موئمین زەڵمی
شەش دانە ساڵی ڕەبەقە ئەم وڵاتە و حوکمڕانییەکەی و حکومەتدارییەکەی تەنها بە یەک خۆدزینەوەی یاسایی نیشانەی پرسیاری گەورەیان لەسەر خۆیان داناو، بەڵام هەمووان لە پێناو پارچەکێکەدا بێدەنگییان لێ کردووە و جار جارێک ورتەیەکی لەسەر دەکەن.
شەش ساڵی ڕەبەقە پڕۆژەی بودجە نەچووەتە پەرلەمانی کوردستان، دەسەڵات بە عەلەنی نەیانهێشتووە بڕواتە پەرلەمان بەڵام ئەو هیزانەی شەریکن یان ئۆپۆزسیۆنن ئەسڵەن هەر بیریشیان نەماوە شتێکی وا هەیە، خۆی لە راستیدا ئەمە قوتبی کێشەکان و سەرەتای کەڵەکەبوونی ئەم هەموو قەیرانە داراییەیە کە رووبەڕووی هەرێم بوونەتەوە.
هیوادارم کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم خۆی پڕۆژەی بودجە بنێرێتە پەرلەمان، ئەم خولەی پەرلەمانیش بەئەرکی خۆی هەڵسێت، هیچ نا بۆ ئەوەی موزایەدەکان نەمێنن و هەڵوێستی هەموولایەک روون بێتەوە، بۆ ئەوەی کاتێک دەوترێت هەرێمی کوردستان قەرزارە، کاتێ دەوترێ قەیرانی دارایی هەیە، کاتێ حکومەت بڕیاری کەمکردنەوەی موچە دەدات، ئەم هەمووقوڕمساغی و تەپەگوڵمەزییانە نەبینین.
لە ڕابردوودا، هێزە سیاسییەکان نەیاهێشت چاکسازی بکرێت، بەڵێ بەڵگەی روون و ڕەوان هەیە، ئۆپۆزسیۆنی پێشوو لە 2011ەوە دەرفەتی گەورەمان لەبەردەستا بوو بەڵام نەمانکرد، هۆکارەکانیش ئەگەرچی دەکرێ بەشێکیان چاوەڕوانیی وەهمی بووبن، بەڵام بەشێکی زۆریان پەیوەندی بە دانونەکوڵان و بێمتمانەیی بوو لە نێوان هێزەکاندا.
دەسەڵات لە میللەت باشتر ئەم هێزە سیاسیانە دەناسێت، باشیش دەزانێت کۆبوونەوەی ژێر بە ژێر و داخوازی شەخسی زۆرێک لە بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن زۆر زۆر زیاتر بووە لە پاکێجی چاکسازی و خەمی گشتی.
چاکسازی پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێزە کە هەموو لاسەنگییەکان توندوتۆڵ و هاوسەنگ بکاتەوە، ئەمەش تاکە هیوای هەمووانە!
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق