گوڵاكەكان شوێنێك بۆ كۆكردنەوەی نەیارەكان و خواردنی گۆشتی مرۆڤ‌

ليست هناك تعليقات


ڕاپۆرتی جیهانی
-
ساڵی 1933 یەكێتی سۆڤیەتی جاران لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی ستالین داو لە سەر پێشنیاری – گنریخ یاگودا- سەرۆكی دەزگای پۆلیسی نهێنی ئەو وڵاتە پلانێكی سەیر هاتە بواری جێبەجێكردن، ئەویش دروستكردنی شوێنێك بوو بۆ ئەو كەسانەی كە دەوڵەت چارەیانی ناوێت و بە هەر شێوەیەك بووە دەیویست دووریان بخاتەوە، ئەویش لە لەناوچەیەكی دوورە دەستی سیبریا و كازاخستان و لەوێ ئۆردوگای تایبەتیان بۆ كرایەوە و دواتر بە –گولاگ- ناوبانگی دەركرد. 

ئەو كەسانەی كە دەستنیشان دەكران لەشارو شارۆچكەكانەوە دەنێردران بۆ ئەو شوێنە، كە بریتی بوون لە هەژار و بێ كەس و ئەوانەی لەسەر شەقام دەخەوتن و ئەوانەش كە خەریكی خراپەكاریی بوون یان ئەوانەی كە نەخۆشی دەروونییان هەبوو كە لە ئێستادا پێیان دەگوترێت –شێت- لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كەسانەشیان دەنارد كە پێچەوانەبوون لەگەڵ بیروباوەڕی كۆمۆنیستی دەسەڵاتداردا كە خەڵكی خوێندەواری بەهێز و خاوەن بڕوانامەكانیشی تێدابوون.


ئەو دۆخە زۆر مەترسیدار بوو، لە لایەكەوە نەبوونی خۆراك و لەلایەكی دیكەشەوە بەریەك كەوتن لەگەڵ خەڵكانی خراپ و ناتەواو و بێ ڕەحم و بەزەیی مرۆڤایەتی، بەجۆرێك خەڵكانێك هەبوون بۆ بەدەستهێنانی خۆراك یان پێداویستیەكانی دیكە لە كوشتن سڵیان نەدەكردەوە، كاتێك تا پرۆسەكە نەچووبووە بواری جێبەجێكردنەوە نەیاندەزانی ئەوەندە خەڵكی خراپ زۆرەو ئەو هەموو مرۆڤە نالەبارە لەناوچەكەیاندا هەیە، یەكێك لە شوێنانەی كە دروستیان كردبوو لە دوورگەیەكی ناوچەی –تومسك- پڕبوو لە مرۆڤی برسی و نەفام و توندو نوقسان.

بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری ئەو دوورگەیە چەند كەسێكیان دانابوو كە شارەزایی ئەوتۆشیان نەبوو، ئەوەی كە پێیان درابوو بریتی بوو لە 20 تەن ئاردی زبر كە بەهۆی تەڕی و ئاوی دورگەكەوە خوسابوو، دەبوو بەشێویەكی یەكسان بەسەر ئەو خەڵكەدا دابەشی بكەن كە وەك زیندانی وابوون، بەڵام هێندەی نەبرد خەڵك برسییان بوویەوە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو برسێتییە پەنایان بردە بە هێرش و پەلامار بۆ سەر یەكتریی، پاسەوانەكانیش هیچ شتێكیان لەدەست نەدەهات تەقەكردن نەبێت لەو كەسانەی بۆ دەستخستنی پارووە نانێك كەوتبوونە گیانی یەكتریی، هەربۆیە دەرئەنجام ژمارەیەكیان كوژران و ژمارەیەكی زۆرتریشیان بەسەختی بریندار بوون.

ئەو زیندانییانەی برابوونە ئەو دوورگەیەوە هیچ شتێك چاوەڕێی نەدەكردن مەرگ نەبێت، ژمارەیەك لە زیندانیەكان دیانویست لەڕێگەی پارچەدارو ئەو پێداویستیانەی تری كەناری ئاوەكە بپەڕنەوەو بگەڕێنەوە، بەڵام بێ سوود بوو، ژمارەیەك لەوانەش لەلایەن پاسەوانەكانەوە تەقەیان لێكراو كەوتنە ناو ئاوەكەوەو مردن. ئەوانەشیان هەرچۆنێك بوو پەڕینەوە ئەو بەری ئاوەكە، لەسەرەتاوە پێیان وابوو دەگەنە ئاوەدانی و لەو دۆخە نالەبارە ڕزگاریان دەبێت، بەڵام هەرزوو لەوە تێگەشتن وانیەو بگرە سەدان كیلۆمەتریش ببڕن چاویان بە ئاوەدانی ناكەوێت. تاچاو بڕیی دەكرد دەشتایی و تەنانەت ئاوی خواردنەوشیان دەست نەدەكەوت، دەشتێكی بەستووی هیچ تێدانەبوو. لەنێو دورگەكەشدا بەهۆی نەبوونی خۆراكەوە دوای چەند رۆژێك ئەوانەی كە زیندوو مابوونەوەو بەناچاریی دەستیان دایە خواردنی جەستەی كەسە مردووەكان.

هێندەی نەبرد ناوسكی مردووەكانیشیان دەردەهێناو هەموویان دەخوارد، پاشان گروپ و دەستە دروست بوون و كەوتنە گیانی یەكتری، ئەگەر كەسێك لاواز بوایە یان تەنها بكەوتایەو بۆیان هەڵبەكەوتایە وەك ئاژەڵی دڕندە پەلاماریان دەداو دەستیان دەكرد بە پارچە پارچەكردن و خواردنی گۆشتەكەی. بەو شێوەیە بوونە گۆشتخۆریی مرۆڤەكان بەكاڵی ، لەو میانەیەدا گۆشتی چەندین كەس خورا، هەندێ جار هێشتا مرۆڤەكە گیانی تێدا مابوو دەكەوتنە خواردنی ئەندامەكانی جەستەی.


یەكێك لەوفێڵانە كە زیندانیەكان دەیانگرتە بەر بریتی بووە لەوەی پەیوەندییان بە یەكێكەوە دەكرد كە لە گروپەكەی بەرامبەرەوە بێتە لای ئەوان، كاتێك باوەڕی دەهێناو دەهاتە لایان ئیتر ئەبووە نێچیر و بە زیندوویی دەستیان دەكرد بە خواردنی گۆشتەكەی، رۆڵی پاسەوانەكان هیچ سوودێكی نەبوو، بەڵكو زۆرجار ئەوانیش ئەشكەنجەی زیندانیەكانیان دەداو ئەوانیش بە هەمان شێوەی ئەوان برسی بوون، هەربۆیە ئەوانیش دواجار دەستیان كرد بە خواردنی ئەوانی دیكە.

دوای ماوەیەك نزیكەی 1200 كەسیان بەرەو ئەو دوورگەیە ڕەوانەكرد، كاتێك گەشتنە بەرەوە ڕووبەڕووی سەرزەمینێكی وشك و نەبوونی خواردن و كۆمەڵێك مرۆڤ خۆر بونەوە، ژمارەیەكیان هەر ئەوەنە پێیان كەوتە سەر خاكی دوورگەكە كەوتنە بەرهێرش و پەلامار، بە خێرایی كوژران و هەر بەپێوە گوشتەكەیان خورا، بە بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵانە و گەشتنی ئەو جۆرە مرۆڤانە بۆ ناوچە نزیكەكانی دەرەوەی دوورگەكە، یەكێتی سۆڤیەت كەوتە خۆی بۆ ئەوەی چارەسەریی دۆخەكە بكات، بەڵام زۆر درەنگ بوو، تازە كار لە كار ترازابوو، لەنێو شەش هەزار زیندانی دا چوار هەزاركەسیان گوشتیان خورابوو، كۆمیتەی حزبی شیوعی بڕیاریدا لێكۆڵینەوەیەك لەوبارەیەوە بكات، بەڵام دەرئەنجامەكانی ئەوەندە ترسناك و قێزەون بوو، ناچار بوون بەشاردنەوەی ئەو چیرۆكانە.


داهێنەرێكی مەترسیدار:
گنریخ یاگودا، سەرۆكی پۆلیسی نهێنی یەكێتی سۆڤیەت لە مانگی تشرینی دووەمی 1891 لە لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە كۆمۆنیست و لە ئاینیشدا یەهودییەكی رووسی بوو، ، ئەو بە دامەزرێنەری بیرۆكەی ئۆردوگا ترسناكەكەی ناوچەی سیبریا دێتە ئەژمار كە دواتر بە - گولاگ- ناوبانگی پەیدا كرد، جگە لەو كارانەش سەدان هەزار كەس لەسەر دەستی دامەزراوەكەی ئەو –پۆلیس نهێنی- لە سێدرە دراون، دوای تەواو بوونی دەسەڵاتی ستالین و هاوڕێكانی دەركەوت كە لانی كەم دەملیۆن كەس لەسەردەستی ئەوان گیانیان لەدەستداوە. بە پێی سەرچاوەكان باوكی سەعاتچی بووەو لە 1907 ەوە پەیوەندی كردووە بە بەلشەفیەكانەو لەسەر ئەوە بۆ ماوەی 2 ساڵ لە 1915 دوورخراوەتەوە، پاشان چووەتە ناو سوپای سووری ڕووسی یەوەو لە 1919 بووتە ئەندامی لیژنەی باڵای بازرگانی دەرەكی روسیا و لە 1920 هەڵبژێرراوە بۆ ئەندام لیژنەی ناوەندی حیزبی لە روسیا.


بە یەكێك لەو كەسانە دادەنرێت كە لەلایەن ستالینەوە كاری لەبەر رۆشتووەو پێشنیاری پەیوەستكردنی دەریای سپی روسی بە دەریای بەڵتیكەوە كردووە و پاشان پلانی پێنج ساڵەی ستالینی داڕشتووە.

سالێ 1937 دەستی لە كار كێشاوەتەوەو پاشان ڕێكەوتنی لەگەڵ ترۆتسكی كردووە لە 15 ئازاری 1938 بە فیشەك لە لایەن حكومەتی ئەو كاتی ڕوسیاوە كوژراوە .

گولاگەكان:
گولاگ، دەستەواژەیەكی كورتكراوە بوو بۆ ئەو ئۆردوگایانەی كە دروستكرابوون بۆ كۆكردنەوەی ئەو كەسانەی دژایەتی ستالینیان دەكرد، ئەوان بۆیە ئەو كارەیان كرد وەك ڕاهێنان و چاكسازیی پێشنیاریان كرد، بەڵام دواجار بەشێوەیەك شكایەوە كە مرۆڤایەتی شتی وای بەخۆیەوە نەبینیوە. 

لەنێو ئەو زیندانانەدا نە خۆراك هەبوو ، نە جل و بەرگ، لە هەمان كاتیشدا هیچ هۆكارێكی گەرمكردنەوە لە ئارادا نەبوو، هەرچەندە ناوچەی سیبریا بە ساردترین ناوچەی روسیا دێتە ئەژمار. 
ژمارەی ئۆردگاكان زۆر بوون و زیاتر لە یەك ملیۆن كەسیان تێكرا، لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا سوودێكی زۆریان لەو گولاگانە وەرگرتووەو بردونیان بۆ جەنگ ، لەدوای تەواو بوونی جەنگیش ژمارەی گولاگەكانیش زیادیان كردووەو تا نزیكەی پێنج ملیۆن كەسیان تێكراوە. لەلایەن گروپێكەوە خەڵكێك دەستنیشان دەكراو دەبران بۆگولاگەكان كە پێیان دەگوترا (OGPU) لە هەموو مەزهەب و ئاینزار و بیروباوەڕو كەمینەكانی تێبراوە، ئەوەی كە دژایەتی ستالینی كردبێت، یان بێلانەبووبێـت یاخود لەڕووی دەروونیەوە تەواو نەبووبێت براوەتە گولاگەكان.


لەنێو گولاگەكاندا خۆراك بەپێی كاری زیاتر بوو، ئەوانەی كە لاواز بوون یان نەخۆش بوون، یاخود لە ڕووی ژیرییەوە توانای كاركردنیان نەبوو، ڕووبەڕووی مردن بوونەوەو هەرزوو مردن.
ساڵس 1973 ئەلسكاندەر سولژنیستین كتێبێكی لەبارەی گولاگەكانەوە نوسی ، زۆرینەی چیرۆكەكانی ئەو ئۆردوگا زیندان ئامێزانە تێدابوو، بەڵام دواجار بەهۆی كاریگەرییەكانی ئەو چیرۆكانە بووە هۆی ئەوەی خۆی هەڵبواسێت و خۆی بخنكێنێت.


بە پێی چیرۆكەكانی ناو ئەو كتێبە ژمارەیەكی زۆر لە زانا و پسپۆڕو كەسە شارەزاكانی نەیاری ستالین براونەتە نێو گولاگەكان، چەندین ئەندازیارو پزیشك و یاسا ناسیان تێدابووە، بەڵام تەنها لەبەر ئەوەی كە نەیاری ستالین بوون چارەنووسیان بەو ڕۆژە گەشتووە. بە پێی سەرچاوە مێژوویی و شوێنەوارییەكان لە سەرانسەری یەكێتی سۆڤیەتدا 476 گولاگ هەبوون هەموویان كاری جۆراوجۆریان پێدەكردن، بپێی هەندێك لە سەرچاوەكان یەكێك لەو گولاگانە كاری بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی تێدا كراوە، واتە تاقیكردنەوەی چەكی جۆراوجۆریان لەسەر كردوون، ژمارەیەك لەو گولاگانە تا دوای مەرگی ستالینیش درێژەیان هەبووەو بگرە لەداوی مەرگی ستالین فراونتر كراون. لەیەكێك لە ناوچە هەرە دوورە دەستەكانی روسیا بەناو كۆلیما زیاتر لە 100 گولاگ هەبووە كە كاریان دەرهێنان و ئامادەكردنی زێڕبووە، لەژێر فشارێكی توندی سەربازیی روسەكاندا. ساڵی 1989 گۆڕێكی بەكۆكەڵ دۆزرایەوە كە 169 كەس پێكەوە تێیدا نێژرابوون.
پیسەر پرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif