ڕاپۆرت
-
لەبەشێك لە وڵاتانی جیهان ئەمرۆ رۆژی منداڵانە و لەبەشێكی تری وڵاتانیش 20/11ی هەموو ساڵێك رۆژی جیهانی منداڵانە، پەیسەرپرێس لەم راپۆرتەدا دۆخی منداڵانی جیهان دەخاتە روو.
بێگەردی منداڵان و تێكەڵكردنیان بەدونیای گەورەكان
ئەگەر چی دونیای منداڵان دونیایەكی پر لە پاكی و بێگەردیە، بەڵام لەلایەن گەورەكانەوە تێكەڵ بەململانێكان كراوە، بەشێوەیەكی گشتی لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان رۆژی منداڵان هەیە، بەڵام ئەمە تارادەیەك بەپێی سیستمی سیاسی و ئاستی رۆشنبیری و شارستانی گەلان گۆرانكاری بەسەر چۆنیەتی یادكردنەوە و رۆژەكەیەوە هەیە.
لەبەشێك لەوڵاتان یەكی حوزەیران رۆژی جیهانی مندالانە
رۆژی یەكی حوزەیران لەزۆرینەی ئەو وڵاتانەی سەر بەیەكێتی سۆڤیەت بوون رۆژی جیهانی منداڵانە، و لەساڵی 1950 وە لەو وڵاتانە بەبۆنەی رۆژی جیهانی منداڵانەوە ئاهەنگ دەگێردرێت، دیاریكردنی ئەم رۆژە لەكۆنگرەی نێودەوڵەتی یەكێتی ئافرەتان دیاریكرا كە لە 4/11/1949 لەشاری مۆسكۆ بەسترا، تائێستاش ئەو رۆژە لە وڵاتە شیوعیەكان و هاوپەیمانەكانی پێشووی سۆڤیەت یاد دەكرێتەوە.
لەبەشێكی وڵاتان 20 كانونی دووەم رۆژی جیهانی منداڵانە
لەبەشێك لەوڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقا رۆژی 20 ی كانونی دووەم رۆژی جیهانی منداڵانە، ئەوەش لەسەر راسپاردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لەساڵی 1954 وە، هەنگاوەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هۆشیاركردنەوە و باشكردنی دۆخی منداڵانە لەسەرتاسەری جیهان، لەو رۆژەدا و لەساڵی 1959 دا كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان جارنامەی مافەكانی منداڵانی راگەیاند، و لەهەمان رۆژی ساڵی 1989 دا كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان رێككەوتنی مافەكانی منداڵانی راگەیاند.
لەوڵاتانی تر رۆژی منداڵان كاتێكی ترە
بەشێوەیەكی گشتی وڵاتانی جیهان لە 50 رۆژی جیاوازدا جەژنی منداڵان دەكەنەوە و بەشێكیان پابەندی ئەو رۆژە نین كە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە راگەیەندراوە.
دۆخی منداڵان لە ئێستادا
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی یونسێفی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان كە لەسەرەتای ئەم ساڵدا بڵاوكراوەتەوە لەساڵی 2018 دا 2ملیۆن و 500 هەزار منداڵ لە مانگی یەكەمی تەمەنیاندا مردوون و سێیەكی ئەوانەش لە رۆژی یەكەمی لەدایك بوونیاندا گیانیان لەدەستداوە، بەهۆكار گەلێك كە تواندرێت رێگری لەمردنیان بكرێت، هەروەها ساڵانە زیاتر لە 2ملیۆن و 500 هەزار منداڵ بە مردووی لەدایك دەبن.
منداڵ و كاركردن
لەبەشێكی زۆر وڵاتان منداڵان دەخرێنە بەركار و بەرپرسیاریەتی بەخێوكردنی خێزانیان دەخرێتە ئەستۆ، بەوەش لە بەسەربردنی تەمەنی منداڵی بەشێوە سروشتیەكەی بێبەش دەكرێن، هەروەها بەهۆی كاركردنەوە ئاستەنگ بۆ خوێندنیان دروست دەبێت و بەهۆیەوە بەشێكیان ناچار دەبن دەستبەرداری چونە خوێندنگا بن، جگە لەوەی كاركردن زیان بەلایەنی كۆمەڵایەتی و دەرونی و عەقڵی و جەستەیی منداڵ دەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەی كاركردنی منداڵان بەیاسا لە تەواوی وڵاتانی جیهان قەدەغەكراوە، بەڵام كاری هونەر و كاری خێزانی بەدەركراون لەو قەدەغەیە.
بەپێی راپۆرتی بانكی نێودەوڵەتی رێژەی كارپێكردنی منداڵان لەسەر ئاستی جیهانی لە 25% وە بۆ 10% دابەزیوە لەنێوان ساڵانی 1960-2003، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ژمارەیەكی زۆری منداڵان لەجیهاندا كاریان پێدەكرێت، بەپێی راپۆرتی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی نزیكەی 168 ملیۆن منداڵ كەتەمەنیان لەنێوان 5 بۆ 17 ساڵیدا بووە لەساڵی 2013 دا كاریان كردووە، بەپێی چەند ئامارێكی تر لەئێستادا رێژەكە بۆ 218 ملیۆن منداڵ بەرزبۆتەوە، و لەو ژمارەیەش 73 ملیۆن منداڵ لەو شوێنانە كار دەكەن كە مەترسی بۆسەریان هەیە.
دۆخی منداڵان لەعێراق
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی یونسێف نزیكەی 7 ملیۆن منداڵی عێراقی كە دەكاتە سێیەكی كۆی منداڵانی ئەو وڵاتە پێویستیان بەهاوكاری هەیە و بەشێك لەو منداڵانەش وازیان لەخوێندن هێناوە، هەروەها بەپێی راپۆرتی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لەعێراق لە هاوینی ساڵی 2014 وە رێژەی كاركردنی منداڵان زیادیكردووە، بەهۆی ئەوەی شەڕی رێكخراوی تیرۆرستی داعش لەعێراق سێ ملیۆن و 500 هەزار ئاوارەی لێكەوتەۆتەوە. بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی عێراق لەساڵی 2018 دا رێژەی وازهێنانی خوێندكاران لەخوێندن گەیشتۆتە 6%.
رەوشی منداڵان لەهەرێمی كوردستان
ئەگەرچی كاركردنی منداڵان لەهەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت، بەڵام بەپێی راپۆرتی رێكخراوی یونسێف ژیانی منداڵانی هەرێمی كوردستان باشتر بووە، بەپێی راپۆرتێكی یونسێف كە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2018 بڵاویكردۆتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە هەرێمی كوردستان بەرەوپێشچوونی گەورەی لەبواری دەستراگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزاری تەندروستی بەخۆیەوە بینیوە راپۆرتەكە دەڵێت لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی زیاتری بە فێركردن و كۆتایی هێنان بەتوند و تیژی دژی منداڵان هەیە.
یونسێف لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە نزیكەی 96%ی منداڵانی هەرێم دەچنە خوێندنگای سەرەتای و 67% دوای تەواوكردنی سەرەتای پەیوەندی بە خوێندنی دواناوەندیەوە دەكەن.
یونسێف لە راپۆرتەكەیدا داوای لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە لەپێناوی پاراستنی مافەكانی منداڵان وەبەرهێنان لەو خزمەتگوزاریانە بكات كە سودی راستەوخۆیان بۆ ئەو منداڵانە هەیە كە زیانمەندی ئاڵۆزیەكان و هەژارین، هەروەها داوایكردووە هەرێمی كوردستان سنورێك بۆ هەموو جۆرە توند و تیژیەك دابنێت دژی منداڵان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق