هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە دەڵێت، گەریلاکان وەڵامی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچەی حەفتانین لە سنووری قەزای زاخۆی پارێزگای دهۆک دەدەنەوە و زیانی گەورەیان بەو سوپایە گەیاندووە، تورکیاش دەڵێت، رۆژانە پێگەکانی پەکەکە دەکەنە ئامانج و زیانی گەورە لە گەریلا دەدەن.
هەپەگە رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا گەریلاکان لە شوێنە جیاجیاکان 37 چالاکییان دژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە و بەو هۆیەوە 31 سەربازی تورکیا کوژراون و سێ گەریلاشمان "شەهید" بوون.
لە راگەیێندراوەکەی هەپەگەدا هەروەها هاتووە، سوپای تورکیا هەموو کاژێرێک بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومان دەکات و لە هەمانکاتیشدا تۆپباران دەکات، بەڵام ناتوانێت لەسەر زەوی و لە ناوچەی حەفتانین پێشڕەوی زەمینی بکات.
هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە ئاماژە بەوەدەکات، گەریلاکان لە هەفتانین و هێڵی زاپ- خواکوڕک- چەلێ تاوەکو دەگاتە گەڤەر و بۆتانیش هەن و چالاکی ئەنجامدەدەن.
بەڵام سوپای تورکیا شتێکی دیکە دەڵێت. وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکەیان بەردەوامە و تەنیا رۆژی 25ی مانگ و لە ئەنجامی بۆردوومانێکدا 5 گەریلا لە سنووری حەفتانین کوژراون.
رۆژی 15ی ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان راگەیاند و دواتریش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بەناوی چڕنووکی پڵنگ لە ناوچەی حەفتانین دەستپێکرد.
ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکی هەندێک گوندی ناوچەکە و هەینی رابردووش لە ئەنجامی بۆردوومانێكدا لە سنووری شیلادزێ چەند هاونیشتمانییەک گیانیان لەدەستدا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق