دانوستانی عێراق و ئەمریکا

ليست هناك تعليقات

د.سەردار عزیز
-
دیداری یەکەمی دانوستانی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق کۆتایی هات و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکی و عێراقی بڵاوکراوەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، تیایدا درێژەپێدانی هەردولایان بۆ دانوستانەکان لە مانگی داهاتودا لە واشنتۆن جەخت کردەوە.

هەتا ئێستا چەند خاڵێک دەزانین:
یەکەم، ئەوەندە گۆڕانکاری نەکراوە لە ڕێککەوتنەکەی ٢٠٠٨، تەنها ئەپدەیتکراوە یان نوێکراوەتەوە. لە ڕاستیدا ڕێککەوتنەکەی ٢٠٠٨ وەک بنەما وەرگیراوە.

دووەم، زمانی بڵاوکراوەکە وەک خیتابێکی دیپلۆماسی نوسراوە کە دەیەوێت گفتوگۆ لە گەڵ چەندین لایەندا بکات بە ناڕاستەوخۆ، بۆ نمونە، ئاماژەدان بەوەی کە ئەمریکا هێزەکانی کەم دەکاتەوە، نیازی نیە بنکەی هەمیشەیی هەبێت لە عێراق، جەختکردنەوە لە سەر هاوکاری ئابوری و ئاسایش و بوارەکانی تر، زیاتر وەڵامدانەوەی هێزە شیعییە ناڕازییەکانە.

سێیەم، عێراق وەک یەکەیەکی یەکگرتو دەبینرێت، بۆ ڕیفۆرمی عێراق ئەمریکا چاوی لە هەندێک فاکتەرە لەوانە، یاسای هەڵبژاردنی نوێ و هاتنی دەموچاوی نوێ لە ڕێگای ئەو یاسا نوێیەوە.

چوارهەم، ئەمریکا دەیەوێت کۆمپانیا گەورەکانی وزەی ئەمریکا بێن بۆ عێراق هەتا لە بواری وزەدا هاوکاری کەرتی وزەی عێراق بکەن. ئەمە ڕەنگە ئاماژەبێت بۆ گەشەی خێرای چین لە کەرتی وزەی عێراقدا.

پێنجەم، پرسی کورد و بەغدا، ئاماژەی پێنەکراوە، تەنها بوارێک کە قسەی لە سەر کراوە لەو بارەوە کێشەی ئاسایشی ناوچە جێناکۆکەکانە.

شەشەم، لە ڕوی کەلتورەییەوە ئەمریکا ئامادەیە ئەرشیفی بەعس بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە. ئەمە کارێکی ئێجگار خراپە، چونکە ئەرشیف و زانیاری و بەڵگەنامە و یادەوەری لە لای گەلانی عێراق هیچ نرخ و بەهایەکی نیە. بگرە بە دڵنیاییەوە هەموی دەفەوتێت و دەفرۆشرێت و دەدزرێت.

حەوتەم، دیارە ئەمریکا ماندوە لە عێراق و دەیەوێت لە ڕێگای ئەم دانوستانەوە باری گرانی عێراق لە سەر خۆی کەمبکاتەوە، لە بڕی ئەوەی لە ژێر فشاردا سوپاکەی بکشێنێتەوە، لە ڕێگای ئەم ڕێککەوتنەوە دەیکشێنێتەوە. هەرچەندە هەندێک وەهای دادەنێن ئەگەر کات دیاریکراو نەبێت بۆ کشانەوە ئەوا ناکۆتایە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif