عێراق پابەندی رێككەوتننامەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانى نەوتە

ليست هناك تعليقات



وەزیری نەوتی عێراق جەختی لە پابەند بوونی عێراق بە رێككەوتننامەی ئۆپێك تایبەت بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت کردەوە و رایگەیاند، سەرەڕای ئاستەنگە دارایی و ئابوورییەكان، عێراق سوورە لەسەر پابەندبوون بە رێككەوتننامەی ئۆپێك.

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق جەختی كردووەتەوە، " لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئۆپێكدا عێراق لە مانگی حوزەیران و تەممووزدا پابەندی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتە، سەرەڕای بەرنامەی كەمكردنەوەی بەرهەمى نەوت كە بۆ ماوەكانی داهاتوو رێككەوتنی لەسەر كراوە". 

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، "سەرەڕای ئاستەنگە دارایی و ئابوورییەكان، عێراق سوورە لەسەر پابەندبوون بە رێككەوتننامەی ئۆپێك و هەموو ئەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی سەقامگیریی بازاڕەكانی نەوت لە جیهان".

شەممەی رابردوو 2020/06/06 وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی ئۆپێك، رووسیا و وڵاتانی بەرهەمێهنەری نەوت لەسەر ئەوە رێككەوتن لە هەردوو مانگی حوزەیران و تەممووزدا رۆژانە بڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت كەمبكەنەوە، ئەوەیش لە كاتێكدایە كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە جيهاندا خواست لەسەر نەوتی خاو كەمبووەتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif