چەند هەنگاوێك بۆ ڕێگریكردن لەبەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری

ليست هناك تعليقات


شوان عثمان حمةصادق (ماستەر لە کارگێری کار)
-
بە تێڕوانينی ئێمە، حکومەت دەتوانیت،لە رێگەی گرتنەبەری ئەم ھەنگاوانەی خوارەوە، لەکاتی ئێستادا چارەسەری ئەم کێشەیە بکات یاخود بە لانی کەمەوە رێگری بکات لە زیاتر بەرزبوونەوەی بۆ ئاستێکی مەترسیدارتر.

یەکەم:- دیاریکردنی ڕیژەیەکی دیاریکراو بۆ کارکردنی کەسانی بیانی و دانیشتوانی شارەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لەگشت پرۆژە و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت. لە ئێستادا نارێکی لەم لایەنەوە بۆتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی کەسانی بیانی و دانیشتووانی دەرەوەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان زیاتر دابمەزرێن. پێویستە ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو ڕێژەی دەستی کاری بیانی دیاریکراو بیت و پێشینەی دامەزراندن بدرێتە دانیشتوانی شارەکانی ھەرێمی کوردستان.

دووەم:- ھاندان و بوژانەوە و خستنەگەڕی ئەو پرۆژە وکارگانەی کە دەبنە فاکتەری رەخساندنی ھەلی کاری زیاتر لە ھەر یەکە لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و بیناسازی لەرێگای تەمویل کردن و ئاسانکاری وپێدانی زەوی بەبرە پارەیەکی کەم بۆ دانانی پرۆژەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی وخزمەتگوزاری گشتی.

سێھەم:- پێداچوونەوەیەکی تەواو بکرێت بە سیاسەتی خوێندن و فێرکردن وسیستەمەکانی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ وپەیمانگاکان بۆ ئەوەی رێڕەوی خوێندکاران راستبکرێتەوا بەرەو ئاراستەی ئەم بوارانەی کەوا کەموکوڕی ھەیە لەدەستی کار یاخود پێویستی بە کەسانی پسپۆر ھەیە. دەکرێت لەکاتی ئێستادا لەجیاتی کردنەوەی زانکۆی ئەھلی زیاتر بایەخ بە کردنەوەی زانکۆی پیشەیی و پەرە بەفێرکردنی پیشەیی و تەکنیکی ( Technical & Vocational Education ) بدرێت.

چوارەم:-دانانی بەرنامەیەکی تەواو و دروست بۆ ھاوکاریکردنی گەنجان لە دروستکردنی پرۆژەی بچووک و ڕاھێنانیان لەسەر چۆنیەتی ئیدارەکردن و چارەسەرکردنی کێشە و بازارکردنی ئەو پرۆژانە.

پێنجەم:- پەرەپێدانی توانای پیشەیی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و ئەوانەی ئەزموونی کارکردنیان کەمە و بەدوای ھەلی کاردا دەگەرێن و ڕاھێنان و ئامادەکردنیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی پەرە بە تواناکانیان بدرێت و کاریان دەستکەوێت.

شەشەم :- دروستکردنی داتابەیسێکی گونجاو کە تیایدا تەواوی ئەو کەسانەی بێکارن لێی تۆمار بکرێت بۆ ئەوەی حکومەت ھاوکاریان بکات و ھەوڵی دۆزینەوەی کاریان بۆ بدات لەرێگای ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیا و پرۆژەکان و ھەروەھا تەرخانکردنی پێشانگاکانی ھەلی کار تایبەت بۆ ئەوانەی بێکارن.

حەوتەم: کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی حکومی بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تەدریجی شوێنیان پربکرێتەوە و ھەلی کاری نوێ بۆ بێکاران لە کەرتی گشتی دەستەبەربکرێت.

ئەو ھەنگاوانەی ئاماژەم پێدان دەتوانرێت ئەنجام بدرێت ئەگەر بێت و حکومەت ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری و بەم ھەنگاوانە ڕێگر دەبێت لە سەرھەڵدان یاخود قوڵبوونەوەی کێشەی دیکەی ئابووری و کۆمەڵایەتی وپیشەسازی کەوا لە دەرئەنجامی بێکاری دروست دەبێت.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif