رێگە سەختەکەی چاکسازی بە سلێمانیدا تێدەپەڕێت!

ليست هناك تعليقات

د.زوبێر رەسول
-
پاش ئەو قەیرانەی بەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گرتووە، بۆ بەشێکی زۆری خەڵک تاکە هیوایەک کە مابێت دەستبردنە بۆ چاکسازی، چونکە لە بەردەوامی ئەو دۆخە نەک هەر حکومەت، بەڵکو تەواوی پرۆسەی سیاسیش خەریکە زیانی زۆری بەر دەکەوێت. بەتایبەت ئەو جەمسەربەندیە حیزبی و دابەشبوونە جوگرافیەی کە هەیە ئاماژەکانی خەریکە بە ئاقارێکی مەترسیداردا دەڕۆن. لە دەسپێکی کابینەی نۆیەم ئومێدێکی باش دروست بوو بۆ چاکسازی، بە تایبەت سەرۆکی کابینەی حکومەت پێداگری زۆری کرد لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، بە جۆرێک کە کارنامەی کابینەی نۆیەم زیاتر لە کارنامەی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن دەچوو تا حیزبێکی موحافزکاری دەسەڵات. 

لە سەرەتایی راپەڕینەوە تاوەکو پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە 2003 تەرازووی هێز لە نێوان پارتی و یەکێتی هەمیشە هاوتابووە، بەڵام لە دوای 2003 لاسەنگیەک لە باڵانسی هێز لە هەرێمی کوردستان دروست بوو. ئەم لاسەنگییە بریتی بوو لە بەهێزبوونی پێگەی پارتیی دیموکراتی کوردستان و لە بەرامبەریشدا پاشەکشێكردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. بە جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە 2009 ئەو لاسەنگییە فۆڕمێکی تازەی لە پێوەندی نێوان حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا هێنایەکایەوە کە بریتی بوو لە شکاندنی سیاسەتی جووت جەمسەری یەکێتی و پارتی و دروستبوونی جۆرێک لە فرەجەمسەری و دواتریش پاشەکشێکردنی دیاری یەکێتی لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستاندا. گۆڕانەکە بەجۆرێک بوو ئەگەر گوتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە 2009 ئەوەندە دژە دەسەڵات و پارتی نەبوایە، پارتی ئامادەبوو بزووتنەوەی گۆڕان بکاتە بەدیلی یەکێتی، بەڵام لەبەر ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بەشێکی زۆری هێزی خۆی لە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی پارتی و یەکێتی دەستکەوتبوو نەیدەتوانی لە یەکەم گەڕی هەڵبژاردنەکاندا ببێتە شەریكێکی چاوچنۆکی دەسەڵات. ئەمەش هەم تاکتیک و هەمیش کارامەیێکی فرە باش بوو لە سیاسەتکردن کە متمانە و سەرمایەیێکی سیاسی زۆری بەخشی بەو بزووتنەوەیە. 

لە دوای 2003 تاوەکو 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بەهێزی کەسایەتی مەسعود بارزانی و پێگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی و هێزیكی زۆری دایە پارتی، هەم لە ناوەخۆ و هەمیش لە دەرەوەدا. ئیتر لەو ساتەوە تاوەکو ئێستاش پارتی وەک خاوەنداری حوکمڕانی هەرێمی کوردستان خۆی دەبینێت نەک وەکو حیزبێکی میوان لە دەسەڵاتدا. هەموو حیزبەکانی دیکەش کەم تا زۆر دانیان بەو ئەو برا گەورەیی و باڵادەستیەی پارتی ناوە و وەک خاوەنی دەسەڵاتداری دوای 2003 لە هەرێمدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. 

بۆیە سەیر نییە کە هەموو نوشستییەکان دواجار هەر بەسەر پارتیدا بشکێنەوە، ئەگەرچی لەڕاستیدا پارتی لە جوگرافیای سەوزدا قەت حوکمڕان نەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دامەزراوە سەرەکییەکانی حوکمڕانی لە دەست چنگی پارتی دان، ئیدی پارتی ئەگەر تەنیا حوکمی هەولێریش بکات هەر خاوەن حوکمڕانی هەرێمی کوردستانە. 

دوای سەرکەوتنی کۆنگرەی یەکێتی و دروستکردنەوەی جۆرێک لە ناوەندی بڕیار هەروەها داننان بە سەرکردایەتی نوخبەی نوێی و سەرۆکایەتی تازەی یەکێتی، ئێستا یەکێتی بە هێزێکی دیکە و گوڕوتینێکی دیکە ململانێ دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پێگە سیاسییەی کە پێش 2003 هەیبوو. هەرچەندە من نامەوێت ئێستا پەلە بکەم لە حوکمدان لەسەر گەڕانەوەی ئەو پێگەییەی جارانی یەکێتی، بەڵام هەنگاوێکی سەرەتایی بەو ئاراستەیەوە دەبینم. لە هەڵبژاردنی ئاییندەدا ئەم دیدە روونتر دەردەکەوێت بۆیە ئێستا کات ناکوژم بە پێشبینی کردنی ئەو هەنگاوە سەرەتاییە. 

بابێمەوە سەر پرسی سەرەکی ئەو قۆناغەی حوکمڕانی کە بریتییە لە پرسی ئەنجامدانی چاکسازی کە لە راستیدا نەک پرسێکی ئاسان نییە و بەڵکو لە ئێستاوە خەریکە بەربەستیشی بۆ دروستدەکرێت لە لایەن هەموو حیزبەکانەوە نەک لایەنێکی دیاریکراو بە تەنیا. چونکە هەڵواشندنەوەی هەزاران خانەنشین و مووچەخۆری نایاسایی، لە وەزیرەوە تا بریکار و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکار و، پلەداری سەربازی و...تاد، شەڕێکی زۆر و پشتگیریێکی بەهێز و متمانەیەكی باشی جەماوەر و لایەنەکانی دەوێت، کە بەداخەوە ئێستا ئەو پێشمەرجانە گشتیان کێشەیان هەیە. لە راستیدا ئەو جموجۆڵەی ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی لە دژی ئەندام پەرلەمانەکەی کۆمەڵی ئیسلامی کردیان هەڵەیەک بوو لە کاتێکی ناوەختدا کراو خەریکە زۆریش لەسەر حکومەت دەکەوێت. لە 12 ئۆکتۆبەری 2015 پارتی ئەزموونێکی دیکەی هاوشێوەی هەبوو (داخستنی پەرلەمانی کوردستان) کە دیسان زۆر لەسەر پارتی و پرۆسەی سیاسی و پەیوەندی حیزبە سیاسییەکان کەوت کاریگەری زۆریشی هەبوو لەسەر پاڵپشتی لایەنەکانی دیکە لە ریفراندۆم تا دواجار 16ی ئۆکتۆبەریشی لێکەوتەوە. هیوادارم ئەو دۆخەی ئێستای نێوان لایەنەکانیش ئەو پرسەی چاکسازی بە دەردی ریفراندۆم نەبات! 

پارتی دەبوایە زۆر دووربینانەتر و وریاتر مامەڵەی لەگەڵ ئەو گرژیانەی پەرلەمان و گوشاری لایەنەکانی دیکەدا بکردایە. ناکرێت ئەرکێکی چارەنووسازی وا گەورەت لە پێش بێت لەو ئانوساتە ناسکەدا، کەچی لە سەرێکی دیکەدا تەواوی دۆخی سیاسی بشێوێنی و هەموو لایەنەکانی دیکە بکەیتە نەیاری خۆت، ئەمە بەڕاستی سوود وەرنەگرتنە لە هەڵە کە سەرەنجام دۆخێکی ناهەموار و قەیرانێکی سیاسی بەدوای خۆیدا هێنا، پارتی نەک هیچ سوودی لێنەبینی بەڵکو بە هەموو توانایەوە دەیەوەێت دۆخەکە بگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی. هێزێکی سیاسی کە ئامانجێکی گەورەی وەک جێبەجێکردنی کارنامەی چاکسازی هەبێت چۆن بە رەخنە یان تانەیەکی پەرلەمانتارێک دەکەوێتە هەڵەوە! دەیان رێگەی دیکەی ئاسان هەبوون بۆ چارەسەکردنی ئەو پرسە کە لە وانەیە تەنیا تەلەفۆنێک بۆ سکرتێری کۆمەڵی ئیسلامی کیفایەت بوبێت. پارتی بە تایبەت تیمی پەرلەمانتارەکانیان دەبێت راستییەک بزانن کە ئەوان ناتوانن هاوشێوەی لایەنەکانی دیکە یاری بکەن چونکە لایەنەکانی دیکە شتێکی وایان نییە بیدۆڕێنن لە حکومەت، بەڵام پارتی زۆری هەیە بیدۆڕێنێت هەم لە حکومەت و هەمیش لە دەرەوەی حکومەت. چونکە تێچووی یاری و مەیدانی یاریەکەش (پرۆسەی سیاسی) دواجار هەمووی لەسەر حسابی سیاسی پارتی دەبێت. 

پێشمەرجی هەر پرۆسەیێکی چاکسازی بوونی دۆخێکی سیاسی و ئابووری ئارام و سەقامگیرە بۆ ئەوەی چاکسازییەکان ئەنجام بدرێن. ئێستا دۆخێک هەیە کە هەموو لایەناکان لە سەنگەرێک و پارتیش بە تەنیا لە سەنگەرێکدایە. ئەمە بێجگە لەوەی کە هەرێمی کوردستان خۆی لە دۆخێکدایە کە قەیرانێکی ئابووری و تەندروستی بەرۆکی گرتووە رێژەی بێکاری لە نزمترین ئاستدایە، تووڕەیی جەماوەریش لە بەرزترین ئاستدا. بۆیە لە دۆخێکی وەهادا زۆر ئەستەمە ئەنجامدانی چاکسازی ئامانجی خۆی بپێکێت، بەڵکو مەترسی ئەوەی هەیە دەرەنجامی پێچەوانەی لێبکەوێتەوە. 

لە هەر هەنگاوێکی پرۆژەیەکی چاکسازی بەرژەوەندی هەزاران کەس دەکەوێتە مەترسییەوە، لەو دۆخەی ئێستادا بەدەستهێنانی پشتیوانی لایەنە سیاسییەکانی دیکە زۆر زەحمەتە، نەک هەر ئەوە بەڵکو بەدەستهێنانی پشتیوانی لە ناو خودی پارتیشدا ئاسان نییە.

راستە کارنامەی چاکسازیەکانی حکومەت لە رووی پاڵپشتی یاساییشەوە گەیشتۆتە کۆتا قۆناغ، بەڵام لە رووی سیاسییەوە پاڵپشتی گشت لایەنە سیاسییەکانی دەوێت بە تایبەتیش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبێ پاڵپشتی یەکێتی ئەم هەنگاوە جێبەجێ ناکرێت. چونکە وەک لە بابەتەکانی دیکەشدا ئاماژەم پێدا لە هەرێمی کوردستان تەواوی پرۆسەی سیاسی و حوکمداری بەسەر دوو جوگرافیادا دابەشکراوە، کە دوو هێزی سیاسی نوێنەرایەتی دەکەن. ئەمە ئەو واقیعەیە کە بەداخەوە بەربەستێکی گەورەو مەترسیدارە لەسەر ئاییندەی پرۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا. ئەو رێگە سەختەی حکومەتیش بە نیازە بیگرێتەبەر دیسان بە سلێمانیدا تێپەڕ دەبێت! 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif