شەممەی داهاتوو دەنگ بە تەواوکردنی کابینەکەی کازمی دەدرێت

ليست هناك تعليقات



رۆژی شەممە 6-6-2020 پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە تەواوکردنی کابینەکەی کازمی کۆدەبیتەوە، لەنێو ئەو وەزارەتانە دووانی بۆ کوردە کە وەزارەتەکانی داد و دەرەوەن. هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ جێگری دەبێت و یەکێک لەو جێگرانە بۆ کورد دەبێت.

موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "بڕیارە رۆژی شەممە 6-6-2020 کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بکرێت بۆ تەواوکردنی کارەکانی پەرلەمان و تەواوکردنی ئەو حەوت وەزارەتەی کابینەکەی کازمی کە تاوەکو ئێستا وەزیریان نییە. لەم خولەی پەرلەمانیش کۆبوونەوەکان لەدوای کاژێر 1:00ی دوای نیوەڕۆوە بەڕێوەدەچن."

لەبارەی بەربژێرەکانیشەوە موسەننا ئەمین گوتی: "پارتی بۆ وەزیری دەرەوە د. فوئاد حوسێن و یەکێتیش بۆ وەزیری داد حاکم سالار عەبدولستاری بەربژێرکردووە. فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ناوی بەربژێرەکان هەیە".

سەبارەت بە بەربژێری وەزارەتەکانی دیکە، موسەننا ئەمین گوتی: "بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئیڤان فائیق بەربژێرکراوە، بۆ وەزارەتی بازرگانی عەلا ئەحمەد حەسەن، بۆ وەزارەتی نەوت ئیحسان عەبدولجەبار، بۆ وەزارەتی رۆشنبیری حەسەن نازم و بۆ پۆستی وەزارەتی کشتوکاڵ محەممەد کەریم جاسم ساڵح بەربژێرن. روونیش نییە تاوەکو کۆتایی ئەم ناوانە دەمێننەوە یان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت".

هاوکات محەممەد شاکر، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە رووداوی راگەیاند: "مستەفا کازمی نووسراوی بۆ پەرلەمان کردووە و بە فەرمی رایگەیاندووە، سەرۆکوەزیران لەم کابینەیە سێ جێگری دەبێت کە ئەگەر دەنگیان هێنا بەمشێوەیە دەبێت، دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان، خالید بەتال، وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئاوارەکان و خزمەتگوزاری، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری و وزە". 

بەگوتەی محەممەد شاکر، رێککەوتنێکی سەرەتایی کراوە بۆ دەنگهێنانی فوئاد حوسێن وەک وەزیری دەرەوەی عێراق.

هاوکات د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ رووداو پشتڕاستیکردەوە کە "شەممە پەرلەمان کۆدەبێتەوە، دەنگ لەسەر بەربژێرەکان دەدرێت. گفتوگۆش لەگەڵ لایەنەکان کراوە بۆ پەسندکردنیان و بۆ ئەو مەبەستە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ لایەنەکان".

لە کۆبوونەوەی 4-5-2020ی پەرلەماندا بۆ متمانەدان بە کابینەکەی مستەفا کازمی، دەنگ لەسەر 15 وەزارەت درا و پێنج وەزارەت (بازرگانی، داد، رۆشنبیری، کشتوکاڵ و کۆچ و کۆچبەران) بەربژێرەکانیان رەتکرانەوە، دەنگدانیش لەسەر پۆستی وەزارەتەکانی نەوت و دەرەوە دواخرا. 

هەروەها لە کابینەکەی مستەفا کازمی سێ وەزارەت بەر کورد کەوتوون، کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون (نازەنین محەممەد وسو ) یەکلایی بووەتەوە و دەنگدانیش لەسەر وەزارەتی داد و دەرەوە ماوە کە رۆژی شەممە دەکرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif