جنێو مەدەن

ليست هناك تعليقات


سڵێمان یونس
-
بۆ جنێوفرۆشەکان

جنێو مەدە، جنێو بەڵای زمانە. جنێو؛ وەک تف ھاویشتنە بەرەو سەرو، بۆیە ڕێک دەکەوێتەوە سەر تەوێڵی ئەخلاق و ناوبانگی خۆت. 

ھەر شتێک ناچاری جنێوت دەکات، مانای ئەوەیە شتێکی ناشیرین بەر ڕوانین و بینینت کەوتوە، بۆیە دانبەخۆتا بگرە و ھۆشمەندیت بخەکار بۆ پەرچەکردارێکی عەقڵانی. 

بزانن جنێو بەرلەوەی ئازاری کەسانی دیکە بدات، ئازاری خۆت دەدات. چونکە وادەردەکەوێت ئەوە ڕەنگدانەوەی کەسایەتی خۆت و پەروەردەی خێزانی و ئەو ژینگە کۆمەڵایەتی وفێرکاریە بێت، کە تۆ تیایا پەروەردە بویت.

جنێو؛ نزمترین و ھەژارترین میتۆدی ڕەخنەگرتنە. لە بنەڕەتیشدا جنێو سەر بە ھیچ ژانرێکی ڕەخنەیی نیە. چونکە لەئەدەبیاتیشدا؛ ئەدەبی تەنز و ھەجو، پێویستی بەسەلیقیە و ڕۆشنبیریەکی قوڵ ھەیە و لەتوانای عەوام و کەسانی بێسەواد نیە بنیاتی بنێن. بۆیە ئەدەبی ھەجو ئەفراندنە بەدەربڕین، بەڵام جنێو فڕێدان و لێکردنەوەی ئەخلاقە لە ھونەرەکانی نوسین و ئاخاوتن. 
وریابە؛ جنێو زاڵبونی نائاگاییە و دەتباتە ئەو دیوی جوانیەکانی نەریت و کەڵچەری سەنگینەوە. دەتباتە شوێن و ئاستێک، بەرلەوەی بۆگەنکردنی وشە و دەربڕین خەڵکی تری لێ ھەراسان ببێت، ئەوا بۆگەن بە ژینگەی کەسایەتی خۆت دەکات، جا بزانیت یان نەزانیت تۆ لەوادەی دەرپەڕاندن و فڕێدانی جنێودا، ئەم دەرھاویشتە لێخنەت ھەیە بۆیە ناشیرینەکان بەرلەوەی ئاڕاستەی کەسانی دیکە بکەیت، ئەوا بەخواستی خۆت ڕێگەتداوە ئەو زبر و توانج و پلار و پیسییە، بەناو بیرکردنەوە و ناخ و دڵ و زوبانی تۆدا گوزەر بکات! 

جنێو؛ دژی نۆرمە جوانەکانی کۆمەڵگایە، جۆرێکە لە بێدینی و لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و دەرونیەوە، ڕەنگدانەوەی کەسایەتیەکی نەخۆشە و جۆرێکە لە شکاندنی شێتانەی عورفە باڵاکان. بەھەمو پێوەرەکان جنێو بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و لێپێچینەوەی ویژدانی و یاسایشی ھەیە. چونکە لەڕاستیدا جنێو بەئەندازەی سەرکێشیە کۆمەڵایەتیەکان، زادەی سەرکێشی و بەگژداچونەوەی یاسا پەسندکراوەکانی خۆت و خەڵک و خودایە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif