شەوی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی کرد و لە یەکێک لە خاڵەکانی نێو بڕیارەکە ئاماژە بەوەکراوە کە هەر کەس و لایەنێک لە رێگای سۆشیال میدیا و دەزگاکانی راگەیاندن لێدوان دژی رێکارەکانی خۆپاراستن بدات ئەوا لە رێگای داواکاری گشتییەوە رێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر و گوتەبێژی داواکاری گشتییش ئاماژە بەوە دەکات کە هەر کەسێک ببێتە هۆی مەترسی بۆسەر گیانی هاووڵاتییان ئەوا بەبێ ئەوەی کەس داوایان لێ بکات، ئەوا رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگرنەبەر.
لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی، دادوەر پشتیوان سمکۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە پشتریش رێکاری یاساییمان بەرامبەر ئەو کەسانە گرتووەتەبەر کە لە چوارچێوەی خۆپارێزی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، سەرپێچی رێنماییەکانیان کردووە لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانیش، ئەو بڕیارەی دوێنێش کە دەرچووە، ئەوا بێگومان هەر کەسێک لە هەر ئاست و بەرپرسیارییەتییەکدا بێت، سەرپێچی یاسا و رێنماییەکان بکات، ئێمە لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکەین و پێشتریش ئەو رێکارانە گیراونەتەبەر و بەردەوامیشین".
سەبارەت بە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ و جۆر و شێوازی لێپێچینەوە لەو کەسانەی سەرپێچی رێنماییەکان دەکەن، دادوەر پشتیوان سمکۆ گوتی: "ئەگەر کەسێک پێشێلی رێنماییەکان بکات لە رۆژنامە و دەزگاکانی راگەیاندن، ئەوا بەپێی یاسای رۆژنامەگەریی رووبەڕووی دادگای دەکەینەوە، ئەگەر خەڵکێکی ئاسایی بێت ئەوا بە ماددەی ٢٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و ئەگەر لە سۆشیال میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بێت ئەوا بە ماددەی ٢ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی گوتیشی: "ئێمە بەردەوام لەسەر خەت بووین و بەرپرسین لە مافی گشتیی و هەر سەرپێچییەک ببینین کە مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتییان هەبێت لە زاخۆ تا خانەقین، ئێمە رێکاری یاسایی دەگرینەبەر بەبێ ئەوەی کەس داوامان لێ بکات".
دادوەر پشتیوان سمکۆ داوایشی لە ھاووڵاتیان کرد کە خۆیان بەدوور بگرن لە ترساندنی کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست لەبارەی رەوشی ئێستا و ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، چونکە سەرپێچیکاران سزای یاسایی دەدرێن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق