محەمەد یاسین-ی كۆچكردوو پاڵەوانی بەرزكردنەوەی قورسایی و تاقانەی ئۆڵۆمپیادەكانی مۆسكۆ ولۆس ئەنجلۆس و بێبەشكراوی ئۆڵۆمپیادی ساڵی 1988ی سیئۆلی كۆریای باشوور، ساڵی 2010 دیمانەیەكی تایبەتم لەگەڵ سازكرد و ئەو چەندین نهێنی ژیانی وەرزشی و تایبەتی خۆی بۆ باسكردم، لێرە مشتێك لەخەرمانی ئەم پاڵەوانە كۆچكردووە بەیان دەكەم.
سەرەتا باسی ئۆڵۆمپیادی مۆسكۆی ساڵی 1980ی یەكێتی سۆڤیەتی ئەوكاتی كرد و وتی: تەمەنم (17) ساڵ بوو، توانیم پلەی (17) بەدەستبهێنم و بچووكترین یاریزانی ئۆڵۆمپیادی مۆسكۆ بووم.
بۆ ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆس-ی 1984ی ئەمریكا وتی: پلەی شەشەمم بەدەستهێنا، یەكێك بوو لەباشترین ئەنجامەكان، لەسەر ئاستی عەرەبی (یەكەم) بووم، دوای یاریزانی كۆچكردووی بەرزكردنەوەی قورسایی (عەبدولواحید عەزیز) كە لەئۆلۆمپیادی رۆمای ساڵی 1960 لەئیتاڵیا پلەی (سێیەم)ی بەدەستهێنا، من دووەم باشترین یاریزانم لەعێراق تائێستا كە لەیاری بەرزكردنەوەی قورساییدا ئەنجامی باشم هەبێت.
سەڕەڕای ئەو ئەنجامە باشە، كە لەئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆس گەڕاینەوە بۆ عێراق و فرۆكەخانەی بەغدا، دیاربوو باری ئەمنی شڵەژابوو، هیچ زانیاریشمان نەبوو، بەڕاستی من وهەموو یاریزانەكان ترساین، كاتێك لەناو فڕۆكە دابەزین، هەموویان راپێچی بەندیخانەی (رەزوانیە) كردین، ئێمە نزیكەی (17) یاریزان بووین، هۆكارەكەش ئەوە بوو هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق لەپێشبرشكێی تۆپی پێی ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆس ئەنجامی خراپ بوو، منیش وەكو یاریزانی بەرزكردنەوەی قورسایی بەئاگری ئەوان سووتام، (17) رۆژ بەندكرام، ناخۆشترین سزای دەروونی و ئەشكەنجەمان چەشت، بەیانیان بەیەك پارچە (موس...گوێزان) دەبوایە هەر (17) یاریزان ریشمان پاك بتاشیبوایە، ئینجا رۆژانە راكردن و بە (بلۆك) هەڵگرتن رامان دەكرد، دواتر لەناو ئاوی پیسدا، دەبوایە بچینە ژێرئاوەكە تا فیكەی لێنەدابوایە نەدەبوایە بێینە دەرەوە، ئەگەرنا سزای توندییان دەداین، رۆژانە سزای دەروونی و سەركۆنەیان دەكردین و سوكایەتی زۆریان پێمان دەكرد، بەقسەی نەشیاو و قێزەوەن، تەنها تاوانی من ئەوەبوو كورد بووم و هیچی ترنا، ئەنجامە خراپەكانی هەڵبژاردەی تۆپی پێ چ تاوانێكی منی تێدایە، دوای (17) رۆژ بەندكردن بەبێ گوناح و تاوان، ئازادییان كردم، ئینجا گەڕامەوە شاری هەولێر.
سەبارەت بەبەشداری نەكردی لەئۆڵۆمپیادی سیئۆلی كۆریای باشووری ساڵی 1988، محەمەد یاسینی كۆچكردوو وتی: بەر لەسەفەركردن بۆ سیئۆل، سەربازگەیەكی مەشق و راهێنانمان هەبوو لەمۆسكۆ، پاش تەواوبوونی سەربازگەكە گەڕاینەوە بەغدا تا خۆمان ئامادەبكەین بۆ سیئۆل، هەمان سیناریۆ بەڵام بەبەرنامەیەكی قێزەوەنتر، ئەمجارە دووبارە لەفڕۆكەخانەی بەغدا دەست بەسەریان كردین بۆ بەندیخانەی (رەزوانیە)، بەڵام ئەمجارەیان زۆرترسام، لەدڵی خۆم دەموت چیم كردووە و هیچم بەخۆم شك نەدەهات، لەبەندیخانەی رەزوانیە بەند كراین، بەڵام لەپاسەوانەكانم پرسی هۆكارچییە ئێمە بەندكراوین و كەی بەردەبین و ئازاد دەكرێین، وتیان ئێوە بەندی (عودەی سەدام)ن، بەندكردنی ئێوە كراوەیە، وتم كراوە مانای چییە، یەكێك لەپاسەوانەكان وتی لەوانەیە چەند كاتژمێرێك بمێننەوە، یانیش چەندین ساڵ بەند بكرێن، زۆر بێ تاقەت بووم و تووشی دڵەڕاوكێ و بێزارییەكی زۆر بووم، هەفتەیەك بەندكردن، بۆ دوو هەفتە و سێ هەفتە هەر دریژەی كێشا، لەدڵی خۆمان دەمان وت عودەی ئێمەی هەر لەبیر نەماوە!.
بەڵام خوای گەورە رزگاری كردین، كاتێك عودەی كوڕی سەدام لەئاهەنگی شەوانەی یەكێك لەئاهەنگەكان (كامل حەنا)ی پاسەوانی باوكی كوشت، بەم بۆنەیەوە عودەی بەندكرا، بڕیارێك دەرچوو هەرچی هونەرمەند و یاریزان و پیاوی پلەدار و ناسراو هەبوو كە عودەی بەندی كردبوون، هەر هەموومانیان ئازاد كرد!!!.
L
ئەوە بەشێك بوو لەچیرۆكی ژیانی پاڵەوانە تاقانەكەی كورد لەئۆڵۆمپیاد، ئەم پاڵەوانە رێكەوتی 24-6-2020 لەوڵاتی سوید بەڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا، ئەم مرۆڤە خێر لەخۆنەدیوە دوای چەند ئازار و ئەشكەنجە و سەركۆنە و راكردن و پاشان بۆ وڵاتی غەریبی و ئینجا ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆتایی بەژیانی هێنا، ئەم مرۆڤە خاوەن (5) منداڵە و (42) ملوانكەی هەمەجۆری بۆ عێراق و كورد بەدەست هێناوە و خاوەنی 150 ریكۆردی پاڵەوانێتییەكانی سەر ئاستی ئاسیا و عەرەب و عێراق بوو!!!.
Xendan
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق