خەمی دنیا ســەری لێـــم داوە ئەمشەو
تەشیی عومرم مەراق بـایداوە ئەمشەو
گـەزۆی شــادیی بـەسـەر عـالـەم ببـارێ
لە من مەحرووم، بەشم زووخاوە ئەمشەو
چـلـۆن زاری ئـومـێد هــەڵـدەم لـە کـاتێ
دەری شەشـخانـەکـەم گـیـراوە ئەمشەو
کە خەرمانی خەمم هەرگیز نەبێ سوور
لە سروەی بای شەماڵ چیم داوە ئەمشەو
لـە مــەرکــانـەی ژیـانـا قــەتــرە ئــاوێ
بەشی شادیی بە من نەدراوە ئەمشەو
کـە سەییادی ئـەجـەل زانیی بە حاڵی ..
کـەوی عومرم، خەریکی ڕاوە ئەمشەو
لـەسـەر کـوانووی حەیاتی پڕ لە میحنەت
کــەبــابــی دڵ تــەواو بــرژاوە ئەمشەو
کـەمـانـی زەوق چ بێدەنگ و خەمۆشە
لە بـەختی مـن تـەلی پچڕاوە ئەمشەو
وەرن یـــاران بـکەن ســەیـری دڵـی من
بە تان و پۆی خەفەت چنراوە ئەمشەو
دەبـێ ســاقیی لـە مـەیـخـانە بـکا شین
کە (پێنجوێنیی) بەبێ جێ ماوە ئەمشەو
ـــــــــــــــــــــ
پێنجوێنیی
۲٨ـ٦ـ۲۰۱۷
قاڵب : غەزەل
بەحر : هەزەجی شەشی مەحزوف
کێش : مفاعیلن مفاعیلن فعولن
هێما : ∪–––/∪–––/∪–––/∪––
خەمی دنیا= مفاعیلن: ∪–––
سەری لێم دا = مفاعیلن: ∪–––
وە ئەمشەو = فعولن: ∪–––
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق