با گۆزەكە نەشكێ

ليست هناك تعليقات

چاوتان داخەن دڵتان بکەونەوە، دڵ دەبێ پڕ بێ لە ئاوازی ڕەنگاو ڕەنگ ، لە هەناسەی ڕەنگین، لە مەستبوونی قوڵ، تۆ ئەگەر هێشتا مەستی عەشق نەبووی شتێک لە ژیان نەگەشتووی.

عەشق یانی ئەوەی هەست بکەی جیهان لە ناختدایە ، 

پڕ وزەو پڕ ئامانج، بیر بکەرەوەو وشەکانت نەرم نەرم بخرمێنە ، دەنگە دەنگ هەم ماندووت دەکا و هەم ژینگە پیس دەکا ، گوڵەکان بە باران ئەگەشێنەوە نەک بە هەورەگرمە.

عەشق پێکەنینێکی هەمیشەیە، زەردەخەنەیەکی شیرینە بە ڕووی ژیانا ، بەڕووی سەختیەکانا ، عیشق کڵاوڕۆژنەیەکە بۆ ناو قوڵایەکانی ژیان، تۆ تا مشتێک لە عەشق نەنۆشیتەوە ، لە کوچەو کۆلانەکانی هەنارستانی ژیان ناگەی، ئەمەی ئێستا خەریکین ، ئەمەی ئێستا شەو ڕۆژ بۆی دەگوزەرێنین ، ئەمەی شەڕی بۆ ئەکەین و تەماحی تیا سەوز ئەکەین ڕواڵەتێکە، نەک خودی ژیان . 

ڕێگای عاشقان دڕکی تیایە ، بەڵام ئەوە تۆی دەیکەیتە گوڵستان ، لەقوڵایەکانی مانایا بۆ عەشق بگەڕێن، لەناخی دڕک و ناخی تەنافەکانی مەرگ و لە ناخی تیغەکانی مەراقا ورد ببنەوە، لەو دیوی ڕواڵەتەوە عەشقی باخەوانێک و عەشقی مەئمورێکی ناچارکراو ی چاو پڕ فرمێسکی سێدارە و جەلادێکی ڕەشی ورگنی دڵ سپی دەدۆزیتەوە ، کە ناچارییەک وایان لێدەکا قەرزێکی ژیانیان بە مەرگی ئەوانی تر بدەنەوە. 

دڵ بە هەناسەدانەوە دڵ نیە بە عەشقەوە دڵە، چی لە دڵێک ئەکەی کە لێدانەکانی فیتە ، بەڵام لە عەشقا کڵۆڵە، دڵتان بکەنەوە، سەراسیمە خەریکی ڕازاندنەوەی بوک و زاواکانی نێو ناختان بن، هەوری لە مل، چەتفە لە کۆڵ، چۆخەرانکێکی خورمایی بۆ ئەم ژیانە ڕەنگینە هەمیشە بەهارتان بڕێسن . 

گەڕان بەدوای عەشقی نێو قوڵاییەکان ڕێگات بۆ ڕەنگڕێژتر ئەکات ، ڕق لە دڵتان وشک و نەفرەت لە مێشکتان بنەبڕ و تەماح لە گیانتانا بێ گیان و حەدسادەت لە ڕۆحتا لە ڕەگەوە دەردەهێنێ . 

ئەگەر هێشتا هەستدەکەی ڕقت لە کەسێکە ، نەفرەت دێ بە زمانتا ، ئەگەر هێشتا پێت وایە زۆرن ئەوانەی شیاوی مامەڵەیەکی باش و قسەیەکی باش نین ، بگەڕێرەوە، هەزاران ڕێگا هەیە بتگەیەننەوە ماڵی ناخت ، بگەڕێرەوە نێو ناخی خۆت و لە زەڵمەکەی ناختدا مشتێ ئاوی سارد بنۆشە و لە فێڵاوی ویژدانتا غوسلێ بگرە و لە سەرچناری ڕۆحتا مەستیەک بە ئێستات بسپێرە . 

بەدوای ئازادیدا بگەڕێ ،گەورەترین ئازادی ئەوەیە لەم ژیانەدا ڕقت لە کەس نەبێ ، تۆ بۆ چی خۆت یەخسیر کردوە ، بۆ چی زیندانت هەڵبژاردوە ،بۆچی خۆت کۆت و بەند کردوە ، 

سەیر ئەها دەروازەکە زۆر ئاسانە بۆ ئازادی ، ئازادی هەڵبژێرە و عەشق هەڵبژێرەو ژیان هەڵبژێرە ! 
مەولانا دەڵێت: تۆ دڵۆپێ نیت لە ئۆقیانوسێک، تۆ هەموو ئۆقیانوسەکەی لە دڵۆپێکدا!



کتێبی (با گۆزەکە نەشکێ!)
موئمین زەڵمی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif