وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئاستی جەماوەری دۆناڵد ترەمپ بەبەراورد بە چەند مانگێک پێش ئێستا کەمیکردووە، بەڵام هێشتا چانسی دووبارە دەرچوونەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیدا هەیە.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێککەوتنێکیدا کە لە رێگەی ئینستاگرام بڵاوکراوەتەوە، لەبارەی دەرچوونەوەی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمساڵ رایگەیاند، چانسی دەرچوونەوەی دۆناڵد ترەمپ هێشتا زیاترە لە 50%.
زەریف لە چاوپێککەوتنەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، خراپترین هەڵە لە زانستی مرۆڤایەتیدا پێشبینیکردنە، بەتایبەتیش لە دۆخە ئاڵۆز و ناڕوونەکاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پێشبینی دەکات دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و خۆپیشاندانەکانی رەشپێستەکانی ئەمریکا جەماوەری ترەمپ بەبەراورد بە چەند مانگێک پێش ئێستا کەمیکردووە، بەڵام هێشتا ترەمپ پێگەیەکی جەماوەری نەگۆڕی هەیە، کە چانسی ئەوەی پێدەدەن جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکیدا بە بەرپرسانی ئێرانی راگەیاندبوو، نابێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکەن، چونکە بە دڵنیاییەوە ئەو دەچێتەوە و دەبێتەوە سەرۆک.
دواتر محەممەد جەواد زەریف وەڵامی ترەمپی دایەوە و رایگەیاند، ئێران سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بنچینەی پرسە نێوخۆییەکانی ئەمریکا داناڕێژێت، وەک نموونە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا.
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە زیاتر لە دوو ملیۆن و 100 هەزار ئەمریکی تووشکردووە، وا بڕیارە لە رۆژی سێی تشرینی دووەمی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت. دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکانە و جۆ بایدنیش بەربژێری دیموکراتەکانە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق