونی من، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کە تۆ باست کرد، پێویستە هاوئاهەنگی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە ببینین. یاخود ئەو هاوئاهەنگییە بەرەوپێش ببرێت. هەروەها حەزدەکەین چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ ئەو ناوچانە دابنرێت. پێویستە رێککەوتنێکی سیاسی و رێککەوتنێکی ئەمنی پشتگیری ئەو چارەسەرە بکەن. چونکە تاوەکو رێککەوتنی سیاسی نەبێت و، تاوەکو ئامادەیی سەربازی لەو ناوچانە نەبێت، ئەوە هەلی بەردەوام بۆ داعش دەڕەخسێن بۆ خۆڕێکخستنەوە و دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئەو عێراقییانەی لەو ناوچانە دەژین.

پرسیار: رۆڵی ئێوە چییە بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە ئەو خاڵە؟

ستیڤن هیکی : ئێمە لەنزیکەوە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکەین، کە کارنامەیەکی هەیە تایبەت بەو کێشەیە. وەک لەسەرەتاوە گوتمان، ئێستا چەندین ئاڵنگاری لەبەردەم حکومەتی عێراقن، بەتایبەتی قەیرانی ئابووری و کۆرۆنا. بەڵام هیوادارم بەپێی کات جەختی زۆرتر بخرێتە سەر چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی پەیوەست بەو ناوچانە. متمانەم هەیە کە دەکرێ چارەسەر بدۆزرێتەوە ، چونکە لەنزیکەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکەین، لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.

پرسیار: بەڵام هێزەکانی بەریتانیا رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لەنێو هێزەکانی هاوپەیمانان. بەمدواییانەش فڕۆکە جەنگییەکانتان بنکەکانی داعشیان لە دەوروبەری مەخموور و قەرەچووخ بۆردومان کردن. بۆچی ئەم چالاکییانەی هێزەکانتان لەنێو میدیاکاندا زۆر باس ناکرێن؟

ستیڤن هیکی : وەک باسم کرد، رۆڵێکی گرنگمان لەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە. بێگومان ئەمریکییەکانیش رۆڵێکی گرنگیان بینیوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بە مەیدانی روودەدات. رەنگە ئەوە راست بێت کە رۆڵی بەریتانیا لە عێراق بەباشی نەناسرابێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە بەمەیدانی هەیە، ئەویش هاوئاهەنگی نایابە لەنێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. تاوەکو ئەو هاوئاهەنگی و پشتگیرییە بەردەوام بێت، متمانەم هەیە کە هەلی سەرهەڵدانەوەیەکی گەورە بۆ داعش لە عێراق ناڕەخسێت.

''هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی هیچ پلانێکی بۆ کشانەوە لە عێراق نییە''

پرسیار: دوای دەرچوونی تەواوەتی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، پلانتان هەیە وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەکە بمێننەوە یان دەتانەوێ بکشێنەوە؟

ستیڤن هیکی : پلانی کشانەوەمان نییە، هاوپەیمانییەکەش هیچ پلانێکی نییە بۆ کشانەوە لە عێراق. وەک بەریتانیا، پابەندین بە مانەوەمان لەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. پێمانوایە کارەکانمان لەناو هاوپەیمانییەکە گرنگ و سوودبەخشن. تاوەکو ئەوکاتەی حکومەتی عێراق داخوازی بکات، ئێمە ئامادەی یارمەتیدانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانین لە شەڕی داعشدا.

''دەمانەوێ پێشمەرگە چاکسازی تێدابکرێ''

پرسیار: بەریتانیا هاوشانی ئەمریکا و ئەڵمانیا یارمەتی پێشمەرگەتان دا بۆ ئەوەی چاکسازی لەو هێزەدا بکرێت، بەڵام دوای سێ ساڵ ئەو پرۆژەیە بەکوێ گەیشتووە؟

ستیڤن هیکی : دڵمخۆشە کە باسی چاکسازی پێشمەرگەت کرد. ئێمە زۆر بەگرنگی دەزانین، شانازی بەوەوە دەکەم کە توانیومانە رۆڵمان هەبێت لەپشتگیریکردنی چاکسازی و راهێنانی پێشمەرگە. لەو بارەوە بەرەوپێشچوونی باش بەدەستهاتووە. هێشتا زۆرشت ماون بکرێن. هیوادارین لە چەند ساڵی داهاتووودا خێرایی لە چاکسازی نێو ریزەکانی پێشمەرگەدا ببینین و هێزێکی تۆکمەتر و باشتر ببینین کە رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هەروەها بێگومان پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگی بینیوە لە تێکشکاندنی داعشدا. دەمانەوێ پێشمەرگە چاکسازی تێدابکرێ و بەهێزتر بێت بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە بینینی ئەو رۆڵە گرنگە.

''کۆمپانیا بەریتانییەکان حەزدەکەن وەبەرهێنان لە کوردستان بکەن''

پرسیار: بەڕێز باڵیۆز، هیچ هەوڵێکتانداوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی بازرگانی لەنێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان؟

ستیڤن هیکی : ئەمە یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانم. حەزدەکەم وەبەرهێنانی زۆرتری بەریتانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق ببینم. کۆمپانیا بەریتانییەکان زۆر حەزیان لە هەناردەکردن و هاوردەکردن و وەبەرهێنانە لێرە. ئاشکرایە بەمدواییانە عێراق کەوتە رەوشێکی ناخۆشەوە، بەتایبەتیش لەسەرەتای ئەمساڵەوە و دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، هێنانی کۆمپانیاکان کارێکی ئاسان نییە بۆ هەرێمی کوردستان. بەڵام دوای ئەوەی رەوشەکە هێوربووەوە و ئارامی گەڕایەوە، متمانەی زۆرم هەیە کە کۆمپانیای زۆرتری بەریتانی دێنە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەوە یەکێکە لەو بوارانەی کە حەزدەکەم لە پەیوەندییەکەماندا گەشەی پێ بدەین.

پرسیار: ژمارەی کۆمپانیا بەریتانییەکان لە هەرێمی کوردستان دەزانی؟

ستیڤن هیکی: ژمارەکە نازانم، بەڵام زۆرن. هەروەها دەزانم پەیوەندی بەهێز لەنێوان وەبەرهێنەرانی کوردی بەریتانیا و ئێرە هەیە. حەزدەکەم ئەو بوارە بەرەوپێشتر بچێت، بەتایبەتیش وەبەرهێنان لەو بوارانەدا بکرێت کە پەیوەستنین بە کەرتی وزەوە.

''پێویستە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەوپێشچوونی زۆرتر لە کەرتی تایبەتدا هەبێت''

پرسیار: ویستم دواتر ئەم پرسیارە بکەم. کۆمپانیای بەریتانی لە کوردستان هەن کە لە بواری نەوت و گازدا کاربکەن؟

ستیڤن هیکی: بەڵێ کۆمپانیامان هەن کە لە کەرتی وزەدا کاردەکەن. ئەگەر راشکاو بم، بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش بە گشتی، پێویستە بەرەوپێشچوونی زۆرتر لە کەرتی تایبەتدا هەبێت. شتێکی باشە بۆ عێراق کە سامانێکی گەورەی وزەی هەیە، بەڵام پێویستە کەرتی تایبەت بەرەوپێش ببات. ئەگەر وانەیەک لەم قەیرانە ئابوورییە وەربگرین ئەوەیە کە عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستە دووربکەونەوە لە تەنیا پشتبەستن بە داهاتی نەت و گاز. چونکە ئەوە وادەکات رەوشی ئابووری لە عێراق زۆر لەرزۆک بێت و بەپێی نرخی نەوت بگۆڕێت. هیوادارم بازرگانی و وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز و کەرتەکانی دیکەشدا گەشە پێبدەن.

''زۆر حەزدەکەم گەشتی راستەوخۆ لەنێوان لەندەن و هەولێر ببینم''

پرسیار: باشە، بەڕێز باڵیۆز، دوای کۆرۆنا، پلانتان هەیە گەشتی ئاسمانی راستەوخۆ لەنێوان لەندەن و هەولێر رێکبخەن؟

ستیڤن هیکی : زۆر حەزدەکەم گەشتی راستەوخۆ لەنێوان لەندەن و هەولێر ببینم. ئەوە شتێکی باش دەبێت بۆ گەشەکردنی بوارەکانی گەشتیاری و پەروەردە. جگە لەوەی ژیانی هەموومان ئاسانتر دەکات. هەروەها هیوادارم لەنێوان بەغدا و لەندەنیش ئەو گەشتانە هەبن. گفتوگۆی باشمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا کردووە لەسەر ئەم بابەتە. بۆ ئەومەبەستە پێویستە ئاسایشی فڕۆکەخانەکان بەهێز بکرێت، چونکە وەک دەزانی، رێوشوێنە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەکان لە بەریتانیا زۆر تووندن. دەزانم لە هەولێریش بە هەمان شێوەیە. پێویستە لەو بوارەدا لە عێراق کاری زۆرتر بکرێت. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانین گەشتی راستەوخۆ لەنێوان هەولێر و لەندەن و بەغدا و لەندەن ببینین. هەروەها لەنێوان بەسرە و لەندەن.

پرسیار: ئەمە پلانە یان تەنیا خۆزگەیە؟

ستیڤن هیکی : پێویستە کار لەسەر رەهەندی تەکنیکی ئاسایشی فڕۆکەخانەکان بکەین. هەرکات ئەوەمان کرد، ئەوە ئەگەری ئەو گەشتانە زۆر دەبێت.

''هەموو ساڵێک هەلی خوێندن دەدەینە 20 بۆ 30 خوێندکاری عێراقی''

پرسیار: باشە... بەریتانیا کورسی خوێندن لە زانکۆکانی بەریتانیا بۆ خوێندکارانی کورد دابین دەکات. یەکێک لەو پرۆگرامانە چیڤنینگە. ئایا ئێوە دڵخۆشن بەو پرۆژەیە؟ ئەو خوێندکارانە کە خوێندن تەواودەکەن پێویستە هەموویان بگەڕێنەوە کوردستان؟

ستیڤن هیکی : خۆشحاڵم کە ئاماژەت بە پرۆگرامی چیڤنینگ سکۆلارشیپ کرد. پرۆگرامێکی سەرنجڕاکێشە. هەموو ساڵێک هەلی خوێندن دەدەینە بیست بۆ سی خوێندکاری عێراقی، بۆئەوەی بچنە بەریتانیا و ماستەر بخوێنن لە هەر زانکۆیەکی بەریتانی کە بیانەوێت. پرۆگرامێکی زۆر باشە. من بەشداری چاوپێکەوتنی ئەو خوێندکارانەم کردووە، توانیم لە نزیکەوە ببینم کە هەندێک لەو خوێندکارانە چەند بە توانان. بەڵام حەزدەکەم ژمارەیەکی زۆرتری خوێندکارانی کورد فۆڕمی سکۆلارشیپەکان پڕ بکەنەوە. چونکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر سکۆلارشیپ هەن. هیوادارم ژمارەیەکی زۆرتری خوێندکاران بەشداری بکەن و داواکاری پێشکەش بکەن. ئەو خوێندکارانە لە بەریتانیا دەخوێنن و دەگەڕێنەوە بۆ هەولێر و بەغدا. رۆڵیان دەبێت لە وڵاتی خۆیان. لە بواری جیاوازدا کاردەکەن، دەبنە کارمەندی حکومی یاخود لەبواری بازرگانی و هونەری و چەندین بواری دیکەدا کاردەکەن. حەزدەکەین ژمارەیەکی زۆرتر بەشداری بکەن بۆئەوەی یارمەتی وڵاتی خۆیان بدەن.

پرسیار: گوتتان بۆ ساڵی داهاتوو دەتانەوێ ژمارەی کورسی خوێندن بۆ خوێندکارانی کورد زیاد بکەن؟

ستیڤن هیکی : بیست بۆ سی کورسی خوێندنمان بۆ هەموو عێراق تەرخانکردووە. بە شێوازی کێبڕکێیە، باشترین خوێندکارەکان لە سەرتاسەری عێراق هەڵدەبژێرین. بەڵام پێموایە ژمارەیەکی زۆرتری خوێندکاران دەتوانن فۆرمەکە پڕ بکەنەوە. هەندێ کەس پێیانوایە وەرگیرانیان زۆر قورسە. من بەو کەسانە دەڵێم متمانەتان بەخۆتان هەبێت و داواکاری پێشکەشبکەن. حەزدەکەین ژمارەیەکی زۆرتری خوێندکاری عێراقی بنێرینە بەریتانیا.

پرسیار: چیڤنینگ تەنیا بۆ خوێندنی ماستەرە؟

ستیڤن هیکی : چیڤنینگ بۆ ئەوانەیە کە دەیانەوێ ماستەر بخوێنن. لە هەر بوارێکدا.

پرسیار: کە تەواویشیان کرد دەبێ بگەڕێنەوە عێراق!

ستیڤن هیکی : بەڵێ، ئومێدەکە ئەوەیە بگەڕێنەوە عێراق بۆ ئەوەی سوود بە وڵاتەکەیان بگەیەنن.

پرسیار: تاوەکو ئێستا هەموو ئەو کەسانەی لەو پرۆگرامە وەرگیراون هەموویان گەڕاونەتەوە عێراق؟

ستیڤن هیکی : وردەکاریەکان نازانم. وەک بزانم زۆرینەیان دێنەوە عێراق، دڵنیام هەندێکیان لەوێ دەمێننەوە.

پرسیار: باشە، بەمدواییانە سەرۆکی شارەوانی لەندەن فەرمانی کرد چەند پەیکەرێکی لەندەن لاببرێن و ناوی چەند شەقامێک بگۆڕدرین. بۆچوونی تۆ چییە؟ زۆرینەی ئەو پەیکەرانە بەشێکن لە مێژووی بەریتانیا. پێتوایە لابردنیان بیرۆکەیەکی باشە؟

ستیڤن هیکی : ئەمە مژارێکی گرنگ و سەرنجڕاکێشە بۆ زۆرکەس لە خەڵکی بەریتانیا. دڵنیام هەمان مژار لێرە لە هەولێریش درووست دەبێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە پرۆسەیەکی سیاسی ئاشتیانە هەیە. زۆربەی کات ئەو بڕیارانە لەسەر ئاستی خۆجێی یەکلایی دەکرێنەوە. لەلایەن بەرپرسانی خۆجێی و سەرۆکی شارەوانییەکان. پرۆسەی دیموکراسیانە و ئاشتیانە لەئارادان بۆ پێداچوونەوە بە دانانی زۆر لە پەیکەرەکانی نێو شارەکانی بەریتانیا. بەوردی چاودێری ئەو پرۆسەیە دەکەم. دڵنیام دەرەنجامێکی ئاشتیانە و دیموکراسیانە دەبینین.

''من رێزی زۆرم بۆ خەڵکی کورد هەیە''

پرسیار: دەمەوێ بەدیاریکراوی باسی پەیکەرێک بکەم لە لەندەن. پەیکەری کەسێکە بەناوی ئارتەر هاریس، ئەو کەسە لە ساڵی 1922 فڕۆکەوان بووە و یەکێک بووە لەو کەسانەی بۆمبارانی کوردستانی کردووە و خەڵکی کوردی کوشتووە. هەندێ جار کە خەڵکی کورد ئەو پەیکەرە دەبینن، بیر لەو مێژووە ناخۆشە دەکەنەوە. پێتوایە پێویستە ئەو پەیکەرە لاببرێت لەبەر ئەو مێژووە کە باسمکرد؟

ستیڤن هیکی : من رێزی زۆرم بۆ خەڵکی کورد هەیە، هەروەها بۆ ئەو کوردانەی لە بەریتانیا دەژین. بەتایبەتی لە لەندەن، کە خۆم خەڵکی ئەو شارەم. ئەمە بەدڵنیاییەوە بابەتێکی هەستیارە. خۆشم حەزدەکەم زۆرتری لەبارەوە بزانم. گومانم نییە لەوەی لەگەڵ بەردەوامی پرۆسەی پێداچوونەوە بە دانانی ئەو پەیکەرانەدا، بەوردی بیری لێ دەکرێتەوە و بۆچوونی هەموو دانیشتووانی لەندەن لەبەرچاودەگیرێت. خۆشحاڵم کە باست کرد، شتێکە کە حەزدەکەم زۆرتری لەبارەوە بزانم.

''ئاسانکاری بۆ بازرگانی دەکرێت لەنێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا''

پرسیار: باشە، باباسی برێکزیت بکەین... بەڕای تۆ جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا بیرۆکەیەکی باشبوو؟ داهاتووی ئابووری بەریتانیا چۆن دەبینی دوای برێکزیت؟

ستیڤن هیکی : شانازی دەکەم کە لەبەریتانیا لە دیموکراسیدا دەژین. گشتپرسیمان کرد، خەڵک بڕیاریاندا کە دەیانەوێ لەیەکێتی ئەوروپا بچنە دەرەوە. حکومەتی بەریتانیاش ئەنجامی گشتپرسییەکەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ئاشکرایە ئێستا بە رەوشێکی سەختدا تێدەپەڕین بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک هەموو بەشەکانی دیکەی جیهان. بەڵام باوەڕموایە ئەو دانوستاندنانەی ئێستا لەگەڵ یەکێتی ئەورپا بەڕێوەدەچن دەگەنە رێککەوتنێکی باش لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا. ئاسانکاری بۆ بازرگانی دەکرێت لەنێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا. لە هەمانکاتدا بەریتانیا دانوستاندن بۆ کۆمەڵێک رێککەوتنی نوێی بازرگانی دەکات لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا. کە دڵنیام دەبنە هۆی زیادبوونی هەلی بازرگانی لەنێوان بەریتانیا و وڵاتانی وەکو عێراق.

پرسیار: کەوایە پێتوایە بڕیاری دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا باشترین بڕیار بوو یاخود پێتباشبوو لەنێو یەکێتی ئەوروپا بمێننەوە؟

ستیڤن هیکی : بڕیارماندا دەربچین و ئێستا بەتەواوی لە یەکێتی ئەوروپا چووینەتە دەرەوە. لە هەمانکاتدا، حکومەتی بەریتانیا سوورە لەسەر ئەوەی پەیوەندی نزیکمان لەگەڵ دۆستە ئەوروپییەکانمان هەبێت. لە هەمانکاتدا چاومان لە ناوچەکانی دیکەی جیهانیش بێت. پێویستە دانوستاندن لەسەر رێککەوتنی بازرگانی نوێ بکەین، ئەکتەرێکی چالاک بین، نەک تەنیا لە ئەوروپا، بەڵکو لە هەموو جیهاندا. شانازی دەکەم کە بۆ حکومەتێک کار دەکەم کە تێڕوانینێکی فراوانی هەیە بۆ روانین لە وڵاتانی دیکەی جیهان. گەشبینم کە بەریتانیا دەتوانێ بەردەوام بێت لە بینینی رۆڵێکی گرنگی پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی. بۆ ئەوەی بتوانین پشتگیری عێراقییەکان بکەین بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی کە هەن.

پرسیار: تۆ وەک باڵیۆز دەتوانی رۆڵێکی گرنگت هەبێت بۆ نزیککردنەوەی بەریتانیا لەم ناوچەیە!

ستیڤن هیکی : کارێکی ئاسانە بۆ من، چونکە لە پێش منیش بەریتانیا هەر لە عێراق بووە و کۆمپانیاکان لێرە کاریان کردووە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستانیش. پەیوەندی بەهێزی مێژووییمان هەن، پەیوەندیمان لەگەڵ خەڵک هەیە، باسی بازرگانیشمان کرد. بەڵێ ئەوە کاری منە وەک باڵیۆز هانی ئەو پەیوەندیانە بدەم و گەشەیان پێ بدەم. بەدوای ئەو بوارانەدا بگەڕێم کە بتوانین تێیاندا هاوئاهەنگ بین هەروەها بزانین بەریتانیا دەتوانێ لە عێراق و هەرێمی کوردستان چی شتێک فێرببێت.

چاوپێكەوتنەكە لەگەڵ كەناڵی ڕووداو ئەنجامدراوە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif