لە میانی پێشوازیكردنی لە وەزیری دەرەوەی ئوردن.. سەرۆك كۆمار جەختیکردەوە لەگرنگی بەھێزکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات
سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠٢٠/٦/٢٤ لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە ئەیمەن سەفەدی وەزیری دەرەوە و كاروباری تاراوگەی ئوردن.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بە گرنگی بەھێزکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییە مێژوویی و كەلتورییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست، ھاوکات رایگەیاند عێراق مکوڕە لەسەر بونیادنانی پەیوەندییەکی بەھێزە لەگەڵ ئوردن لە رێگەی بەرزكردنەوەی ئاستی هاریكارییەکان لە تەواوی بوارەكاندا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بكات.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار جەختی لەپێویستی یەكخستنی هەوڵەكان و كاری پێكەوەیی و گۆڕینەوەی شارەزایی و پسپۆرییە تەندروستییەکان کردەوە لە نێوان عێراق و ئوردن لە پێناو سنورداركردنی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و تێپەڕاندنی كاریگەرییەكانی لەسەر هەردوو ئاستی تەندروستی و ئابووری.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆك بەرھەم سڵاو و رێزی خۆی لە رێگای وەزیری دەرەوەی ئوردن ئاراستەی شا عەبدوڵڵا پادشای ئوردن کرد.
لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئوردن سڵاو و رێزی پادشای ئوردنی گەیاند بە سەرۆك بەرھەم، ھاوکات دووپاتیكردەوە كە ئوردن خوازیاری فراوانكردنی هاریكاری بونیادنەرە لەگەڵ عێراق لە ئاستە جیاجیاکاندا، بەجۆرێک لە ئاست داواكاری هەردوو گەلی دۆست بێت، ھەروەھا پێشكەوتن و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ ھەردوو گەلی برا بھێنێتەدی.
لە کۆتایی دیدارەکەدا گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی ناوچەکە و هەماهەنگی هەڵوێست لە نێوان هەردوو وڵات لە پێناو كەمكردنەوەی ئاستی قەیرانەكان لە ناوچەكەدا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق