لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران جەختکراوەتەوە لە بەردەوامبوون لە کەمکردنەوەی مووچەی خاوەن پلە تایبەتەکان و خانەنشینییەکانیان، خەرجییەکان لەگەڵ ئەو توانا و بودجەیە کە ئێستا لە بەردەستی وەزارەتی داراییە رێکدەخرێتەوە بەمەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆرانی ئاسایی شایستە. هەروەها ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا و ئاو و پێشینەکان بە لێخۆشبوونی 15% تاوەکو مانگی 9 درێژکرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-6-2020 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.
گفتوگۆ لەبارەی رێکخستنەوەی خەرجییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو توانا و بودجەیە کە ئێستا لە بەردەستی وەزارەتی دارایی وئابووریدایە بە مەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆرانی ئاساییی شایستە، تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بووە.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردووەتەوە لە بەردەوامبوونی کەمکردنەوەی مووچەی خاوەن پلە تایبەتەکان و ئەوانەشی بەو پلانە خانەنشین بوون کە لە کۆبوونەوەکانی پێشوو بڕیاریان لەسەردراوە. بڕیاریشدراوە لەمبارەیەوە کۆبوونەوەکان تاوەکو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام بن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا و ئاو بە لێخۆشبوونی 15% درێژ بکرێتەوە تاوەکو 1-9-2020.
هەروەها بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیران، دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق تاوتوێ کرا و بڕیاردرا، هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەت بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان سەردانی بەغدا بکات بە ئاراستەی برەودان بەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانەی پێشتر هەردوولا پێی گەیشتبوون بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق