رەزوان یاڵانپێی
-
ڕای پزیشکان و عیلمی پزیشکی وایە، پاک و خاوێن بە، نظافەتی خۆت ڕابگرە، خود پارێز و خەڵک پارێزبە، دەرمانێکی باش و چارەسەرێکی گونجاوی نەخۆشی کۆرۆنایە، واتە پاک و خاوێنی دەتپارێزێت لەو جۆرە ڤایرۆسە، بەڵام کۆرۆنای سیاسی ئافەتێک و بەڵایەکی گەورە بەسەر خەڵکی بە گشتیدا دەهێنێت، بە هیچ جۆرە دەرمانێکی ڤاکسین چارەسەر نابێت.
کۆرۆنای سیاسی چیە:
سێ دەیەیە (۳۰) ساڵە کۆرۆنای سیاسی لە هەرێمی کوردستان نوساوە بە یەخەی هەر کەسێکمانەوە، قوڕگی گرتوین و خەریکە خەفاندنمانە، وەک تۆزێکی چڵکن و پیس بە سەر قژ و موی جەستەمانەوە نوساوە، هێندە چڵکنە بە هەزارەها پاکژکەرەوە و ئاوی ساز پاک نابێتەوە، سەراپای کات و ژین و ژیانی داگرتوین، کۆرۆنای سیاسی خەتەرناکترین جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنایە،
ببینن ئەم نەخۆشیە چ بەڵاو دەردێکی بەرهەم هێناوە:
یەکەم/ جەنگێکی درێژخایەنی نێوخۆیی، کە بە هەزارەها گەنجی بێ تاوان لە پێناو بەرژەوەندی ئاغایاندا سەریان نایەوە.
دوەم/ بێوەژن خستنی چەندین ئافرەتی کەم تەمەن و هەتیو خستنی منداڵانی بێ ناز و سوتانی جەرگی دایک وچەمانەوەی پشتی باوکان.
سێیەم/ بڵاوکردنەوەی بێکاری و بەتاڵ کردنی گیرفانی گەنجان.
چوارەم/ بونە هۆی کۆچپێکردن و ئاوارە کردنی هەزاران هەزار گەنج و لاو و دورخستنەوەیان لە نازی دایک و باوک و باوەشی نیشتیمان.
پێنجەم/ گەندەڵی و فەسادی ئەخلاقی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، گەندەڵیەکە بۆنی کردوە و گەنیوە.
شەشەم/ هەژاری و کەم دەرامەتی خەڵکی بەهۆی نادادی و ستەمی دەسەڵاتدارانەوە.
حەوتەم/ کاڵبونەوەی ئێنتیمای قەومی و زاڵبونی ئینتیمای حیزبی، کوردایەتی بۆتە درۆیەکی شاخدار.
هەشتەم/ شارچیەتی بە نێوی حزبایەتیەکی قێزەونەوە.
نۆیەم/ دەوڵەمەندبون و سکپڕبونی کۆمەڵێ سیاسی و دێوەزمە.
دەیەم/ دامەزراندنی کەسانی حزبی و ناشایستە و بێکارخستنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
یانزە/ پێشێڵ کردنی دەقەکانی یاسا و دەستور.
دوانزە/ کوێربونەوەی ڕێگاکانی هاتوچۆ.
سیانزە/ دزینی نەوت و سامانی گشتی.
چواردە/ تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنوسان.
پانزە/ نەدانی بودجە و موچە.
شانزە/ زیاد کردنی کۆیلە و بەردە و ماستاوچی لە پێناو پیرۆز کردنی حزب.
حەڤدە/ شکاندنی کەراماتی مامۆستا و کارمەندان.
هەژدە/ گرانی نەوت و بەنزین.
نۆزدە/ نەبونی بڕی کارەبای پێویست.
بیست/ داخستنی پەرلەمان.
بێ حورمەت کردنی دەزگایەکی گەورەی یاسادانان لە ژێر بیانوی جۆراوجۆر و ناوی نەخوازراوەوە، تەنها لەبەرئەوەی ئەو دەزگایە حزب و سیاسەتە بۆگەنیەکەی کوردستان ڕێگە نادات بە کاری سەرەکی خۆی هەڵسێت، هەر جارەو بە بیانویەک و هەر حزبێک بە ئارەزوی خۆی هەڵدەستێ دایدەخات، کەواتە ئەو بینا گەورەیە دەڕابەیەکی پێویستە بۆ داخستن و کردنەوەی وەک دەرگای ئەو مارکێتە گەورانە کە لە نێو شارەکاندا هەن.
دەزگایەک نەیتوانی بێت متمانە لە سەرۆک وەزیرانێک، وەزیر و گزیرێک، تەنانەت بەڕێوەبەرێکی گشتی بسەنێتەوە، دەزگایەک نەتوانی بەرگری و دیفاع لە هەیکەلی و باڵای خۆی بکات، دەزگایەک بوبێتە شوێنی حەوانەوەی حزب و حکومەت، یا خود ڕاستر بلێین دەزگایەک بارەگایەکی دیکەی ناوچە و لق و مەڵبەندەکان بێت، بۆ ڕوخاندن و داخستنی یەکجارەکی باشە و یاخود بدرێتە کرێ با کەسانی دیکە سودی لێ وەربگرن.
ئەم نوسینە لە پەراوێزی داخستنی پەرلەماندا نوسراوە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق