بۆچی خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌مریكا به‌ره‌و هه‌ڵكشان چوون؟

ليست هناك تعليقات

نووسه‌ر: حوسام ئیبڕاهیم
وه‌رگێران : لوقمان حاجی قادر
-
له‌ 25 مایۆی ڕابردووه‌ تاوه‌كو ئێستا، خۆپێشاندانه‌كان زۆرێك له‌ شاره‌كانی ئه‌مریكایان گرتۆته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی كوژرانی هاوڵاتییه‌كی ئه‌مریكی به‌ ڕه‌گه‌ز ئه‌فریقی بوو. دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و هه‌ڵكشان چوو، تا كار گه‌یشته توندوتیژی و وێرانكاری، ئه‌مه‌ش پرسیارگه‌لێك دێنێته‌ ئاراوه‌: خۆپێشانده‌ران كێن؟ داواكاریان چییه‌؟ هۆكاری سه‌ره‌كی خۆپێشاندانه‌كان چین؟ ئایا داواكارییه‌كانیان دێنه‌دی؟ ئایا ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ گۆڕانكاری بونیادگه‌راییان لێده‌كه‌ونه‌وه‌؟

نه‌خشه‌ی خۆپێشاندانه‌كان
خۆپێشاندنه‌كانی ئه‌مریكا نیشانه‌ن بۆ چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی گرنگ، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:

یه‌كه‌م/ به‌رفراوانبوونی خۆپێشاندانه‌كان
خۆپێشاندانه‌كان سنوری شاری مینیاپۆڵس- یان بڕی كه‌ "جۆرج فلوید" ی تێدا كوژرا، شاره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ویلایه‌تی مینیسوتا- وه‌، له‌وێشه‌وه‌ په‌ڕییه‌وه‌ زۆرێك له‌ شاره گه‌وره‌ سه‌ره‌كییه‌‌كانی ئه‌مریكا، مه‌زه‌نده‌كان ده‌ڵێن زیاتر له‌ 150 شاری گرتۆته‌وه‌، وه‌ك نیویۆڕك و شیكاگۆ و ئه‌تلانتا و لۆس ئه‌نجلۆس و مه‌یامی و سان فرانسیسكۆ و واشنتۆن.

دووه‌م/ ڕاده‌ی ئاشتیخوازی خۆپێشاندانه‌كان
ئاستی خۆپێشاندانه‌كان له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی دیكه‌ و له‌ خۆپێشاندانێكه‌وه‌ بۆ خۆپێشاندانێكی دیكه‌ لێكجیاواز بوون، سه‌ره‌تا توندوتیژی و وێرانكاری و تاڵان و بڕۆییان پێوه‌ دیار بوو، به‌ تایبه‌تیش له‌ شاری مینیاپۆڵیس و نیویۆڕك و چه‌ند شارێكی دیكه‌ش. وه‌رچه‌رخانی خۆپێشاندانه ئاشته‌واییه‌كان به‌ره‌و توندوتیژی، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌ست بوو به‌ شێوازی مامه‌ڵه‌ی پۆلیس و كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران، ناشكرێت بڵێین هه‌موو خۆپێشاندانه‌كان توندوتیژ بوون، به‌ڵكو ئه‌مه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ به‌ره‌وپێشچوونی ڕه‌ووتی ڕووداوه‌كانه‌وه‌.

سێیه‌م/ پێكهاته‌ی خۆپێشانده‌ران
ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌ گرنگترین لایه‌نه‌ گرێكوێره‌كانی خۆپێشاندانه‌كان بوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش ڕاده‌ی كاردانه‌وه‌ی فه‌رمی ئیداره‌كه‌ی تڕه‌مپ و كه‌سایه‌تییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر خۆپێشاندانه‌كان دیاریكرد. سێ ئاراسته‌ هه‌ن سه‌باره‌ت به‌ سرووشتی به‌شداربووانی خۆپێشاندانه‌كان:

أ: گێره‌شێوێنه‌ چه‌پڕه‌وه‌ ڕادیكاڵه‌كان
ئه‌مه‌یان به‌رجه‌سته‌ی دیدگای فه‌رمی دۆناڵد تره‌مپ و به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا ده‌كات كه‌ خۆپیشانده‌رانی به‌وه‌ وه‌سف كرد كه‌ ‌ گێره‌شێوێنه‌كان و گروپه‌ چه‌پڕه‌وه‌ ڕادیكاڵه‌كانن كه‌ دیاترینیان بزووتنه‌وه‌ی "ئه‌نتیفا" یه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی دژه‌ فاشیزمیی چه‌پڕه‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕاستڕه‌ووه‌ سپیپێسته‌كان، په‌یڕه‌ووی له‌ توندوتیژی ده‌كات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دۆخی ئێستا، له‌و سێ ساڵه‌ی كۆتایدا چالاكییان ده‌ستپێكردووه‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ و هێزه‌ ڕاستڕه‌ووه‌ سپیپێسته‌كان هاتوونه‌سه‌ركار، په‌یكه‌ربه‌ندییه‌كی هاوبه‌ش و سه‌ركردایه‌تییه‌كی نیشتمانیان نییه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر شێوه‌ی چه‌ند ده‌سته‌یه‌كی خۆجێیی له‌ زۆرێك له‌ شاره‌كانی ئه‌مریكا سه‌ریانهه‌ڵداوه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ شاره‌كانی كه‌ناری خۆرئاوا، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئاخۆ خۆپێشاندانه‌كان ڕێكخراون و هێزێكی دیاری كراویشیان له‌ پشته‌، فه‌رمانڕه‌وای شاری مینیسوتا ده‌ڵێت كه‌ 90% ی خۆپێشانده‌رانی ویلایه‌ته‌كه‌یان خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌كه‌ن.
هه‌ندێكیش پێیان وایه‌ كه‌ جوڵانه‌وه‌ی "ژیانی ڕه‌شپێسته‌كان گرنگه‌" له‌ هێزه‌ چه‌پڕه‌وه‌كانن كه‌ به‌شداری خۆپێشاندانه‌كان بوون، به‌ڵام به‌وه‌ تۆمه‌تبار نه‌كراون كه‌ توندوتیژن و دۆخه‌كه‌یان به‌ره‌و هه‌ڵكشان بردووه‌. ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ڕه‌فتاره‌ تونده‌كانی پۆلیس دژ به‌ ڕه‌شپێسته‌كان كه‌ له‌ ساڵی 2013 دامه‌زراوه‌، بیرۆكه‌كانی له‌سه‌ر كۆتاییهێنان به‌ سه‌روه‌ری سپیپێسته‌كان و كاركردن بۆ به‌هێزكردنی كۆمه‌ڵگا خۆجیییه‌ ڕه‌شپێسته‌كان دامه‌زراون. جوڵانه‌وه‌كه‌ هه‌ڵگری بانگه‌وازی توندوتیژی نییه‌، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ دروشمهه‌ڵگرانیان له‌ هه‌ندێك كاتدا پیاده‌ی توندوتیژی ده‌كه‌ن، به‌شێك له‌ دروشم و داواكارییه‌كانی ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌، دروشمی زۆرێك له‌ خۆپیشانده‌ران بوون، جوڵانه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ی فه‌رمی خۆی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و سۆزداری بۆ جۆرج فلۆید ده‌ربڕی، داواكاری ئه‌وه‌ش بوو پاره‌داركردنی پۆلیس بوه‌ستێندرێت كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی پاره‌و باجی ئه‌مریكییه‌كان.

ب/ گروپه‌ ڕاستڕه‌ووه‌ سپیپێسته‌ توندڕه‌ووه‌كان
هه‌ندێك شڕۆڤه‌كاری پێیان وایه‌ ڕاستڕه‌ووه‌ سپیپێسته‌ توندڕه‌وو له‌ پشت توندوتێژی و خۆپێشاندانه‌كانه‌وه‌ن؛ هه‌ندێك له‌ مه‌زه‌نده‌كان ده‌ڵێن كه‌ گروپه‌ ڕاستڕه‌ووه‌ سپیپیسته‌كان ئه‌و دۆخه‌یان قۆزتۆته‌وه‌ بۆ زیادكردنی بارگرژییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكیدا. به‌ڵام ئه‌و بۆچوونه‌‌ زۆر به‌هێز نیه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی چه‌پڕه‌ووه ڕادیكاڵه‌كان و گیره‌شیوێنه‌كان كه‌ تۆمه‌تی توندڕه‌وویان ده‌درێته‌پاڵ. دوای خۆپێشاندانه‌كانیش به‌ 5 ڕۆژ (30 ی مایۆی ڕابردوو) ، ده‌سه‌ڵاتدارانی نووسینگه‌ی فیدڕاڵی ئه‌مریكی (ئێف بی ئای) شاری لۆس ئه‌نجلۆس له‌ ویلایه‌تی نیڤادا، 3 كه‌سی سه‌ر به‌ گروپی "بوجالۆ" یان ده‌ستگیر كردن كه‌ بۆمبی مۆڵۆتۆفیان دروست ده‌كردن بۆ به‌كارهێنانیان له‌ خۆپێشاندانه‌كاندا، ئه‌مانه‌ش له‌ گروپه‌ ڕاستڕه‌ووه‌ توندڕه‌ووه‌كانن، به‌ ڕاشكاوی و به‌ زه‌بری هێز داوای ڕوخانی حكومه‌تی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.

ج/ خۆپێشانده‌ران ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكین
دیدگای سێیه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆپێشانده‌ران هاوڵاتی ئاسایی ئه‌مریكین و زۆرینه‌شیان گه‌نجن، له‌ هه‌موو نه‌ژاده‌كانن و دژ به‌ وێرانكاری و توندوتیژین.
هه‌ر سێك دیدگایه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌كرێت قبوڵ بكرێن، چونكه‌ هه‌رسێك توێژه‌كه‌ (گێره‌شێوێنه‌ چه‌پڕه‌ووه‌ ڕادیكاڵه‌كان ، ڕاستڕه‌ووه‌ سپیپێسته‌ توندڕه‌ووه‌كان، زۆرینه‌ی ئاسایی خه‌ڵكی ئه‌مریكی) به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان به‌شداری خۆپێشاندانه‌كانن، ئه‌وه‌ی لای زۆرینه‌ی چاودێره‌ ئه‌مریكییه‌كانیش ڕوون و ئاشكرایه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌ی خۆپێشانده‌ره‌ ئاشتیخوازه‌كان داوای گۆڕانكاری ده‌كه‌ن و زۆرینه‌شیان خه‌ڵكانی ئاسایین و له‌ چینی گه‌نجه‌كانن.

سێ داواكاری
داواكاری خۆپێشانده‌ران له‌ سێ داواكاری سه‌ره‌كین:
یه‌كه‌م/ دادپه‌روه‌ری بۆ جۆرج فلۆید
په‌یوه‌ندییه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌ڵكشانی خۆپێشاندانه‌كان و مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ویلایه‌تی مینیسوتا له‌گه‌ڵ دۆسییه‌ی جۆرج فڵۆید دا؛ داواكاری خۆپێشانده‌ران بریتییه‌ له‌ دادگاییكردنی ئه‌و 4 پۆلیسه‌ی له‌ ڕووداوی كوشتنی جۆرج فڵۆید- وه‌ گلاون. ڕاپۆرتی توێكاری پزكیشی ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ فڵوید خنكێندراوه‌‌. سه‌ره‌تا ڕاسته‌وخۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ویلایه‌ته‌كه‌‌ 4 پۆلیسه‌كه‌یان‌ نه‌دانه‌ دادگا، به‌ڵكو دوای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپێشاندان و كرده‌ وێرانكارییه‌كان ئه‌و ڕێكاره‌یان گرته‌به‌ر و پۆلیسی سه‌ره‌كی تۆمه‌تبار به‌ خنكاندنی فڵۆید – یان دایه‌ دادگا، 3 پۆلیسه‌كه‌ی دیكه‌ش نه‌درانه‌ دادگا، تۆمه‌تی كوشتنی پله‌ سێ- شیان دایه‌ پاڵ پۆلیسی یه‌كه‌می تۆمه‌تبار به‌ خنكاندنی فڵۆید، دواتر له‌ ژیر فشاری خۆپێشانده‌ران و لێكۆڵینه‌وه‌كاندا، پله‌ی كوشتنه‌كه‌یان گۆڕی بۆ‌ پله‌ دوو، 3 پۆلیسه‌كه‌ی دیكه‌شیان به‌ تۆمه‌تی هاوكاریكردنی پۆلیسی یه‌كه‌م دانه‌ دادگا.

دووه‌م/ گۆڕینی ڕه‌فتاری پۆلیس
خۆپێشاندانه‌كان ته‌شه‌نه‌یان سه‌ند له‌ ویلایه‌تی مینیسوتا- وه‌ بۆ زۆرێك له‌ ویلایه‌ته‌ گه‌وره‌كانی دیكه‌ی ئه‌مریكا، هۆكاره‌كه‌شی ناڕه‌زایی خۆپیشانده‌ران بوو سه‌باره‌ت به‌ كار و كرده‌وه و ڕه‌فتاری پڕ توندوتیژی پۆلیسی ئه‌مریكی، به‌ تایبه‌تیش له‌ مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ نه‌ژاده‌ ناسپیپێسته‌كان.. تایبه‌تریش دژ به‌ ڕه‌شپێسته‌كان، هه‌روه‌ها تێكڕای تۆماری تاوانه‌كان له‌ ئه‌مریكا كه‌ له‌ ناو ڕه‌شپێسته‌كان كه‌ به‌ هۆی مامه‌ڵه‌ی پۆلیس له‌گه‌ڵیاندا له‌ ئاستێكی باڵادایه‌، دواتریش نایه‌كسانی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی ڕێكخراو له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڕه‌شپێسته‌كاندا.

سێیه‌م/ گه‌یشتن به‌ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری
ئه‌مه‌شیان په‌یوه‌سته‌ به‌ گۆڕینی بونیادی سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌ ناو ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا.. هه‌ندێك پێیان وایه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌سه‌ر نایه‌كسانی و نادادپه‌روه‌ری به‌نده‌ له‌ نێو توێژه‌ جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكی كه‌ تیایدا ناسپیپێسته‌كان (ڕه‌شپێسته‌ ئه‌فریقییه‌كان، ئیسپانه‌كان، هی دیكه‌ش) ڕووبه‌ڕووی جیاكاری و نادادپه‌روه‌ری بوونه‌وه‌ و تای ته‌رازووه‌كه‌ش به‌لای ئه‌مریكییه‌ سپیپێسته‌كاندایه‌. ئه‌م داوكارییه‌ زۆر نموونه‌ییه‌ و هاتنه‌دی ئه‌سته‌مه‌، ئاماژه‌شه بۆ به‌رفراوانبوونی جوغزی خۆپێشاندانه‌كان له‌ زۆرێك له‌ ویلایه‌ته‌كانی ئه‌مریكا و به‌رده‌وامبوونیشان بۆ 8 ڕۆژ كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت زیاتریش بخایه‌نێت، ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ په‌یوه‌ستن به‌ بیرۆكه‌ی‌ گۆڕانكاری له‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكیدا.

پاڵنه‌ری خۆپێشاندانه‌كان
ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ سێ هۆكاری سه‌ره‌كی له‌پشتن كه‌ ده‌كرێت له‌ دوو ته‌وه‌ردا كۆیان بكه‌ینه‌وه‌:

ته‌وه‌ری یه‌كه‌م/ ئه‌و هۆكارانه‌ی له‌ دروشمه‌كانی خۆپێشاندانه‌كانه‌وه‌ ده‌ركه‌وتن
هه‌رسێ داوكارییه‌كه‌ی (دادپه‌روه‌ری بۆ جۆرج فڵۆید و گۆڕینی ڕه‌فتاری پۆلیس و گه‌یشتن به‌ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری)، په‌یوه‌ستن به‌یه‌كه‌وه‌؛ چونكه‌ كوژرانی فڵۆید له‌ 25 ی مایۆ كه‌ ڕووداوه‌كانی جوڵاندن، كوشتنی هاوڵاتییه‌ك به‌و شێوه‌ و وێنه‌گرتنی و بڵاوبوونه‌وه‌شی له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، گوزاره‌ بوو له‌ ئاستی پیاده‌كردنی توندوتیژی له‌ لایه‌ن پۆلیسی ئه‌مریكاوه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ڕووداوه‌كانی كوشتنی ڕه‌شپێسته‌كان كه‌ له‌م دواییانه‌دا دووباره‌ بوونه‌وه‌ و بونه‌ته‌ پرسێكی ڕای گشتی له‌ ئه‌مریكا كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری و وه‌ستانه‌وه‌ دژ به‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستی.

ته‌وه‌ری دووه‌م/ جوغزی گشتی له‌ ئه‌مریكا له‌ سایه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی تڕه‌مپدا
به‌ گشتی ده‌كرێت خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مریكا له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و دۆخه‌ گشتیه‌دا شڕۆڤه‌ بكرێت كه‌ چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكییان - به‌ تایبه‌تیش گه‌نجه‌كان- گه‌یاندۆته‌ ڕاده‌ی تێكشكان و نائومێدی، چ به‌ هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ كه بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ته‌نگژه‌ ئابوورییه‌كه‌ی و ‌ 40 ملیۆن كه‌سی له‌ ئه‌مریكا تووشی بێكاری كرد، یان جۆشدانی كۆمه‌ڵگا له‌ ده‌رئه‌نجامی بوونی ووتاری ڕقلێبوونه‌وه‌ و ڕه‌گه‌زپه‌رستی كه‌ تڕه‌مپ هه‌ڵگریه‌تی، كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ له‌م ساڵانه‌ی دوایدا شه‌پۆلی ڕاستڕه‌ووه‌ توندڕه‌ووه‌كان و چه‌پڕه‌ووه‌ ڕادیكاڵه‌كان به‌ره‌و هه‌ڵكشان چوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ته‌نگژه‌ی دوو پارته‌ سیاسییه سه‌ره‌كییه‌‌كه‌ی ئه‌مریكا (دیموكرات و كۆمارییه‌كان) كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دوایدا پاشه‌كشه‌ی زۆریان كردووه‌، چ به‌ هۆی هۆكاره‌ ناوخۆییه‌كان یان به‌ كاریگه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی تڕه‌مپیزم له‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكیدا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئان و ساتی سه‌رهه‌ڵدانی ته‌نگژه‌ی كۆرۆنا و ڕووداوه‌كه‌ی جۆرج فڵۆید كه‌ كه‌وتوونه‌ ساڵی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا (2020) كه‌ 5 مانگی ماوه‌ ده‌ستپێ بكات و زۆر كاریگه‌ری گه‌وره‌ش له‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكیدا دروست ده‌كات و ناسنامه‌ی ئاینده‌ی ئه‌مریكاش بۆ ساڵانی ئاینده‌ دیاری ده‌كات؛ یان ئه‌مریكای تره‌مپیزم، یان ئه‌مریكایه‌كی تازه‌ی جیاواز له‌ ئاراسته‌كه‌ی تره‌مپ.

پوخته‌ی قسه‌ ئه‌وه‌یه‌: هه‌ڵكشانی خۆپێشاندانه‌ ناڕه‌زاییه‌كانی ئه‌مریكا، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ته‌نها په‌یوه‌ست نه‌بوو به‌ ڕووداوی كوشتنی جۆرج فڵۆید- وه‌، چونكه‌ ڕووداوه‌كه‌ جوڵێنه‌ری ڕووداو‌وه‌كانی دواتر و پاڵنه‌ره‌كانی بوو، خۆپێشاندانه‌كانیش په‌یوه‌ستن به‌ دۆخی په‌یكه‌ربه‌ندی لاسه‌نگی بونیادی سیسته‌م و كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكییه‌وه‌، په‌یوه‌ستن به‌ توندوتیژی پۆلیس و جیاكاری و نایه‌كسانی و كه‌شوهه‌وای سیاسی گشتی كه‌ فه‌رمانڕه‌وایی تره‌مپ هێناونییه‌ كایه‌وه‌. ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ كه‌ له‌ بنه‌چه‌دا گوزاره‌ن له‌ ئاره‌زووكردنی گۆرانكاری، به‌ تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ پێویستی گه‌یشتن به‌ یه‌كسانی دادپه‌روه‌ری له‌ كۆمه‌ڵگادا، له‌ شه‌و و ڕۆژێكدا نایه‌نه‌دی، به‌ڵكو به‌شێكن له‌ بزاوتی گۆرانكاری كه‌ ئاگره‌كه‌یان هه‌ڵگیرساوه‌ و بۆ چه‌نده‌ها ساڵی دیكه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن.. ئه‌و گۆڕانكارییه‌ زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ بونیادی كۆمه‌ڵگا و سیاسه‌تی ئه‌مریكاوه‌، له‌وه‌ی په‌یوه‌ستبن به‌ به‌رده‌وامبوونی تره‌مپ له‌ سه‌رووی هه‌ڕه‌‌می ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكادا.

سه‌رچاوه‌ : پێگه‌ی ئه‌له‌كترۆنی موسته‌قبه‌ل
وەرگیراوە لە شار پرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif