گشتپرسیی هەمواری دەستووریی رووسیا دەستیپێکرد و تاوەکو 1ی تەممووزیش بەردەوام دەبێت. ئەگەر هەموارکردنەوەکە دەنگی خەڵک بەدەستبهێنێت، ئەوا هەندێک گۆڕانکاریی روودەدەن؛ لەوانەش بواردان بە ڤلادیمیر پووتین بۆئەوەی بۆ دوو خولی دیکەی سەرۆکایەتی خۆی بەربژێر بکات، بەو جۆرەش تاوەکو ساڵی 2036 لە پۆستی سەرۆکایەتیی رووسیادا دەمێنێتەوە.
کریملین جەخت لەوە دەکاتەوە، ئامانجی هەموارکردنەکە تەنیا ئەوە نییە، بەڵکو بەرزکردنەوەی پێگەی پەرلەمان و باشترکردنی سیاسەتی کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتیی وڵاتیشە.
هەموارکردنەکان لە لایەن ڤلادیمیر پووتین پێشنیازکراون و خۆیشی پشتگیرییان لێدەکات و دەڵێ "داواکاریی زۆر کراوە بۆ چەسپاندنی ئەو گۆڕانکارییانە لەنێو دەستووری رووسیادا، من دڵنیام کە زۆرینەیەکی رەهای خەڵکەکەمان پشتگیریی لەو هەموارکردنە دەکەن."
پێچەوانەی گوتەکانی پووتین، ژمارەیەک لە چالاکڤان و لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆن هەموارکردنەوەی دەستوور بە نایاسایی دەزانن و رەتیدەکەنەوە.
سێرگی کیۆک، چالاکڤانێکە رایگەیاند "ئێمە هاتووینەتە سەرشەقام بۆئەوەی بڵێین دەنگدانەکە نایاساییە، چونکە بە چەند رێکارێکی ناڕوون و نایاسایی ئەنجامدەدرێت کە نە گشتپرسییە و نە هەڵبژاردنیشە. هیچ تایبەتمەندییەکی یاسایی تێدا نییە."
ئەو گۆڕانکارییانەی لە دەستووری رووسیادا دەکرێن:
1- لابردنی دەستەواژەی "بەدوای یەکدا" لەو بڕگەیەی کە دیاریدەکات هەر کەسێک بۆ چەند خول دەتوانێت سەرۆکایەتی رووسیا بکات، هەروەها هەژمارنەکردنی خولەکانی پێش هەموارکردنەکە.
2- هەژمارنەکردنی خولەکانی پێشووی سەرۆکایەتی بۆ ڤیلادمیر پووتین و دیمتری میدڤیدێڤ و ئەگەر لە خولی داهاتوودا هەڵبژێردرانەوە، بە یەکەم خولیان هەژمار دەکرێت.
3- دانانی دەستووری رووسیا لە پێش یاسای نێودەوڵەتی.
4- پێدانی دەسەڵاتی پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی بەربژێرەکانی سەۆکوەزیران، جێگرەکانی و وەزیرەکان؛ سەرۆک دەسەڵاتی ئەوەی نابێت بەربژێرەکان رەتبکاتەوە، بەڵام دوای دەستبەکاربوونیان، لە هەندێ دۆخدا، دەتوانێت لەکار دووریان بخاتەوە.
5- نابێت ئەو کەسانەی پێگەی گرنگیان هەیە بۆ ئاساییشی رووسیا وەکو سەرۆک، وەزیرەکان، دادوەرەکان و سەرۆکی هەرێمەکان، خاوەن وڵاتینامە یان مۆڵەتی نیشتەجێبوونی وڵاتانی دیکە بن لەکاتی کارکردنیان لە پۆستەکانیاندا، سەرۆکی رووسیاش لەپاڵ ئەو مەرجە، دەبێت پێشتریش ئەو دوو تایبەتمەندییەی نەبووبێت.
6- بەربژێری سەرۆکایەتی دەبێت لانیکەم 25 ساڵ لە رووسیا بژیت (ئێستا ماوەکە تەنیا 10 ساڵە) و نابێت پێشتر وڵاتینامە یان مۆڵەتی نیشتەجێبوونی وڵاتانی دیکەی هەبووبێت.
7- ئەنجوومەنی یەکێتیی رووسیا لە توانایدا دەبێت کە پێشنیاز بۆ سەرۆک بکات دادوەرە فیدراڵییەکان لە کارەکانیان دووربخاتەوە، لە هەندێ باردا، ئەنجوومەنەکە لەسەر پێشنیازی سەرۆک، مافی ئەوەی دەبێت دادوەرەکانی دادگەکانی دەستووری و باڵا لە کارەکانیان دووربخاتەوە.
8- ئەو وەزیرانەی کە سەرۆکایەتی دامەزراوەکانی چەسپاندنی یاسا دەکەن، دەبێت لەلایەن سەرۆکەوە بە راوێژکردن لەگەڵ ئەنجوومەنی یەکێتیی رووسیا دەستنیشانبکرێن.
9- نابێت کەمترین مووچە لەخوار ئەو بڕە بێت کە بۆ بەردەوامیدان بە ژیان پێویستە.
10- نوێکردنەوەی خشتەی خانەنشینکراوان بە شێوازێکی رێکخراو.
11- بەهێزکردنی پێگە و رۆڵی ئەنجوومەنی دەوڵەت کە ئێستا تەنیا رۆڵی راوێژکاریی دەبینێت و لە دەستووردا لە هیچ شوێنێک ناوی نەهاتووە، کە لە ساڵی 2000 بە فەرمانی ڤیلادیمیر پووتین دامەزرابوو.
12- پێدانی دەسەڵاتی پێداچوونەوەی یاساکان بە دادگەی دەستووری بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بەو یاسایانەدا بکات، کە لە لایەن کۆمەڵەی فیدراڵی یەکێتیی رووسیا لەسەر داوای سەرۆک دەرکراون، پێش ئەوەی سەرۆک واژۆیان لەسەر بکات.
13- پێناسەکردنی هاوژینیی بە پەیوەندی نێوان پیاو و ژن، واتە رێگە بە هاوسەرگیریکردنی دوو کەس لە هەمان رەگەز نادرێت.
گشتپرسییەکە لەکاتێکدا دەکرێت، لە رووسیا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 606 هەزار و 800 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون و سەرووی 8 هەزار و 500 کەسیش بەهۆیەوە مردوون.
ئۆپۆزیسیۆن ترسی لەوە هەیە ژمارەیەکی کەمی خەڵک بەشداریی گشتپرسییەکە بن و بواری ساختەکاریی لە بەرژەوەندی دەنگی بەڵێدا زیادبێت.
ئێستا پووتین تەمەنی 67 ساڵە و ئەگەر بەپێی هەموارە دەستوورییەکان دوو خولی دیکەش سەرۆک بێت، تاوەکو تەمەنی 84 ساڵی لەسەر کورسی دەسەڵات دەمێنێتەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق