سەرۆکی ئەمریکا پرۆژەیاسایەکی واژۆکرد و تێیدا، سزا بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنێت کە لە دەستگیرکردن و راوەدونانی مسوڵمانەکانی ئیغۆری هەرێمی شینیانگی چین دەستیان هەیە.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر پرۆژە یاسایەک بەناوی "رێکاری مافەکانی مرۆڤی ئیغۆر" کردووە و تێیدا، "ئەو بەرپرسانەی هەرێمی شینیانگی چین سزادەدرێن کە دەستیان هەبووە لە چەوساندنەوەی مسوڵمانەکانی ئیغۆر."
باس لەوەشکراوە، سزاکان بریتی دەبێت لە بلۆککردنی دارایی و پێنەدانی ڤیزای ئەمریکا بە بەرپرسانی هەرێمەکە.
لەبارەی هۆکاری سزاکەشەوە، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، "سزاکە لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، روخاندنی شوێنی نیشتەجێبوون و دروستکردنی کەمپی زۆرەملێیە بۆ مسوڵمانانی ئیغۆر."
لەلایەکی دیکەوە، لە یەکەم کاردانەوەدا، بەرپرسانی چین رایانگەیاند، "ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک مافی سزا و پاداشتی لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا نییە و بۆی نییە دەست لە کاروباریان وەربدات."
بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان، نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە مسوڵمانانی ئیغۆر لە هەرێمی شینیانگی چین لە کەمپی زۆرەملێدا نیشتەجێکراون و مافەکانیان پێشێلدەکرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق