سنور كەریم
-
وشەی وڵاتپارێزیی یان نیشتیمانپەروەریی، لە بنەڕەتدا ووشەیەکی گریکیە (یۆنانیە) واتە (پەیتریۆتیزم)(patriotism)بە کوردی ئەتوانین بڵێین خۆشەویستی بۆ خاک، بۆ نیشتیمان وشەکە لە فەرھەنگی ئینگلیزیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی(Elizabeth)ەکان کە لە فەڕەنسیەکانەوە وەریان گرتوە لە سەدەی (۱٨) دا.
ڕێبەر ئۆجەلان لە پێناسی وڵاتپارێزیی دەڵێت: "خۆشەویستی نیشتیمان عیشقە". نیشتیمان مەرج نیە ئەو شوێنە بێت کە مرۆڤ تیایدا لە دایک دەبیت.
وڵاتپارێزی گرێدراوی ناوچەیەکی دیاریکراو لە وڵاتدا نیە. بەلکو بۆ سەرتاسەری وڵات بەکاردەھێنرێت. زیاتر لە ھەر پێکھاتەیەکی کۆمەڵگاش ژن وڵاتپارێزە بە حوکمی گرێدراوبون بە خاک و سروشتەوە، بۆیە دەکرێت بوترێت وڵات دایکە، بۆیە دەتوانین بڵێین خۆشەویستی دایک، ژیانکردن و خۆشگوزەرانی بە بێ وڵات و خۆشەویستی وڵات ھیچ نرخ و بەھایەکی نیە، چونکە ھەرکەس وڵاتەکەی لەدەست بدات توانای سازدانی بچوکترین پیشکەوتنی ئابوری، کلتوری، سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی نیە.
بۆ ئەوەی ھەموو ئەو چەمکانە وەکو دەستکەوت پێشبخەین گەر قۆناغی درێژماوەش بێت دەبێت چەمکی وڵاتپارێزی پێشبخەین. وڵاتپارێزی کوردستان دەبێت لەسەر بنەمای بایەخدان بە ژیانی گەل پەرە بستێنێت، دەبێت ئازادی کوردستان بکرێتە پێویستی و بخرێتە دەستی گەل.
بە حوکمی دەوڵەمەندی شارستانیەتی و مرۆڤایەتی ھەمیشە دوژمنانی گەلی کورد ھەوڵیانداوە دامانببڕن لەم خاکە، بە میکانیزمی جیاواز، بە پێشخستنی کۆچبەری، ھەلی ژیان ئاستەنگ کردن، تەعریب، تەبعیس و تەخریج، چەندین شێوازی تر بۆیە وەستانەوە دژی ئەمانە ئەرکی لە پێشینەی وڵاتپارێزیە.
لە ھەمان کاتدا پێشخستنی پرسی کۆچبەری ھەستی رەگەزپەرستی لە مرۆڤدا پێشدەخات، وە ھەرگەلێک ئازادی خۆی بەدەست نەھێنێت و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و چینایەتی خۆی ئەنجام نەدات، تەنانەت لە وڵاتی خۆشیدا بێت، مەحاڵە بگاتە ژیانێکی ئاسودە، کەواتە ڕزگاربوونی خێزانی و و تاکەکەسی لە خۆخەڵەتاندن زیاتر ھیچی تر نیە. ئەگەرچی زۆرجار بیری وڵاتپارێزی لەگەڵ ناسیۆنالیزم لێکدانەوەی ھاوبەشیان بۆ دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ناسیۆنالیزم زیاتر گرێدراوی بابەتی سیاسی و ئایدۆلۆژیە. لەکاتێکدا پەتریۆتیزم بەرزترین بەھای مرۆڤبوونە.
ناسیۆنالیزم یان لە ھەندێ کاتدا ئەتوانین بڵێیین ڕاسیزم، لە ھەندێک قۆناغدا دەگاتە ئاستی فاشیزم و پەیوەستن بە سنوری یەک نەتەوە یەک ئاین و یەک زمان، کە دەرھاویشتەی مێنتاڵێتی دۆگماتیزمە. لە کاتیکدا وڵاتپارێزی ھەموو سنورەکانی نەتەوە، زمان، ئاین، مەزھەبەکان تێدەپەڕێنێت، مرۆڤایەتی پێشەنگایەتی دەکات. لە بیری ناسیۆنالیستیدا وڵاتپارێزی بۆ ناوچەیەکی لۆکاڵیش پێناسە کراوە، بەڵام لە راستیدا تێڕوانینێکی دۆگماتیکە کە ھۆکارە بۆ پێشخستنی بیری ناوچەگەرێتی و زھنیەتی پارچەگەرێتی دەخاتە پێش.
پەیتریۆتیزم لە مێژووی زۆر وڵاتدا ھۆکاری سەرکەوتنی شۆڕش و سەرھەڵدانیان بوە، بە نمونە شۆڕشگێڕانی شۆڕشی فەڕەنسا. لە ھەمان کاتدا ڕوسەکان بەوە ناسراون لە مێژوودا کە ھەستی وڵاتپارێزیان زۆر بەرز بوە. بۆیە سەرکەوتنیان لە ھەردوو شەڕی کە لە دژی ناپلیۆن پۆناپارت و ھیتلەر، دەگەڕێندرێتەوە بۆ بەرزی ھەستی نیشتیمانپەروەری لەلای ڕوسەکان.
لە ھەمان کاتدا لە جەنگی جیھانی دوەمدا، کاتێ نازییەکان بە سەرۆکایەتی ھیتلەر بۆ ماوەی (٩٠٠) ڕۆژ گەمارۆی قورسیان خستە سەر شاری (لینینگراد) ڕوسەکان بەرخۆدانیەکی بێ وێنەیان کرد و لەو وەرزی زستانەدا ئامادەی بڕینەوەی تەنیا دارێک نەبون بۆ خۆ گەرمکردنەوە و خزمەتی خۆیان، کە ئەمە دەلالەتی ھەستی بەرزی نیشتیمانپەروەریە لە لای ڕوسەکان. لە ھەمانکاتدا دیاردەیەکی قبوڵکراوی زۆرینەی وڵاتانی تر بووە.
لە پێوەرەکانی کەسی وڵاتپارێز: لەسەر کەسی وڵاتپارێز پێویستە ھاندانی گەل بە بنەما بگرێت، لە ئاستی گشتیشدا ھێزی پاراستی گەل بە ئەرکی لە پێشینە لەبەرچاو بگیرێت، لەپێناو ھۆشیاری نەتەوەیی زۆر قوڵدا، بێگومان ئەمەش ڕەھەندێکی وڵاتپارێزیە. لە ئاستی میژوی نەتەوەکەیدا بە جەوھەری گرێدان و قوڵبونەوەی ھەبێت، کلتور و کەلەپوری وڵاتەکەی وەک سەرمایەی نیشتیمانی پێناسە بکات و پارێزگاری لێ بکات. پابەندبوون بە جوگرافیایەکی دیاریکراو و پارێزگاریکردن لێی ئەرکی لە پێشینەی کەسی وڵاتپارێز دەردەخاتە پێش.
زمانی نەتەوەکەی خۆی وەک بەشێک لە ھەبونی کەسی وڵاتپارێز پێناسە دەکرێت. ئاستی ھۆشیاری فکری و ڕۆشنبیری و گرنگیدان بە خود ڕۆشنبیرکردن ھەستی وڵاتپارێزی پێشدەخات. ئابوری وەک پایەیەکی گرنگی پێشکەوتن و بونیادی وڵات و پیشخستنی پیشەسازی وڵات بەرپرسیارێتیەکی گرنگە بەرامبەر بە وڵات. کەسی وڵاتپارێز عەقڵیەتی ڕەگەزگەرایی لە کەسایەتی خۆیدا دەکوژێت، لەھەمان کاتدا باوەڕی نەتەوەی دیموکرات پێکدەھێنێت، کەسێکی سۆسیالیست و ئەنتەرناسیۆنال دەبێت.
لە ئاستی کوردستاندا ھەستی وڵاتپارێزی تا ئاستێک لاواز بوە، بەڵام ناکرێت تێکۆشان و سەرھەڵدانە جۆراو جۆرەکان نادیدە بگیرێت، بە نمونە بەشداری ھەر چوارپارچەی کوردستان لە کۆماری مەھاباتدا نیشاندان و پێشکەوتنی ھەستی وڵاتپارێزیە، لە ھەمان کاتتدا بە حوکمی نکۆڵیکردن و ھەولی سڕینەوەی ناسنامە و کەلتوری گەلی کورد ئاستی وڵاتپارێزی لەئاستێکدا ھەبون و شایەنی باسکردنە. لە باشوری کوردستاندا پێش سالی ١٩٩١ و ڕاپەڕینی جەماوەری ھەستی وڵاتپارێزی لای تاکی کوردی لە ئاستێکی باشدا بوە، ھەرچەندە لە ئاستی کەسایەتی و ئەحزابی سیاسی شایەنی ڕەخنەی جدی بوە بە ھۆکاری پشت بەستن بەو ھێزە ئیقلیمیانەی کە لەھەمانکاتدا ھۆکاری سەرکووتکردنی پارچەیەکی تری کوردستان بوون.
لە دوای بەدەستھێنانی ئەو ستاتۆیەی لە باشوری کوردستاندا بەدەست ھات ئەم عەقڵیەتەی سیاسیەکان شۆڕبۆوە بۆ ھەناوی تاکی باشور و بە ھۆکاری گەندەڵیی، دزی، بە موئەسەسە نەبونی دامودەزگاکانی حکومەت، دەسەڵاتی تەشریعی پاسیڤ، دەسەڵاتێکی تەنفیزی نادیموکرات و قۆرخکار، بەرجەستەبوونی خەتی تەسلیمکاری بە سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ و ئیقلیمی، نەبونی ئازادیی و بەرجەستەنەبونی مافی ھاوڵاتی، پێشێلی مافی رۆژنامەنوسان و کوشتنیان، دابین نەکردنی ھەلی ژیان و ئاستەنگ کردنی، بە ھەدەردانی سامانی گشتی و زاڵبونی ھەژمونگەرایی حزب لەسەر ناوەندەکانی بڕیاری دەسەڵاتی دادوەری و دەیانی تری ھاوشێوە ھەستی وڵاتپارێزی بۆ نەتەوە و نیشتیمان لەلای تاکی کوردی بە یەک جاری لەناو برد.
لە باکوری کوردستاندا بە حوکمی سیاسەتی فاشیانەی دەوڵەتی تورک وھەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەکەمان، ئەم چەمکە دابەشبونی بە خۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک بەرەی نیشتیمانپەروەری و بەرەی خیانەت لەخۆی دەگرێت. لەگەڵ ھەبوونی سەرھەڵدانی جیاواز ھاوتەریب خەتی خیانەتی نیشتیمانی و تەسلیمبوون زۆر لە پێش بوە. بۆیە دەکرێت لەگەل یەکەم قۆناغی میژوی سەرھەڵدانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتی ڕێبەر ئۆجەلان، بڵێین ئەم چەمکە گەشەی سەند و لەدایکبوو.
لەگەڵ ھاتنی تێزەکانی ئاپۆ و پێشخستنی، چەمکی وڵاتپارێزی دەرکەوتە پێش. بەرھەمەکەشی دەکرێت بڵێین (بەرخۆدانی زیندانیانی ئامەد، سەرھەڵدانی باکوری کوردستان، بەرپاکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، دروستبونی ئیرادەی چالاکی مانگرتن، چالاکی گیانفیدایی شەھید زیلان و سەدان شەھیدی تر......ھتد) بوە. لە ھەمانکاتدا ھەزاران شۆڕشگێر لە ئاستی چوارپارچەی کوردستان دروست ببن کە ھەمو سنورەکانی (نەتەوە، ئاین، مەزھەب و ڕەگەز) تێبپەڕێنن نەک تەنیا لە چوارچێوەی ئازادی نەتەوەیی، بەڵکو بۆ ئازادی مرۆڤایەتی تێبکۆشن. بە نمونەش بەخۆدانی بێ وێنەی کۆبانێ دژی عەقڵیەتی فاشیست و تێرۆرستانی داعش دەکرێت دەیان جار بە ھەستێکی بەرزتر لە ھەستی لینینگراندەکان پێناسە بکرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق