هێزەكانی خەلیفە حەفتەر گەمارۆ دراون

ليست هناك تعليقات


هێزەکانی سەر بە حکوومەتی ویفاقی نشتیمانی لە لیبیا شاری تەرهونەیان کۆنترۆڵکردەوە کە دواین پێگەی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر بوو لە رۆژئاوای لیبیا. ئێستا هێزەکانی خەلیفە حەفتەر لە شاری بەنی وەلید گەمارۆدراون.

دوای کەمتر لە 24 کاژێر لە کۆنترۆڵکردنەوەی فڕۆکەخانەی تەرابلووس و دەروازەکانی پایتەخت لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ویفاقی نیشتمانییەوە، ئەو هێزانە بەرەو شاری تەرهوونە لە باشووری رۆژهەڵاتی تەرابلووس چوون و لە کۆنترۆڵی سوپای حەفتەر دەریانهێنایەوە.

عەبدولحەلیم محەممەد، فەرماندە لە سوپای ویفاقی نیشتمانی دەڵێت، "سوپاس بۆ خودا و بە پشتیوانیی خودا هێزەکانمان لە هەموو بەرەکاندا لە پێشڕەویدان و تۆپخانەکانمان دوژمنانمان تۆپباران دەکەن و سوپاس بۆ خودا ورەمان بەرزە و دوژمن لە پاشەکشەدایە و پشت بە خودا زیانە مرۆیی و ماددییەکانیان گەورەن و نزا دەکەین خودا بمانپارێزێت و گەنجەکانمان لە بەرەکانی شەڕدا بپارێزێت و پشت بە خودا سەردەکەوین".

تەرهوونە دوا پێگەی سوپاکەی حەفتەر بوو لە رۆژئاوای لیبیا. 95 کیلۆمەتر لە تەرابلووسی پایتەختەوە دوورە. حەفتەر وەک سەکۆ و بنکەیەکی سەرەکی بۆ کۆنترۆڵکردن و ئاراستەکردنی هێزەکانی بەرەو تەرابلووس بەکاری دەهێنا. 

لەدوای لەدەستدانی تەرهوونە، زانیارییەکانی گۆڕەپانی جەنگ باس لە پاشەکشێکردنی هێزەکانی حەفتەر بۆ ناوچەی بەنی وەلید و بنکەی ئاسمانیی جەفرە لە باشووری تەرهوونە بە دووریی نزیکەی 90 کیلۆمەتر دەکەن.

بە لەدەستدانی تەرهوونە ئیدی بۆ یەکەم جار سوپای حکومەتەکەی فائیز سەراج تەواوی ناوچەی رۆژئاوای لیبیایان کۆنترۆڵکردەوە.

ئەنقەرە بۆ یەکەم جار سەرکەوتنەکانی سوپای ویفاق بۆ فەرماندارێتیی هێزەکانی دەگەڕێنێتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "سەربازانمان، بەرگریی نیشتمانیی وڵاتمان لە بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ تیرۆر لە کانیی ئاشتیدا داستان تۆماردەکەن. کە باکووری عێراقدا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داستان تۆماردەکرێت. لە ئدلیبیشدا بە هەمان شێوە تۆمارکردنی داستانەکان درێژەیان هەیە. لەم چەند رۆژەی دواییشدا لە لیبیا سەربازانمان لەگەڵ برا لیبییەکانیان لە تەرابلووس، تەرخونە و ناوچەی دەوروبەری فڕۆکەخانەکان بە تەواوی پاککرایەوە. ئێستاش بەرەو پلانی داڕێژراو هەنگاودەنێن". 

لە ڕووی سیاسییەوە ئێستا داشی حکومەتی ویفاق و پاڵپشتیکارەکانیان کە تورکیا و قەتەرن بەسەر سوپاکەی حەفتەر و پاڵپشتیکارەکانی کە رووسیا، میسر و کەنداوییەکانن سوارە.

لە کاتێکدا تورکیا دەڵێت، ئێستا کاتەکەی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان لیبییەکاندا شیاوە، خەلیفە حەفتەردەڵێت، دانیشتن لەسەر مێزی دانوستانەکان بە مەرجی چوونە دەرەوەی دوایین سەربازی تورکیا لە خاکی لیبیا بەستراوەتەوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif