-
یەكیەتی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو یادی ٤٥ ساڵەی نیشانداو بەڕێیكرد، ئێستا یەكیەتی وەك هێزێكی نوێ بوەوە خۆی نمایش دەكات و لە رووی سەركردایەتی و بەڕێوبردنەوە لە لوتكەوە بۆ هەموو ئاستەكانی بەرێژەیەكی بەرز خۆی گەنج كردۆتەوە و توانی لە ڕووی شكڵیەوە بە جۆرێكیتر خۆی نیشانی خەڵك بدات، كە دەكرێ پێی بڵێی گەنج بوونەوەی یەكیەتی، بەشێكی زۆر لە خۆشیان ناویان ناوە هەستانەوەی یەكیەتی، لە ڕاستیدا ئەمانە هموی بۆ نێوخۆیی یەكیەتی گرنگیان هەیە، چونكە چ ئەو فرە میمبەریەی یەكیەتی جاران و چ ئەو یەك میمبەریەی ئێستا یان گەنج بوونەوە و سەركردایەتیكردن گەنجانە همویان كێشەی یەكیەتیەكان بوە و ئەوانەی كە بۆ ئەو حیزبە كاردەكەن نەك منی هاوڵاتی، ئەوەی گرنگە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، چۆنیەتی مامەڵەی یەكیەتیە بۆ دەرەوەی خۆیی، واتە یەكیەتی وەك شەریكی حكومەت و حیزبی باڵای سنوری سەوز چی لە كەگبەیدایە بۆ خەڵك و دەتوانی چ هەڵەیەك ڕاستكاتەوە و چ ئیزافەیەكی ئیجابی هەبێت، چۆن دەتوانێ جۆرێكیتر خۆی نمایش بكاتەوە كە خەڵك دڵنیابی ئەم یەكیەتیە نەفەسێكی نوێیە بۆ داهاتوو، خۆ گەر همو مەهامی یەكیەتی ئەوەبێ بەرامبەر پارتی بوەستێتەوە و ڕكابەری حیزبی بكات، ئەوە گریمان توانیشی ئەوە بكات، ئایا خەڵك جگەلە تۆخ بوونەوەی سنوری دێگەڵە و گەرانەوەی پارسەنگی هێز بۆ یەكیەتی چی دەست دەكەوێت، كەواتە یەكیەتی وەك حیزب كادیرەكانی چەند بەهیواوە سەیری یەكیەتی دەكەن و دڵگەرم بوونەتەوە بۆی ئاساییە و حەقیانە دڵخۆشبن بە حیزبەكەیان، بەڵام بۆ گەنجێكی دەرچووی زانكۆی گیرفان خاڵی بێ كار و بۆ كاسبێكی نێو بازار كە ٢٩ ساڵە نادادگەری و شەرە پەڕۆ و گەندەڵی دەبینین و بۆ مامۆستایەكی موچە خوراو، یەكیەتی نوێ دەبێتەوە یان نابێتەوە و بەهێز دەبێتەوە یان نابێتەوە دەبێت چ دڵێكم پێی خۆشبێت گەر بەرهەمی ئەم نوێبونەوەیە بەقازانجی ئەو نەبێت، نوێ بوونەوەی یەكیەتی بۆ دەرەوەی یەكیەتی گۆڕانكاریە لە عەقلی یەكیەتیدا بۆ حیزبایەتی و حكومڕانی، گۆڕانكاریە لە بیركردنەوەی یەكیەتی بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن بە داهاتی وڵات و خزمەتكردنی خەڵك، یەكیەتی كەی توانی ڕێژەی شەفافیەتی دارایی بەرزكاتەوە لەو سنورەی خۆی حیزبی حاكمە بۆ نمونە سلێمانی، كەی خەڵك زانی داهاتی سلێمانی چی لی دێت و دەچێت بۆ كوێ؟ ئەوكات دەتوانی بڵێی نوێبونەوەی یەكیەتی سودی بۆ خەڵك هەیە كە هیوادارم وا بێت، كەی یەكیەتی توانی دەستوەردان لە دادگاو دامەزراوەكان كۆتایی پێ بهێنێت و هیچ بەرپرسێك نەیتوانی لە سەروو یاساوە بێت، من دەڵێم یەكیەتی نوێ بوەتەوە و پیرۆزبێت، كەی یەكیەتی توانی لە هەڵبژاردنەكاندا جیاواز لە ڕابردوو مامەڵە بكات، ئەوكات دەڵێم یەكیەتی دەیەوێت كەم و كورتیەكان چاك بكات، بەڵام گەر تەواوی گۆڕانكاری لە یەكیەتیدا هاتبیتەوە سەر ئەوەی دەموو چاوەكان بگۆڕێت و بەرامبەر پارتی زبر بێت، ئەوا بۆ منێكی هاوڵاتی هیچ جیاوازیەكی نیە و بۆ خۆشی چۆن سەیری ئاوێنە دەكات با بیكات.
ئەوەی گرنگە بۆ منێكی هاوڵاتی خستنە سەر سكەی حكومەت و حكومڕانی باشە، دوور خستنەوەی كاریگەری منافەسەی حیزبیە لە قوتی خەڵك، لاواز كردنی منافەسەی شەخسیە لە نێو حكومەت و دامەزراوەكان، ئەوەی لای خەڵك گرنگە زیادكردنی شەفافیەت و كەمكردنەوەی گەندەڵیە، بەرپاكردنی دادگەری كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریە، ئیدی حیزبەكان كۆنگرە دەبەستن یان نا، كێ دەبێتە كەسی یەكەم و دوەم یان نا، هیچ گرنگ نیە، چ بۆ یەكیەتی و چ بۆ پارتیش، هیوادارم ئەوەی یەكیەتی بانگەشەی بۆ دەكات ڕەنگ بداتەوە بۆ دەرەوەی خۆیی و كاریگەری ئیجابی ببینین بۆ خەڵك و مۆدێلی حكومڕانی و گۆڕانكاری لە بەڕێوبردنی وڵات بە قازانجی خەڵك
لە ئێستادا دۆخی ئابووری خەڵك زۆر خراپە، داهاتی گشتی ڕووی لە لێژیە و پەتای كرۆناش جیهانی خستۆتە دۆخێكی خراپی تایبەتەوە، بەتەنیشت هەموو ئەمانەوە یەكیەتی و پارتی لە پەیوەندیەكانیاندا گرژی هەیە و بەڕوونیش چ گرژیەكە و چ هۆكارەكەی دیارە، من بۆ خۆم پێم خۆشبوو ئێستا حكومەت بەمانای حكومداری بوونی هەبوایە و پەیوەندی حیزبی كاریگەری لەسەر ئەدای حكومەت نەبوایە، بەڵام لە ئێستادا پێچەوانەكەیەتی و بچوكترین ناكۆكی كاریگەری لەسەر ئەدای حكومەت هەیە و ئەمەش زیانی خەڵكی بەدواوەیە، ئەوەی ئێستا گرنگە بۆ یەكیەتی قبوڵكردنی ئەم حەجمەی ئێستایەتی تا هەڵبژاردنی داهاتوو، ناكۆكیەكانیان نەگوازنەوە بۆ شتی لابەلا، دەبێت مامەڵە لەگەڵ واقیعدا بكەن، چونكە خۆیان شەریكی دروستكردنی حكومەتن و ڕێككەوتنیان كردوە و ئەو سەرۆك حكومەتەیان قبوڵ بوە و دەنگیان پێداوە، واتە شەریكی باشی و خراپیەكانن، بە میدیا و فەیسبوك لە بەرپرسیارێتی دوور ناكەونەوەو لەم هموو ناكۆكیەدا تەنها خەڵك زیان دەكات،
لە ئێستاشدا دەبێت پارتی لە گەل واقعی یەكیەتیدا مامەڵە بكات، من دەزانم چ یەكیەتی و چ پارتی حەزیان دەكرد خۆیان حاكمی موتڵەقبن بوونایە بێ شەریك و منیش حەز دەكەم هیچ كامیان دەسەلاتدار نەبوونایە، بەڵام ئەم سیانە هەرسێكیان خۆزگەن و واقیع نین، بۆیە دەبێت پارتی لەسەر ئاستی حیزبی لەگەڵ ئێستای یەكیەتی و دەرئەنجامەكانی كۆنگرەی یەكیەتی مامەڵە بكات، یەكیەتی بڕیاریداوە ئاوا سەركردایەتی خۆی دابنێت و سەرۆكایەتی بداتە خەڵكی نوێی خۆی، ئیدی لەدەرەوەی ئەمە هەر جۆرە مامەڵەیەك جگە لە پشێوی سیاسی هیچیتر سەوز ناكات، دەبێت حیزبەكان بزانن گەر دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ یەكیەتی بكەن دەبێت بەڕێوبەرانی ئێستای یەكیەتیان قبوڵبێت، جا پێیان خۆشبێت یان ناخۆش، ئەوە واقیعی ئێستایەو مامەڵەكردن لەگەڵ خەیاڵیش دوورخستنەوەی خۆتە لە واقیع و لە بەرامبەریشدا دەبێت بەرپرسانی لوتكەیی یەكیەتی هەستیارانە و جیاواز لە ڕابردوو مامەڵە بكەن، چونكە دۆخەكە زۆر ناسكە
لە ئێستادا حیزبەكان ئەركیان قورسە و قۆناغی بەرپڕسیارێتیە، خەڵك لە تەقینەوەی جەماوەریدایە، بەغداد جیاواز لە ڕابردوو لەگەڵ هەرێم مامەڵە دەكات و جیاوازیش دەبێت، ژێرخانی ئابوری وێران و سندوق خاڵی و نرخی نەوت و كۆرۆناش با بوەستێ، گەر حیزبەكان بە خۆیانا نەچنەوە و یەكیەتی و پارتی ناكۆكیەكانیان بە قازانجی خەڵك چارەسەر نەكەن، هەرێمی كوردستان لە مەترسی جدی گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر هەنگاو دەنێ، ئەوكات نەنوێ بوونەوە و نە پەشیمانی دادی هیچ حیزب و كەسایەتیەك نادات و خەڵكیش جارێكیتر كەسیان قبوڵ ناكات، جا بەرلەوەی هموشت لەدەست بدەین بەرپرسانە مامەڵە بكەن و ئەم بارگرانیە دەرونی و ئابوری و سیاسیە كۆتایی پێ بهێنن
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق