سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/٦/٧ لەکۆشکی (بەغداد) بەجیا پێشوازیکرد لە ھەردوو باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا مارتن ھۆت و باڵیۆزی کەنەدا ئۆلریک شانون لەعێراق و سەبارەت بە دوا گۆرانکارییە سیاسییەکان و دەوری کاریگەری عێراق لەھێنانە کایەی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە و جیھان گفتوگۆی لەبارەوەکرا.
لە میانی دیدارەکاندا باس لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانەی و گرنگی فراوانکردنی ھاریکاری ھاوبەش لەنێوان عێراق و یەکێتی ئەوروپا و کەنەدا کرا، لەگشت بوارەکاندا، ھەروەھا بەگرنگییەوە باس لە پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرا لە پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری عێراق.
لە دیدارەکاندا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەپێویستی دورکەوتنەوە لەسیاسەتی جەمسەرگیری و ململانێ، ھاوکات بە پێویستی زانی کە دیاڵۆگ و لێکگەشتن بکرێتە پێشینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە جۆرێک ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە فەراھەم بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم جەختیکردەوە لەپێویستی ھەمەھانگی و کاری ھاوبەش، بۆ رووبەڕووبوونەوە و رێگری لەبڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا، ھاوکات باسی لەوەشکرد کە پێویستە ھەوڵەکان چر بکرێتەوە لە نێوان وڵاتان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری و زیانەکانی پەتاکە لەسەر تەندروستی گشتی و ئابووری، ھەموو گەلانی ناوچەکە و جیھان.
لەلای خۆیانەوە ھەردوو باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا و کەنەدا لەعێراق، پشتیوانی ھەوڵەکانی عێراقیان لە پارستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری عێراق کردەوە، ھەروەھا دووپاتیان لەھاریکاری و کاری ھاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کردەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق