د. رزگارعهبدولكهریم عه‌بدولعه‌زیز
-
باڕۆنهكانی دزی Robber baron
بارۆنهكانی دزی تێرمێكی ئابووریی سیاسیه له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا بۆ ئه‌و سه‌رمایه‌دار و خاوه‌نكار و كارخانه‌ی پیشهسازیو خاوه‌ن بانكانه به‌كارده‌هات كه له‌ڕێگای قۆرخكردنی بازاڕ، په‌یوه‌ندیی نایاسایی‌و چه‌وسانه‌وه‌ی كرێكار، مامه‌ڵه‌كردنی نا ئهخلاقیو به كۆیله‌كردنی خه‌ڵكییه‌وه سه‌ره‌وت سامانی زۆریان به‌ده‌ستهێنابوو، خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌مانه ته‌نها سهركهوتنو گه‌شه‌كردنی سهروهتو سامانی خۆیان بوو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌هیچ رێگایه‌كی نادروست نهدهسڵهمینهوه، سامانێكی یه‌كجار زۆریان له‌ژیر ناوی ئازادی‌و لیبراڵیزمدا كه‌ڵه‌كه كردبوو، به‌ڵام به جۆره‌ها تاكتیك‌و میكانیزم كه ئه‌مرۆ ئه‌و جۆره كارانه به تاوانی رێكخراو ناوده‌برێت، وه‌ك گرتن‌و كوشتن، ترساندن‌و پیلانگێڕی جۆراوجۆر، فێڵ‌و ده‌ستبڕین، بهرتیلو ده‌ست تیكهڵكردن له‌گه‌ڵ پیاوانی حكومه‌تدا..تد.
لێره‌دا هه‌ندێك له ناودارترین بارۆنهكانی دزی له سه‌ده‌ی نۆزده باس ده‌كه‌ین،
یه‌كه‌م: جون جاكوب ئه‌ستور، كه بازاڕی خوری له ئه‌مریكادا پاوانكردبوو ، كاتێك ركابه‌ره‌كانی لای حكومه‌ت سكاڵای حاڵی خۆیان كرد، جاكوبو هاوڕێكانی په‌نایان بۆ هێز و توندووتیژی برد، له‌ڕێگه‌ی سامانهكهیهوه پیاوانی سیاسی‌و حكومه‌تی كڕی‌و بۆ پشتیوانی خۆی به‌كاریهێنان، كاتێك كۆچی دوایی كرد ده‌وڵه‌مه‌ندترین كه‌سی ئه‌مریكا بوو.
دووه‌م: جمیس فیسك، شاره‌زایه‌كی بواری دارایی بوو له وۆلستریت، زۆربه‌ی سامانه‌كه‌ی له‌ڕیگای فڕوفێڵو دهستبڕینو رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومهتو پێدانی به‌رتیل به‌ده‌ستهێنابوو.
سێیه‌م: لیلاند ستانفورد كه ئیستا زانكۆی ستانفۆرد به ناوه‌وه‌یه، ستانفۆرد وه‌ك سیاسییه‌ك ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام پۆسته سیاسییه‌كانی بۆ خزمه‌تی كاره‌كه‌ی به‌كارهێنا، لێره‌وه سامانێكی زۆری پێكه‌وه‌نا، كاتێك له‌ژیان نه‌ما، خاوه‌نی 18 ملیار دۆلار بوو به نرخی ساڵی 2014.
چواره‌م: جون. د رۆكفلر، له‌ڕێگای پاوانكردنی پیشه‌سازیی نه‌وته‌وه سامانێكی یه‌كجاری زۆری كهڵهكهكردبوو، ئه‌و بۆ تێكشكانی ركابه‌ره‌كانی له بازاڕ، له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی هێڵی ئاسن‌و پیاوانی حكومه‌ت رێكه‌وتبوو، سه‌رئه‌نجام (90%)ی بازاڕی نه‌وتی كه‌وته ده‌ست.
بارۆنی دزی هاوچهرخیشمان زۆرن كه ئێمه رۆژانه گۆرانی به باڵایاندا ده‌چڕین، كۆڤید ١٩ باشتر په‌رده‌ی له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه هه‌ڵماڵی، داتاكان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه قه‌یرانی ئابووری‌و په‌تا چۆن خاوه‌نكاری بچوك‌و ماماناوهندی توشی داشكانی كه‌مه‌رشكێنی ئابووریی كردووه، چۆنیش سامانی ملیاردێره‌كانی چه‌ند جاره زیاد كردووه.
په‌تا و بزنسی بچوك
بزنسی بچووك‌و مامناوه‌ند كۆڵه‌كه‌یه‌كی گرنگی ئابوورییه، كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ههژاریو نادادپه‌روه‌ری هه‌یه، ئه‌م مۆدیله‌ی كار به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی تر و دادپه‌روه‌رانه‌تر پڕۆسه‌ی دابه‌شبوونی داهات له‌نێو چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه رێكده‌خاته‌وه.
له‌زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تاندا كۆڤید ١٩ كاریگه‌ریی زۆر خراپی له‌سه‌ر بزنسی بچووك‌و مامناوه‌ند داناوه، له هه‌ندیك ده‌وڵه‌تدا نزیكه‌ی (75%)ی بزنسی بچووك به‌هۆی كۆرۆنا ڤایرۆسه‌وه داخراوه، به‌شێكی زۆری ئه‌م خاوهنكارانه هه‌رچی سه‌رمایه‌ی ژیانیان هه‌یه له‌و كاره‌دا داناوه، داخستن‌و بێبازاڕی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بۆ ئه‌وان تاقه‌ت پڕوكێنو ئه‌سته‌م ده‌بێت، ناچاریان ده‌كات دیسان له سفره‌وه ده‌ست پێبكه‌نه‌وه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر دهرفهتو بواری ئه‌وه‌یان هه‌بێت.
توێژینه‌وه‌كی نوێ روونیكردۆته‌وه، بڕیاری داخستتنی بازاڕ له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌مریكییه‌وه زیاتر كه‌مینه‌كانی توش گرفتی ئابووری كردوه. رۆبیرت فیرلی پرۆفیسۆر له‌زانكۆی كالیفۆرنیا، له توێژنهوهیهكیدا باسی ئه‌وه ده‌كات له ماوه‌ی مانگی شوبات بۆ كۆتایی مانگی نیسانی 2020، ژماره‌ی خاوه‌نكار و بزنسی بچووك له‌سه‌ر ئاستی ئه‌مریكا به‌بڕی (3.3) ملیۆن كار و به‌ڕێژه‌ی (22%) كه‌میكردوه، ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی كه‌مینه نهژادییهكان سه‌یری ژماره‌و داتاكان بكه‌ین، ئه‌وا دۆخه‌كه دژوارتر و ناله‌بارتر ده‌رده‌كه‌وێت، كۆڤید ١٩ و داخستنی بازاڕ به‌رێژه‌ی (41%) زیانی به بزنسی ئه‌مریكییه – ئه‌فریقاییه‌كان گه‌یاندوه، زیانه‌كه بۆ ئه‌مریكاییه ئیسپانی زمانه‌كان (32%)ه، له‌كاتێكدا ته‌نها (17%) بزنسی سپی پێسته‌كان دووچاری داشكان بووه، به‌گشتی نزیكه‌ی (44) ملیۆن كرێكار بێكاربوون، نزیكه‌ی چوار ملیۆن خێزان توانای دانه‌وه‌ی ره‌هنی خانووبه‌ره‌یان نییه، به‌شی زۆری ئه‌مانه له چینی خواره‌وه‌و چینی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكان. به‌ڵام پێده‌چێت دۆخه‌كه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندو سهرمایهدارهكانو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ی ههڕهمهكهن جۆریكی تر بێت.
كۆڤید ١٩ و كه‌مینه‌ی سه‌رمایه‌دار
به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی شیكاری كه په‌یمانگای لێكۆڵینه‌وه سیاسیه‌كان ئه‌نجامی داوه، له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای (كۆڤید ١٩)وه، به‌دیاریكراوی له‌ناوه‌ڕاستی مانگی ئازار تا ناوه‌ڕاستی مانگی حوزه‌یرانی 2020، سامانی ملیاردێره‌كانی ئه‌مریكا به‌ڕێژه‌ی (20%) زیادیكردوه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سامانی (643) سه‌رمایه‌داری ئه‌مریكایی له (2.9) تریلیۆن بۆ (3.5) تریلیۆن دۆلار زیادیكردوه.
سامانی پێنج ملیاردێره ناوداره‌كه‌ی ئهمریكاو جیهان (جیف بیزۆس، بیل گه‌یتس، مارك زوكربیرگ، وارین بافتو لاری ئه‌لیسۆن) ته‌نها له‌ماوه‌ی ئه‌م سێ مانگه‌دا به‌بڕی (101) ملیار دۆلار زیادیكردوه:
– سامانی بیزۆس به‌ڕێژه‌ی (38.7%) و بڕی 43.8 ملیار دۆلار.
– بیل گه‌یست به‌ڕێژه‌ی (12%) بڕی 11.5 ملیار دۆلار.
– مارك زوكربێرگ به‌ڕێژه‌ی (58%) بڕی 32 ملیار دۆلار.
– وارن بافت به‌ڕێژه‌ی (6%) بڕی چوار ملیار دۆلار.
– ئیلیسۆن به‌ڕێژه‌ی (17%) بڕی 10 ملیار دۆلار زیادی كردوه.
جگه له‌م پێنچ ناوداره، 12 ملیاردێری تر سامانه‌كه‌یان دووجار تا پێنج جار زیادی كردوه، ئه‌مه له‌كاتێكدا چینی خواره‌وه‌و ناوه‌ندی كۆمه‌ڵگه له‌دۆخێكی سه‌ختدا ده‌ژین.
فرانك كلیمنتی به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ئه‌مریكا بۆ دادپه‌روه‌ری باج ده‌ڵێت: “شه‌پۆلی زیادبوونی سه‌رمایه‌و سامانی ملیاردێره‌كان له‌زه‌مه‌نی پڕ له‌قه‌یرانی ئابووری‌و سایكۆلۆجی‌و ته‌ندروستیدا، یه‌كه‌م، نیشانه‌ی هه‌بوونی لاسه‌نگییه‌كی گه‌وره‌ی بونیادییه له سیستمی ئابووری سیاسیی ئه‌مریكا، دووه‌میشیان، نیشانه‌ی بوونی چه‌ندین شێواز و شێوه‌ی نادادی‌و نایه‌كسانی ئه‌و سیستمه‌یه”.
ژنه نووسه‌ری كه‌نه‌دی نا‌ئومی كلاین له‌كتیبی (The Shock Doctrine)دا ده‌ڵێت: حكومهتو كه‌مینه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری سیاسی‌و ئابووری هه‌میشه له‌هه‌وڵدان چۆن قهیرانو ته‌نانه‌ت كاره‌ساتی سروشتیش له‌خزمه‌تی ئه‌جێنداكانی بازاڕی ئازاد و ئایدۆلۆجیای كوڕانی شیكاگۆ به‌كاربهێنن، ده‌شڵێت: له‌كاتێكدا په‌تای كۆرۆنا رۆژانه هه‌زاران كه‌سمان لێ ده‌كوژێت، كه‌چی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی بواری ته‌كنۆلۆجیا له‌هه‌وڵی قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تدان بۆ فروانكردنی هێز و هه‌ژموونی خۆیان‌و پاوانكردنی زیاتری بازاڕ و كایه ئابوورییه‌كان، له خه‌می پڕكردنی زیاتری گه‌نجینه‌ی خۆیاندان.
كلاین باسی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌كات چۆن كۆمپانیاكانی خانووبه‌ره كه‌ڵكی خراپ له‌كاره‌ساتێكی سروشتی وه‌ك زریانی كاترینا (Hurricane Katrina)ی ساڵی 2005 وه‌رده‌گرن بۆ داگیركردنی موڵكی خه‌ڵكی ئاسایی له‌ژێر ناوی دووباره بونیادنانه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه میللییه‌كان، ریچارد بایكر، كۆنگریسمانی كۆمارییه‌كان به‌ڕاشكاوی وتی: ئه‌وه گرفتی نیشته‌جێبوونی میللی له‌شاری نیو ئۆریلینز چاره‌سه‌ر بوو، ئه‌وه‌ی كه به ئێمه نه‌كرا، خودا ئه‌نجامیدا، كۆمپانیاكان هاتن ئه‌وه‌ی كه موڵكی گشتی بوو كرا به موڵكی تایبه‌ت. میلتۆن فریدمان كه خاوه‌نی بیرۆكه‌ی سه‌رمایه‌داری بێ‌سنور (بێ قه‌ید و مه‌رج)ه، ئه‌وكاته ته‌مه‌نی ٩٣ ساڵ بوو، زریانه‌كه‌ی وه‌ك ده‌رفه‌تێك سه‌یر كرد، له‌گۆڤاری وۆلستریت وتارێكی نووسی، ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو، قوتابخانه‌كانی شاری نیو ئۆریلینز هه‌موو وێرانبوون، خانووه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه، ئه‌مه كاره‌ساته، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا دهرفهتو چانسێكی زۆر باشه بۆ چاكسازی له پڕۆسه‌ی خوێندن‌و په‌روه‌رده)، سه‌رئه‌نجام له‌بری ئه‌وه‌ی حكومه‌ت بێت‌و قوتابخانه حكومییه‌كان نۆژه‌ن بكاته‌وه‌و بونیادی بنێته‌وه، هه‌مووی رووبه‌ڕووی كه‌رتی تایبه‌ت كران، جۆرج بوشی كوڕیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پشتیوانی دارایی‌و مه‌عنه‌ویی له‌كوڕانی شیكاگۆ كرد، پێش زریانی كاترینا 123 قوتابخانه‌ی حكومی له شاره‌كه‌دا هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مرۆ ته‌نها چوار قوتابخانه هه‌یه.
ئه‌و وێرانبوون‌و داشكانهی ئه‌مرۆ له‌كه‌رتی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بینرێت، دوور نییه ئامانجێكی هاوشێوه‌ی له‌پشته‌وه نه‌بێت. ئه‌ویش نابووتكردنی یه‌كجاری كه‌رتی گشتی‌و رێگاخۆشكردن بێت بۆ پڕۆسه‌ی به‌تایبه‌تیكردن، شكان‌و نابوتكردنی كه‌رتی گشتی‌و جێگرتنه‌وه‌ی به‌كه‌رتی تایبه‌ت له‌كه‌رته هه‌ستیاره‌كانی وه‌ك تهندروستیو په‌روه‌رده‌و خوێندن، گورزی كه‌مه‌رشكێن له به‌رژوه‌ندی هه‌ژارو كهمدهرامهتو ته‌نانه‌ت چینی ناوهندیو مووچه‌خۆری هه‌رێمی كوردستان ده‌دات، له‌هه‌مانكاتدا فرسه‌تێكی باش ده‌دات به بارۆنهكانی دزی بۆ قۆرخكردنو خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتر، سه‌رنج بده‌ن له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای كۆرۆنا، ئه‌وه‌ی زیانی به‌ركه‌تووه به زۆری خه‌ڵكی ساده‌و مووچه‌خۆر و كاسبكاری ئاساییه، له 2014وه قه‌یرانی ئابووری به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه، كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندی یه‌ك سه‌نتیش نرخی خۆیان دانه‌به‌زاندوه، كۆمپانیاكانی خانووبه‌ره یه‌ك دینار نرخی خزمه‌تگوزارییان دانه‌به‌زاندوه، كه له‌بنه‌ڕه‌تدا نه‌ده‌بوو شتیك هه‌بێت به‌ناوی پاره‌ی خزمه‌تگوزاری، به‌پێچه‌وانه‌وه، به‌رده‌وام مووچه بڕین‌و كه‌مكردنه‌وه هه‌بووه، به‌رده‌وام باج‌و خهراجو رسومات به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نادروست له‌سه‌ر هاووڵاتی زیادیكردوه، كه وابوو ئێستا تۆ بڕیار بده كێ سودمه‌ندو كێ زه‌ره‌رمه‌ندی قه‌یرانی ئابووری‌و (په‌تای كۆڤید ١٩) بووه ؟.
* دكتۆرا له ئابووری- ئه‌ندامی مونته‌دای ئابووریی كوردستان
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق