محمد نوری
١
لەدوای راپەڕینەوە مانگاش دەفڕێت
تۆما ئەكوینی كە یەكێك بوو لە فەیلەسوفەگەورەكانی سەدەی ناوەڕاست ،روداوێكی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە ،ئەو دەنوسێت :رۆژێكیان چەند قەشەیەك بانگیان كردم راكە تۆما خێرا وەرە ببنە چەند مانگایەك بە ئاسمانەوەیە دەفڕێت ،تۆما دەڵێت رامكردە لای پەنجەرەكەوە سەیری ئاسمانم كرد ،هاوڕییەكانم دایانە قاقای پێكەنین وتیان : هەی گەمژە مانگا كەی دەفڕێت؟ تۆماش دەڵێت :من دەمزانی مانگا نافڕێت، بەڵام باوەڕم نەدەكرد كە ئێوە درۆ بكەن.
ئێوەش كە دوای راپەڕین هاتن ئێمە دەمانزانی ئێوە ئەهلی بەدیهێنەری خەوننین بەڵام باوەڕمانپێكردن و وتمان رەنگە تامی تاڵی شۆڕش بە هەنگوینی خۆشگوزەرانی كۆتایی بێت . كەوتینە ناو خەیاڵاتی وڵاتێك كە ئێوەی شاخنشین دەتوانن شار بكەنە مەملەكەتی خەون و شار ئاوەدانتر بكەن و ماندبوونی شاختان بكەنە باشكردنی شارمان .نەماندەزانی كە جەردە ئاسا هەموو شتێك دەبەن و بە ئێمەش بڵێن سەیری ئاسمان بكەن ها مانگاكان دەفڕن ،ئێمە دەمانزانی مانگا نافڕێت بەڵام نەشمدەزانی بەوشێوەیە ئێوە درۆی گەورەمان لەگەڵ دەكەن.
ئەوەی ئێستاش روودەدا ئەوە دەرئەنجامی ئەمڕۆ نییە ئەوە دەرئەنجامی راستەوخۆی دوای راپەڕینە كە مانایەكتان بۆ راستی وپاكی ومتمانە نەهێشتوە ،ئێوەی ئەهلی شۆڕش وهاتوو لەشاخ واتانكرد بە هیچ بەڵا وڤایرۆس وتاعونێك بڕوانەكەین ،متمانە بە هیچ رستەیەك نەكەین.ئێوەی هاتوو لەشاخەوە بۆ شارەكان یەكەم داری بێ متمانەیی وگەندەڵی وناراستی وپارەبردن و شكاندنی كەرامەتی هاوڵاتیانتان شكاند ،ئەوەی روودەدا ئێستا ساتی لەدایكبوونی بۆ هاتنەناوەوەی
ئێوە دەگڕێتەوە .بۆیە باشترین پێناسە بۆ شكستی شۆڕش: راپەڕینی جەماوەری گەلی كوردە.
٢-نەمامی دڕكاویی گەندەڵی
گەورە كۆمەڵناسیی عێراقی عەلی وەردی چیرۆكی پیاوێك دەگێڕیتەوە كەناوی حەسەن كبریت بوە . حەسەن كبریت یەكێك بووە لە شەقاوەكانی بەغدا، ئەم پیاوە سەدان كەسی كوشتبوو ،سەدان دزیشی كردبوو ،بەڵام دەیوت خوا هەر لێمخۆشدەبێت، بۆیە واشی دەوت ،دەیگێڕایەوە كە جارێك دەچنە دزی وروتكردنەوەی خەڵك بەڵام گوێ لەدەنگێك دەبێت ،كەبەرەوە دەنگەكە دەچێت سەیردەكات پیاوێك دەیەوێت دەستدرێژیی بكاتە سەركچێك ،هەرلەوێدا حەسەن كبریت پیاوەكە دەكوژێت وكچەكە دەباتەوە بۆماڵی باوكی .بۆیە كبریت لای وابوو چەند پیاوبكوژێت وچەند دزیش بكات خوا هەر لێی خۆشدەبێت لەسەر ئەو كارەی كە كردوێتی .
ئێمە خاوەنی كۆمەڵی روخساری گەورەی گەندەڵی بوین ،لەدوای راپەڕینەوە سەدان كەس بەهۆی مەفهومی شۆڕشگێڕیی یان مەحسوبەیت بوونە خاوەن دەسەڵات وپێگە ،ببڕە و بیخۆ وبدزە ،گیرفانی ئاژداد وئەولاد و ئەقرابایان پڕكرد ،كەچی ئێستا دێن وباسی گەندەڵی دەكەن و تانەی گەورە دەدەن لە نەبوونی ژیانی شایستەی خەڵك ،یان هەندێكیان وەك موعارەزە لە گردێكەوە یان لە ڤێلایەكەوە خۆی مەڵاسداوە وەعزمان دادەدا وداوادەكات گەندەڵی نەمێنیت .وەك ئەوەی بیرمانچوبیتەوە كە تەنها دوورۆژنییە گەندەڵی هەیە،بەڵكو یەكەم نەمامی گەندەڵی لە دوای راپەرین بەدەستوپلی شوڕشگێڕە چاورەشەكانی شاخ نێژرا ، ئەو زەوییەی نەمامەكەشیان تیاناشت فرۆشرا بە پرۆژەی بازرگانی بە ئەحبابەكانی خۆیان. .
كەواتە مانای ئەوەنییە ئێستا لەناو دەسەڵاتدانیت ئیترلات وابێت خەڵك بە نمونەی پیاوی پاك وباش وەسفت دەكەن ،سەیری سامان وداهات وگیرفان وخانو وژیانت بكە بزانە چۆنە ؟ئەوكاتە زمانی رەخنەت لە گەندەڵی با تیژبێت .
٣-ماڵتان ئاوا نەبێت ،واتێكتان نەدا ئاسان چاكبكرێت
هێگڵ شكست وگۆڕانیی شۆڕشی فەرەنسی بۆتیرۆر وتۆقاندن بۆ ئەوەدەگەڕێنێتەوە كە ئەم شۆڕشە كۆمەڵێ دروشمی ئەخلاقی جوان وگەورەی وەكو برایەتی و ئازادی ویەكسانی بەرزكردەوە ،بەڵام ئەم دروشمانە هەر بەدروشم مانەوە ونەبوونە یاسا تا پراكتیزە بكرێن .(راپەرینی كورد هەر بەدروشمی مرد).
راپەرین پرۆسەی شۆڕش وگۆڕانكاریی نەبوو ،بەڵكو رێكەوتێك بوو خولقا ،هیچ بەرنامەیەكی نەبوو بۆ باشكردنی ژیانی هاوڵاتی بەڵكو ئەوانەی دەمێك بوو لە شاخبوون گەڕانەوە بۆ شارەكان وكەوتنە خۆدەوڵەمەندكردن.بۆیە هەموو شتێك هەر بە دروشم مایەوە.خەون بوو بەكابوس ،برایەتی بوو بە تۆخكردنەوەی ناوچەچێتی،ئازادی بوو وشەیەك بەكەییفی كەتافەلەبەرەكان پێناسە دەكرا ،عەدالەت هەر بێ سەروشوێن بوو، خۆشگوزەرانییش بۆ ژیانی بەرپرسەكان بونیادنرا.
ئێستا قسەی گەورە مەكەن ،ئەوەی روودەدا بەرهەمی ئەم چەند ساڵە كورتە نییە ،بەرهەمی ئەودارە بەهێزەی گەندەڵییە كە لەدوای راپەڕینەوە بەدەستی هاتووەكانی شاخ نیژرا،ئێستاش هەموان باجی دەدەین و ئەوانیش لە دورەوە دەڵێن چاكی بكەن،وا تێكنەدرا تا بەئاسانی چاكبكرێت (ماڵتان ئاوانەبێت )
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق