دیالۆگی نیشتمانی وەک فریادڕەسی ئەم دۆخە!

ليست هناك تعليقات


هاوكار عیزەت میكە
-
دۆخی کوردستان لەڕوی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەندروستیشەوە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو داڕمان و وێرانبونی زیاتر هەنگاو دەنێت و خەریکە ڕوناکییەک نامێنێت بۆ هیواو ئومێدی باشبونی دۆخەکە و حکومەتی عێراقیش وردەوردە بەهۆی خراپبونی دۆخی دارایی خۆیەوە جۆرێک لە ساردبونەوە و پەشیمانبونەوەی پێوەدیارە لە ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم لەسەر بابەتی نەوت و داهات و مووچە،لەلایەکی ترەوە گفتوگۆو رێککەوتنی ستراتیژیی عێراق ئەمریکا وای لێدەخوێندرێتەوە کە کورد دەخاتە پەراوێزەوە و نابێتە بەشێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆ ئەگەر عێراق و ئەمریکا خۆیان نزیکبن لە ڕێککەوتن، کەواتە بژاردەکانی بەردەم هەرێم و دەسەڵاتدارانی کوردستان بەرتەسک دەبنەوەو دەبێت هەرچی زوتر خەمێکی جددی لە داهاتوی خۆیان و پاراستنی قەوارەی هەرێم و ژیانی هاولاتیەکانی بخۆن دەنا دۆخەکە دەچێتە قۆناغێکی ترەوە کە هیچکات کەسمان نەمانویستبێت بیبینین و بگرە بە بیریشمان نەهاتبێت، بەکورتیی ئێستا زیاد لە هەمووکات کورد و دۆزی ئەم پارچەیەی کوردستان لەبەردەم چارەنوسێکی نادیاردایە.

کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی هەرێم لەو پەڕی ڕەزالەت و ناڕەحەتیدان و چاوەڕێی ئەوە دەکەن هەرچی زوە کێشە کەڵەکەبوەکانیان چارەسەر بکرێن بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ کوشتن و راگواستن و تەعریب و دەکردن زیاد دەکات.

لەشکرکێشیەکانی ئێران و تورکیابۆسەر خاکی هەرێم کە لەوانەیە بە ئاگاداری دەسەڵاتدارانی هەرێم بوبێت وا هەردوولا بێدەنگییان هەڵبژاردوە دۆخەکەی هێندەی تر ناهەموارکردوە و جۆرێک لە بێهیوایی لای تاکی کورد دروستکردووە و چیدی قسە لەسەر ئەوەیە ئایا ئێمە دەتوانین لەم هەموو قەیرانە دەربچین؟.

یەکێتی و پارتی بە دوو سەرکردایەتی گەنجەوە"یەکەمیان بە فەرمی و لە دوای کۆنگرەوە و دوەمیان بە ئەمری واقیع و رانەگەیەنراو" خەریکی یەکتر شکاندن و هێرشی بەردەوامی میدیایی و ناشیرینکردنی یەکترن، زیاد لە شەس مانگە نەیانتوانیوە یان لە پیرمام یان لە دەباشان چایەکی دۆستانە بخۆنەوەو ئەو تەنگەژەیەی نێوانیان کۆتایی پێ بهێنن.

حزبەکانی تر هەرجارەو بەهۆی بابەتێکەوە جارجار گرژی دروستدەبێت و دەرەوێتەوەو پەرلەمان بە قسەی بەرپرسەکانی سڕکراوەو توانای کۆبونەوەیەکی ئاساییشی نەماوە.

سەرۆکی حکومەت و کەسە نزیکەکانی باسی چاکسازی دەکەن و پێیان وایە بەو هەنگاوە ئیتر کوردستان دەبێتە شامی شەریف، کە واش نییە، چونکە هەر لە چەند مەترێک لە تەنیشت خۆیانەوە دژایەتی ئەو هەنگاوە دەکرێت چ جای ئەوەی هێزەکانی تر چۆن ئەو هەنگاوە لێکدەدەنەوە بۆسەر بەرژەوەندیەکانیان ئەگەر بریار بێت ئەنجامبدرێت.

بۆ هەموو ئەم دۆخە ناهەموارانە کە ڕەنگدانەوەی راستەوخۆ و وێرانکەریان بەسەر ژیان و گوزەران و دەرونی تاکی کوردەوە بەجێهێشتوە پێویستمان بە دەرچەیەکی باش و بەهێزی خێرا هەیە بۆ ئەوەی بتوانین لەم دۆخە بە کەمترین زیانەوە دەربچین، هەنگاوێکمان پێویستە کە هەم لە ناوخۆ هەم لە دەرەوە ببێتە فریادرەس بۆ چاککردنەوەو رێککردنەوەی ئەو هەنگاوانەی کە بەهەڵە هەڵمانگرتوە لە ماوەی ڕابردودا.

ئێستا کوردستان پێویستی بە دیالۆگێکی نیشتمانی هەیە بەڵام بە مەرجێک هەموان بە نەفەسێکی نیشتمان پەروەریی و لەخۆبوردویی و قبوڵکردنی یەکتر بێنە نێو دیالۆگەکەوە بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باشمان هەبێت.

پێویستمان بەوەیە هەموو هێزەکان بە دەسەلات و ئۆپۆسیۆنەوە ئەو روداوانەی چەند مانگی رابردوی حکومەت و پەرلەمان و میدیاو لێدوانە زبرەکانی بەرپرسان وەلا بنێین و ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت لەبیریان بکەن و لە خەمی باشکردنی دۆخەکەدابن.

سەرکردەی هەموو هێزە سیاسیەکان و ئەکادیمیست و شارەزایانی بوارە جیاوازەکان پێویستە قسەی جددیان هەبێت لەم دۆخەداو ناکرێت وەک هاولاتیەکی بێدەسەڵاتی ئەم هەرێمە خۆیان بێدەنگ بکەن و تەنها نارەزایی دەر ببڕن یان بڵێن دۆخەکە خراپە، ئاخر ئەوان دەبێت ئەهلی چارەسەر بن و دەرچەیەک بدۆزنەوە بۆ دەربازبوون لە دۆخەکە چونکە ئەوان بەرپرسیارێتی زیاتر لە ئەستۆیانە و خەڵکانێک چاوەرێی دەست و دەمی ئەوان دەکات ئەگەر لانیکەم لایەنگر و دەنگدەرانی خۆشیان بن.

کاتی ئەوەیە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت هەموان لەسەر مێزێکی گفتوگۆ دابیشین و گفتوگۆیەکی ورد لەسەر کێشەکان بکەن و بەوپەڕی گیانی بەرپرسیارێتییەوە بەدوای چارەسەدەکەدا بگەرێن و بەڵێن بدەن دۆخەکە چاک دەکەن باجەکەی هەرچی هەبێت، چونکە دیالۆگی نیشتمانی واتە سود و بەرژدەوەندی نیشتمان و دور کەوتنەوە لە بەرژەوەندییە لاوەکیەکان کە بەداخەوە کوردستان پڕە لەو بەرژەوەندیانە!.

لە ماوەی رابردودا سەرۆکی هەرێم و سەرۆککۆمار کۆبونەوەیەکیان کرد و چاوەکان چونە سەر ئەو دوو کەسە بەو هیوایەی بتوانن ئاشتەواییەکی خێرا رابگەیەنن بەڵام بەداخەوە ئەوەی کە بینیمان تەنها کۆبونەوەیەکی خێرایان کرد و ئەنجامەکەی ئەوە نەبوو کە چاودێران و هاولاتیان چاوەرێیان دەکرد کە دەوترێت هیچکامیان نەیانتوانیوە بڕوا بە حزبەکانیان بهێنن بۆ ئاشتەواییەکە بۆیە هەوڵەکە بێهودە دەرچوو.

ئێستا سەرۆکی هەرێم و سەرۆککۆمار وەک دوو کەسی میانەڕەوو نێوەندگیر دەتوانن ئەو ڕۆڵە بگێرن و سەرۆکایەتی هەرێم بکەنە سەکۆیەک بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخانە، لەگەڵ ئەوەش بەڕێز مەسعودبارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت هەمان بانگەواز بکات و داوای بە پەلە کۆبونەوەی سەرجەم هێزەکان بکات لە دەوری یەک مێز چونکە جیاواز لەوەی کە وئەو ئێستا تەنها سەرۆکی حزبێکە کوڕانی تاڵەبانی هەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە وەک مامی خۆیان سەیری بازرانی باوک دەکەن و سەرکردەی هێزەکانی تریش لەماوەی رابردودا کێشەیان لەگەڵ سەیرکردنی ناوبراو وەک کۆکەرەوەو براگەورە نەبوە.

هەرچۆنێک بێت و هەرکەس بەو کارە هەستێک گرنگترین وپێویستترین کارێک بۆ ئێستای کوردستان تەنها دیالۆگێکی نیشتمانییەو گەیشتنە بە رێککەوتنێکی هەمەلایەنە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی خێراو بە پەلە بۆ ئەم دۆخەی تێی کەوتوین، جگە لەو بژاردەیە هیچ بژاردەیەکی تر نییە بتوانێت ئەم چەقبەستوییە کۆتایی پێ بهێنێت و دەرگایەکی فەرحانە بەروی هاولاتیانی هەرێمدا بکاتەوەو قورسایی ناوچەیی و هەرێمییش بۆ قەوارەی کوردستان بگێرێتەوە کە ماوەیەکە بەتەواوی لاواز بوە.

ئێستا هەموو هێزە سیاسیەکان و سەرکردە سیاسیەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی و گۆران لەبەردەم بریار و بەرپرسیارێتیەکی گرنگدان بۆ ئەنجامدانی ئەو دیالۆگە نیشتمانییەو هەڵگرتنی بەشی زۆری بەرپرسیارێتێەکە چونکە ئەوان ئێستا حوکمرانی هەرێمن و هەر زیانێک کە بێتە پێشەوە بۆ هەرێم یەکەم کەس ڕوی لەوان و بەرژەوەندیەکانیان و سومعەی سیاسییانە و هێزەکانی تریش بێبەش نابن لە زیان و لێکەوتەکانی دۆخەکە.

بۆیە پێویستە هەرچی زوە هەموان خەمێکی دۆخەکە بخۆن لە پێناو مانەوەی شکۆی خۆیان و قەوارەی هەرێم و ژیانی سەربەرزانەی هاوڵاتیان،ئێستا کات کاتی ئاستەوایی و دیالۆگ و لێتێگەشتنی نیشتمانییە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif