شیعەكانی عێراق، ڕوو لە واشنتن و پشت لە تاران دەكەن

ليست هناك تعليقات

ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا بەدیدەكرێت، بەتایبەت لە ناوخۆی ماڵی شیعە و بە دیاریكراوتریش لەنێو ئەو گروپە شیعییانەی كە رۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوەیان هەبوو لە گۆڕەپانەكەدا بۆ ئێران مایەی دڵخۆشی نین، چونكە بە ئاشكرا بەدیدەكرێت كە بەشێكی زۆر لە گروپە شیعییەكانی بەغداد پشتیان كردووەتە تاران و زیاتر روویان لە واشنتۆنە.

رۆژنامەی ئیندیپێندتنی لەندەنی، راپۆرتێكی لەبارەی گروپە شیعەكانی عێراق لە بازنەی رووداوەكانی ئێستادا بڵاوكردووەتەوە و وەك لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی پێدراوە بەشی زۆری سەركردە دیارەكانی رەوتی شیعی لە عێراق لە تاران دووركەوتوونەتەوە و خواستی نزیكبوونەوەیان هەیە لە ئەمریكا، ئەوەش نەك پێچەوانە بەڵكو هەر زۆر دوورە لەو ستراتیژەی ساڵانێكە ئێران لە عێراق كاری لەسەردەكات.

رەنگە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی نوێی فەیلەقی قودس هیچكات پێشبینی نەكردبێت ئەو هێڵە ستراتیژییەی ئێران لە عێراق بكەوێتە مەترسییەوە و بەشێك لەو سەركردانەی كە ئێران رۆڵی هەبوو لە بەهێزكردنیاندا ئێستا پشتی تێبكەن، بە بڕوای شارازەیانی سیاسەتی ئێرانی كوژرانی قاسم سلەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەغداد رۆڵی سەرەكی هەبوو لە ترازاندن و تا رادەیەك لێك دوورخستنەوەی سەركردە و بڕیاربەدەستەكانی ناو ماڵی شیعە، تەنانەت ئەو رووداوە رۆڵی هەبوو لەسەر ئەدای ئەو حیزبە سیاسییانەی كە لەسەر بەرەی ئێران حسابن، ئەوە جگە لە نائومێدی قائانی دوای یەكەم دیداری سەركردە شیعیەكان كە بە قسە و هەڵسوكەوتیانەوە رەنگدانەوەی كوشتنی سلێمانی و دەستپێكی قۆناغێكی نوێ‌ دیاربووە.

بەپێی راپۆرتەكەی ئیندیپێندێنت، بەشێك لە سەركردە شیعەكان كە لەگەڵ قائانی كۆبوونەتەوە، بوونەتە مایەی نائومێدی تاران، چونكە داواكارییەكانیان هەمووی لە بەرژەوەندی خۆیان بووە نەك لە بەرژەوەندی ئێران، بۆ نمونە هەندێك لە سەركردەكان داوای گرەنتی پاراستنی ژیان و بەرژەوەندییەكانی خۆیانیان لە قائانی كردووە و هەندێكیشیان هەوڵیانداوە وا نیشان بدەن كە دەتوانن ببنە بەدیلی عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و داوای پشتیوانییان لە ئێران كردووە، هەربۆیە ئێران بە روونی هەستی بەو بۆشاییە كردووە كە لەدوای قاسم سلەیمانی لە عێراق دروستبووە و بە نیگەرانییەوە تا ئێستا چاودێری دەكات و بۆشاییەكەش تادێت زیاتر دەبێت، هەر ئەم پێشهاتانەش وایان لە ئێران كرد كە رێگەبدات كازمی بگات بە پۆستی سەرۆك وەزیران و ناچاركردنی ئەم گروپە شیعییانە بۆ پابەندبوون بە كازمییەوە كە بەبڕوای هەندێك ئەوە گەڕانەوەی هەنگاوێكە بۆ دواوە لەلایەن ئێرانەوە بەڵام بەشێوەیەكی تاكتیكی، تا دەرفەتی هەبێت جارێكی دیكە كارتەكانی دەستی لە عێراق رێكبخاتەوە بەجۆرێك لەگەڵ بارودۆخی ئێستای عێراقدا بگونجێت و سەرەتایەكی نوێ‌ دەستپێبكات لەدوای ئەو رووداوەی بەسەر قاسم سلەیمانی هێنرا.

ئێستا غیابی قاسم سلەیمانی لە شانۆی هەرێمی و بەتایبەت لە عێراقدا بە روونی بەدیدەكرێت، بە ئاشكراش هەست بە نەمانی ئەو توانایەی سلەیمانی دەكرێت كە لە كپكردنەوەی كێشەكان و چارەسەردا لە بەرژەوەندی تاران بەكاری دەهێنا بەتایبەت لەناو ریزەكانی شیعەدا كە پەیوەندییەكی دێرینی لەگەڵ زۆرینەی سەركردەكاندا هەبوو و بەشێكیشیانی بە بەرژەوەندی و دەسەڵات رازی كردبوو، بەڵام دوای بێدەنگبوونی ئێران و رێگەدان بە گەیشتنی مستەفا كازمی بۆ سەر كورسی سەرۆك وەزیران، بە ئاشكرا هەست بە لاوازی پێگەی تاران دەكرێت، ئەم لاوازییەش نیشانەیەكی زەقە بۆ كاریگەری فشارەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران، هەربۆیە دوورنییە لە داهاتوودا ئێران هەوڵی دۆزینەوەی ئەو رێگایانە بدات كە نزیكی دەكاتەوە لە ئەمریكا و ئەو وڵاتانەی دیكە كە هەیمەنەیان بەسەر عێراقدا هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی كە ئەمریكا كارتێكی سووری بۆ ئێران بەرزكردەوە و ئێستا بەتەواوی كۆنترۆڵی هێزی بەسەر عێراقدا لە چنگدایە.

ئێستا بە بۆچوونی تاران، زۆرینەی ئەو سەركردانەی وایان نیشاندەدا كە لەبەرەی ئێرانن وا دەرنەچوون، لە داهاتووشدا بەشێكی زۆری ئەو سەركردە شیعییانە ئێستا لە دەسەڵاتدان هەوڵی نزیكبوونەوەی زیاتر لە ئەمریكا دەدەن، هەربۆیە چاوەڕوان ناكرێت ئێران ئەو گوڕ و تینەی پێشتری بمێنێت بۆ پشتیوانیكردنیان و رەنگە لە داهاتوودا ئێران ستراتیژی خۆی لە عێراق بگۆڕێت و یاریزانی نوێ‌ بێنێتە ناو یارییەكەوە و پشتیوانی ئەو گروپانە بكات كە ئێستا بچوكن و لە دەسەڵاتدا نین بەڵام راستەوخۆ سەر بە تارانن.

ئێستا جیاواز لە هەموو سەركردە شیعییەكان، ئەوەی زۆر ئێرانی نیگەران كردووە و تا رادەیەكیش تووشی شۆكی كردووە سەرۆكی رێكخراوی بەدر و هاوپەیمانی فەتحە كە هادی عامرییە، كە بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێت لە خولگەی ئێرانی دەرچووە بەتایبەت كە پێیوایە سەپاندنی كازمی بەسەر دەسەڵاتدا لەسەر حسابی ئەو بووە، هاوكات رێگریكردن لەوەی جێگاكەی ئەبومەهدی موهەندیش پڕبكاتەوە و ئەركەكە بە فالح فەیاز سپێردرا لەكاردانەوەی هەموو ئەمانەشدا عامری چەند دیدارێكی لەگەڵ باڵیۆزانی ئەمریكا و بەریتانیادا هەبووە كە بەلای ئێرانەوە هەم جێگەی گومان و هەمیش جێگەی نیگەرانی و مەترسییە.

هەرچۆنێك بێت ئێستا رەنگە عامی بەبێ‌ پشتیوانی ئێران توشی گرفت بوبێت تەنانەت لەناو رێكخراوەكەی خۆشیدا، هەروەك هەست بە پەشیمانی دەكات كە خۆی پشتیوانی بەشێك لە ئەندامانی خوارەوەی رێكخراوەكەی خۆی كردووە و ئێستا پۆستی هەستیار و وەزارەتی گرنگیان بەدەستەوە بووە و دواتر ركابەرییان كردووە و رێگەیان نەداوە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، هەندێك لەوانە كێبەركێكەیان لەگەڵ عامری تەنها لەسەر ئاستی پۆستی سەرۆك وەزیران رانەگرتووە، بەڵكو كەوتوونەتە ركابەری بۆ لاوازكردن و كەمكردنەوەی پێگە و دەسەڵاتی تەنانەت بەسەر رێكخراوی بەدریشدا، هەربۆیە ئێستا عامری تەنها پشتیوانی ئێرانی لەدەستنەداوە، بەڵكو مەترسی هەیە رێكخراوی بەدریش لەدەستبدات، هەربۆیە قۆناغی داهاتوو بۆ هادی عامری قۆناغێكی ئاسان نابێت و چارەنوسسازە، 
وەرگیراوە لە پەیسەرپرێسەوە


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif